گەنجێک دژی گۆشەگیریی ئۆجالان ئاگری لە جەستەی بەردا

لە شاری ئینگۆلستادی ئەڵمانیا گەنجێکی کورد بەناوی ئومێد ئاجار لەدژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و چوونی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا ئاگری لە جەستەی بەردا و خۆی سووتاند.


دوێنێ ئومێد ئاجار، لە شاری ئینگۆلستادی ئەڵمانیا ئاگری لە جەستەی بەرداو گیانی لە دەستدا.

بەگوێڕەی ئەو زانیاریانەی کەسوکاری ئاجار بڵاویان کردووەتەوە، ئومێد لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٠ لە شارۆچکەی کۆزلوکی سەربە ئێلیه- باکوری کوردستانـ بووە و ماوەی سێ ساڵ بووە لە شاری ئینگۆلستادی ئەڵمانیا ژیاوە، دوێنێ لەدژی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان و هەروەها چوونی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا لە نزیک دارستانێکی نزیک بە ماڵەکەی ئاگری لە جەستەی بەرداوە.

لەو بارەیەوە تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا و دیوانی هاوسەرۆکایەتیی کەجەدەکەی ئەوروپا پەیامی سەرخۆشییان بڵاوکردەوە و سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیایان بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو کارەساتە ناونا.

تەڤگەری ژنانی کورد ڕایگەیاندووە: یادی شەهید ئومێد ئاجار بەرز ڕادەگرین،  ڕێبەرەکەمان ئەو شێوە چالاکییە بە ڕاست نازانێت، پێویستە گەنجامان هێزیان بۆ تێکۆشانی دیموکراتیی بخەنە گەڕ.

دیوانی هاوسەرۆکایەتیی کەجەدەکەی ئەوروپاش ڕایگەیاند: ئومێد ئاجار بەو چالاکییەی پەیامی دایە دەوڵەتی ئەڵمانیا، پێویستە حکومەتی مێرکل واتا بدەن بەو چالاکییە، دەبێت باش بزانن کە سەبری گەلی کورد کۆتایی هاتووە و دەبێت دەست بەرداری پشتگیرییەکانیان بۆ دەوڵەتی تورک بن.

ش.ف