دژی ڕەوانەکردنی کەشتییەک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، یۆنان داوای کۆبوونەوەی باڵای بەپەلە لە یەکێتی ئەوروپا دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، کیریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان لەسەر جموجوڵەکانی سوپای دەوڵەتی تورک لە دەریای ناوەڕاست و ناردنی کەشتیی ‘سۆنداژ’ بۆ ئەو ناوچەیە، داوای لە کۆنسەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کردووە، کە لەسەر ئەو بابەتە کۆبوونەوەیەکی باڵا و بەپەلە بکات.
جێگای ئاماژەیە، کەشتییەکی دەوڵەتی تورک، دوێنێ ڕەوانەی ناوچەی نێوان باشوری یۆنان و قوبرس کراوە کە کەشتیی سۆنداژ و پێنج کەشتیی جەنگیشی لەگەڵدایە.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی یۆنان لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای لە دەوڵەتی تورک کردبوو کە کۆتایی بە کردەوە نائاساییەکانی بێنێت، چونکە یۆنان سەر بۆ هەڕەشەکان دانانەوێنێت و مافی سەروەریی و باڵادەستی خۆی دەپارێزێت.
ب.ک