گۆڕان یەکێتی بە کوشتنی پاسەوانێکی تۆمەتبار دەکات

بەهۆی تەقەکردن و ئاڵۆزییەوە، پاسەوانێکی گردی زەرگەتە کە 'تایبەتە بە بزوتنەوەی گۆڕان'، کوژرا، پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەکەش دەڵێت "بێگومان هێزێکی وەک یەکێتی لە پشت تەقەکردنە لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان".


درەنگانی شەوی ڕابردوو، بەهۆی تەقەکردنەوە لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی، کە میدیا و بارەگای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانی لێیە، پاسەوانێک کوژرا.

لەوبارەیەوە دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بێگومان هێزێکی وەک یەکێتی لە پشت تەقەکردنەوەکەیەوە لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان.

وتیشی: ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین، ئەگەر ئاشکرابوو کە تەقەکەرەکە یەکێتییە یان کەسێکی یەکێتییە، ئەوکات ڕێکاری یاسایی یان هەر ڕێکارێکی دیکە پێویستبێت دەیگرینەبەر.

هەروەها پەیامنێری ڕۆژنیوز لەبەردەم گردی زەرگەتەوە ڕایگەیاند، بەرپرسانی بزووتنەوەکە لە کۆبوونەوەدان، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی هیچ وتەیەکیان نەبووە لەسەر هۆکار و چۆنییەتی ڕووداوەکە، ئەگەر هەیە لە داهاتوودا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەببەن.

س.ح