گەلەکۆمەی ٩ی ئۆکتۆبەر لە چەندین شاری ئەوروپا شەرمەزار کرا

بەمەبەستی شەرمەزارکردنی ساڵیادی گەلەکۆمەی ٩ی ئۆکتۆبەر لەدژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لە چەندین شاری ئەوروپا خۆپیشاندان و چالاکیی ئەنجامدرا.


گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی لەدژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨ ەوە دەستیپێکرد، ئێوارەی دوێنێ لە وڵاتانی دانیمارک، یۆنان و ئەڵمانیا خۆپیشاندانی دژ بەو گەلەکۆمەیە ئەنجامدرا.

هاوڵاتیانی کورد و دۆستانیان بە پێشەنگایەتیی پلاتفۆرمی "پشتگیرییکردنی عەفرین" لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک خۆپیشاندانێک ڕێکخرا، دروشمی خۆپیشاندانەکە "ئازادیی بۆ ئۆجالان" بوو و ژمارەیەکی زۆر بڵاوکراوەی لەبارەی دۆخی ئۆجالان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرا.

هەروەها، لە کامپی ئاڤیرۆی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەسینای پایتەختی یۆنان خۆپیشاندانێک ئەنجامدرا، لە خۆپیشاندانەکەدا سینەفزیۆنێک بۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدانەی بۆ ئۆجالان ئاگریان لە جەستەیان بەرداوە نمایشکرا.

لە شاری ئەسەنی ئەڵمانیاش بە هەمان مەبەست چالاکیی ئەنجامدرا و گۆشەگیرکردنی ئۆجالان و قورستربوونەوەی ئەشکەنجەی سیستمی ئیمرالی شەرمەزارکرا.

ش.ف