گۆشەگیرکردنی ئۆجالان لە ڕوسیا شەرمەزارکرا

ژنانی کوردی دانیشتووی شاری کراسنۆداری ڕوسیا لە دژی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە گردبوونەوە.


ئەمڕۆ ژنانی کورد لە شاری کراسنۆداری ڕوسیا بە ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی گۆشەگیرکردنی ئۆجالانیان شەرمەزارکرد و بۆ لابردنی ئەو گۆشەگیرییە بانگەوازیی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەییان کرد.

گردبوونەوەکە لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی کوردی کراسنۆدارەوە بەڕێوەچوو و لە چوارچێوەیدا ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

دیلبەر وەکیل، ئەنامی ئەنجومەنی ژنانی کراسنۆدار لەسەر ناوی ئەنجومەنەکە ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە، کە بە شەرمەزارکردنی گۆشەگیرکردنی ئۆجالان دەستیپێکردبوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە درا: پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دژی ئەو پێشێلکارییەی دەرهەق بە ئۆجالاندا بەڕێوەدەچێت بوەستنەوە، گەلی کورد دەیەوێت بزانێت تەندروستی و ئاسایشی ئۆجالان لە چ دۆخێکدایە، گەلی کورد دەبێت بۆ ئازادیی ئۆجالان یەک بگرن و یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن.

جێگای ئاماژەیە، کە دەوڵەتی تورک لە تەموزی ٢٠١١ وە تا ئێستا ڕێگای نەداوە بە پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی ئیمرالی بکەن، هەروەها خانەوادەی ئۆجالانیش نزیک بە دوو ساڵە ڕێگایان پێنەدراوە چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.

هەر ئەوانەش گەلی کوردیان سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و ئاسایشی ئۆجالان نیگەران کردووە، بۆیە کۆما جڤاکێن کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە ڕۆژی ٥ی ئابدا بانگەوازیی گەلی کورد، هێزە دیموکراسیخوازەکان، شۆڕشگێڕەکان و سۆسیالیستەکانی تورکیا، کوردستان و ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای کرد، بە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجالان، لە دژی فاشیزم تێبکۆشن.

هەر لەسەر ئەو بانگەوازییە، ٨ی ئاب کەجەدەکەی ئەوروپا بەرنامەی خۆپیشاندانەکانی بۆ پشتگیرریکردنی ئۆجالان لە سەرتاسەری شارەکانی ئەوروپا بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی ئەوروپا کرد، کە بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانانەدا وەک ئەرکێکی مرۆیی سەیربکەن.

ک.ک