گەنجێکی کوردی خەڵکی شارۆچکەی حاجیاوای باشووری کوردستان بەزۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای لەندەن، وەک جێگری پارێزگاری پایتەختی بەریتانیا هەڵبژێردرا.
ئەمڕۆ سەرباز عەلی بەرزنجی لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە: لە ڕێوڕسمێکی شایستە و تایبەتدا سەرەڕای ئەرکی ئەنجومەنی شارەوانی ئەرکێکی ترم پێ سپێردرا، بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەن وەک جێگری پارێزگار ھەڵبژێردراین.
سەرباز نووسیویشییەتی: شەرەفێکی مەزنە مرۆڤ بتوانێت خزمەتی کۆمەڵگە و خەڵکی خۆی بکات و ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی ھاوڵاتیان و ڕابردووی خۆی لەیاد نەکات، زێدەتر خۆشحاڵ بووم لەو ڕێوڕەسمەدا بە جلوبەرگی نەتەوەیی کوردییەوە سوێندی یاساییم بەجێگەیاند.
سەرباز عەلی بەرزنجی لەدایکبووی شارەدێی بنگرد-ی سەر بە شارۆچکەی حاجیاوایە و ماوەی ٢٠ ساڵە لە بەریتانیا نیشتەجێیە، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەندازیاریی بیناسازیدا و مامۆستایە لە زانکۆی لەندەن.
سەرباز پێشتر لەسەر پشکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بووە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای لەندەن، دەڵێت: بەوپەڕی توانامان ھەوڵدەدەین لە ئاستی متمانە و چاوەڕوانیی ئێوەدابین.
ب.ل