گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترێست-ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تورکیا داوای فڕۆکەی F-16 ی زیاترى لە ئەمریکا کردووە، لەکاتێکدا ئەو چەکانە بۆ لێدان و بەئامانجگرتنی جووتیار و گوندنشینانی کورد و ئێزیدییەکانی شەنگال بەکاردەهێنێت.
گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترێست-ی ئەمەریکی، ڕاپۆرتێکى لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بۆ سەر خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەى بەوە کردووە، حکومەتى عێراق لەبەرامبەر ئەو هێرشانە کەمتەرخەم بووە، گۆڤارەکە جەختیکردووەتەوە: هەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی چەکى پێشکەوتوو تەنها بۆ لێدانی گەلی کوردە.
لە ڕاپۆرتەکەى گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترێست-ی ئەمەریکی-دا هاتووە: خاکى عێراق بەشێوەی ڕۆژانە لەلایەن تورکیاوە هێرشی دەکرێتە سەر و دەبێت مستەفا کازمی لەوبارەوە دەست بەجوڵە بکات و لە مەترسییەکانی تورکیا تێبگات، لەبەر ئەوەی تورکیا چووە قوبرس و نەکشایەوە و چووە سووریا و نەکشایەوە.
ڕۆژنامەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو: لەکاتێکدا تورکیا داوای فڕۆکەی F-16 ی زیاترى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردووە، کە ئەو چەکانە بۆ لێدان لە پێگەکانی داعش یان بۆ بەرگریکردن لە سنوورەکانی خۆی بەکارناهێنێت، بەڵکو بۆ لێدان و بەئامانجگرتنی جووتیار و گوندنشینانی کورد و ئێزیدییەکانی شەنگال بەکاردەهێنێت.
لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەبەوەکراوە: ڕق و رەگەزپەرستیی نەتەوەیی پاڵنەری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیایە دژ بە گەلی کورد، نەوەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شەنگال و ناوچەکانی دیکەى عێراق و کوردستان.
لە درێژەى ڕاپۆرتى ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییەدا باس لەوەکراوە، کە سەربەخۆیی دەستووریی هەرێمی کوردستان لەڕێگای خۆبەڕێوەبەرییەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەبێت خاکی عێراق بە وڵاتانی بیانیی بفرۆشێت.
لە کۆتاى ڕاپۆرتەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو: کازمی هەموو دەرفەتەکانی لەدەست خۆیدا، لەبەر ئەوەی هەوڵەکانی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وایانکردووە لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییە گەندەڵانەدا ڕێکبکەوێت، کە چاکسازیکردن لە گەندەڵییەکانیان تاکە شەرعییەتی سیاسیی ئەو بوون، جگە لەوەی ئەو گەندەڵییەی ئێستا هەیە زۆر لەو کاتە خراپترە، کە کازمی پۆستەکەی تێدا وەگرت.
ئ.م