گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا ٣٢٠ هەزاری تێپەڕاند

ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان چوار ملیۆن و ٨٩٤ هەزاری تێپەڕاندووە و تا ئیستاش زیاتر لە ٣٢٠ هەزار کەس بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە.


بەپێی دوایین ئاماری ڕاگەیەندراوی تەندروستی وڵاتانی جیهان، تا ئێستا چوار ملیۆن و ٨٩٤ هەزار و ٢٥٤ کەس تووشی کۆرۆنابوون و ٣٢٠ هەزار و ١٨٦ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها یەک ملیۆن و ٩٠٨ هەزار و ٧٧ تووشبووش چاکبوونەتەوە.

بە گوێرەی کۆتا ئامارەکان، تا ئێستا ئەمریکا بە تۆمارکردنی ملیۆنێک و ٥٥٠ هەزار و ٢٩٤ تووشبوو و ٩١ هەزار و ٩٨١ گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهان دایە، ڕوسیاش بە تۆمارکردنی ٢٩٠ هەزار و ٦٧٨ تووشبوون و دوو هەزار و ٧٢٢ گیانلەدەستدان لە ڕیزبەندی دووەمی جیهان دایە، دوای ڕوسیاش، ئیسپانیا بە ٢٧٨ هەزار و ١٨٨ تووشبوو لە ڕیزبەندی سێیەمدایە، بەرازیل بە بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووانی لە ڕۆژانی ڕابردوو، بە تۆمارکردنی ٢٥٥ هەزار و ٣٦٨ تووشبوو لە ڕیزبەندی چوارەمی جیهان دایە.

لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیاش تورکیا بە تۆمارکردنی ١٥٠ هەزار و ٥٩٣ تووشبوون و چوار هەزار و ١٧١ حاڵەتی گیانلەدەستدان، لە ڕیزبەندی یەکەمی ئاسیا و نۆیەمی جیهان دایە، هەروەها ئێران بە تۆمارکردنی ١٢٢ هەزار و ٤٩٢ تووشبوون و حەوت هەزار و ٥٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ڕیزبەندی دووەمی ئاسیا و ١٠ـەمی جیهاندایە.

ک.س