گوستاڤۆ پێترۆ، گەریلایەکی چەپ، لە هەڵبژاردنی دوێنێی سەرۆکایەتیی کۆڵۆمبیا بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا، هەروەها فرانسیا مارکیزی بەڕەگەز ئەفریقیش بووە جێگری سەرۆک کۆمار.
دوێنی یەکشەممە کۆڵۆمبیا دووەم خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی خۆی بەڕێوەبرد، گوستاڤۆ پێترۆ، کاندیدی هاوپەیمانی پەیمانی مێژوویی و ڕۆدۆلفۆ هێرناندێز، کاندیدی کۆمەڵەی پارێزگارەکان کێبڕکێیان دەکرد.
٢٢ ملیۆن کەس لە کۆڵۆمبیا مافی دەنگیانیان هەبوو، گوستاڤۆ پێترۆ، گەریلای پێشووی تەمەن ٦٢ ساڵ، ١١ ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، کە ڕێژەی ٥٠.٤٦٪ی کۆی دەنگەکان بوو، بەوەش بووە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، لە بەرامبەر ڕۆدۆلفۆ هێرناندێز-ی ڕکابەری ٤٧.٢٨٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
گوستاڤۆ پێترۆ، ئەندامی پێشووی بزووتنەوەی چەتەکانی ئێم-١٩ بووە، پێشتر سەرۆکی شارەوانی بۆگۆتای پایتەخت بووە، لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی داوە خوێندنی بێ بەرامبەری زانکۆ و چاکسازی لە خانەنشینی و نایەکسانی بکات.
هاوکات بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ژنێکی بەڕەگەز ئەفریقیی بووە جێگری سەرۆک کۆماری کۆڵۆمبیا، کە ئەویش فەرنسیا مارکیز بوو.
بڕیارە ئیدارەی گوستاڤۆ پترۆ لە ٧ی ئابدا پۆستی سەرۆکایەتی لە سەرۆک ئیڤان دوکی وەربگرێت.
ب.ل