گۆڕان و پارتی و تەڤگەری ئازادیی پشتیوانیی دەستپێشخەرییەکەی یەکێتی دەکەن

هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پشتیوانیی لە دەستپێشخەرییەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی دەکەن، کە بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەپێناو و یەکریزی و یەکخستنی هەڵوێستەکان خستوویەتییەڕوو.


شەوی ڕابردوو کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا دەستپێشخەریی کۆبونەوەو ميوانداریيكردنی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی خستەڕوو، "بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسییەکان و یەکڕیزیی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاری بۆ رووبەروبونەوەی مەترسیەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان".

لەوبارەیەوە هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، پشتیوانیی بزووتنەوەکەیانی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە دەربڕی و وتی: بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەر هەنگاوێکدایە کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات، بۆیەش بەبێ دوودڵیی ئێمە بەشداریی لە وەها کۆبوونەوەیەکدا دەکەین، هەر لایەنێکیش کە خۆی بە خزمەتکاری کورد بزانێت، دەبێت بەشداریی لە بانگەوازییەکی لەمشێوەیەدا.

هەر لەو بارەیەوە، عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقیش پشتیوانیی بۆ دەستپێشخەرییەکە دەربڕی و وتی: پرسی باڵای نەتەوەکەمان لە هەموومان دەخوازێت کە هەڵوێستەکانمان یەکبخەین، لاریشمان لە هیچ کۆبوونەوەیەک نییە بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد.

لای خۆشییەوە، تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە هەمووکاتێک یەکێتیی کورد بەشێک بووە لە پرەنسیپەکانی ئەوان و وتیشی: هەر لایەنێکیش ئەم دەستپێشخەرییە بکات بەدڵنییاییەوە ئێمە لەگەڵیداین و دەستخۆشیی و پشتگیرییش دەکەین لە هەوڵەکانی، داواش دەکەین تەواوی لایەنە سیاسیی و ڕێکخراوەکانی مەدەنیش بەزووترین کات بێنە لای یەکتر و بەرامبەر بەو هەڵمەتە داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک بووەستنەوە.

ش.ف