شەوی ڕابردوو، کیریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ‘سی ئێن ئێن’، جەختی لەوەکردەوە کە وڵاتەکەی مل بۆ هەڕەشە و ملهۆڕییەکانی دەوڵەتی تورک کەچ ناکات و ڕایگەیاند: چەتەگەری و شەڕانگێزییەکانتان ڕاگرن، وەک دراوسێیەک شارستانیانە دانوستان بکەن.
میچۆتاکیس وتی: ئەگەر ئەنقەرە لەسەر کێشەکانی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ ئەسینا نەگاتە ڕێککەوتن، وڵاتەکەی لە دیوانی باڵای دادی نێودەوڵەتی سکاڵا دژی تورکیا تۆمار دەکات.
هەروەها وتی: بە جاران بە تورکیامان وتووە؛ با وەک دوو دراوسێ دانوستان بکەین و ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە، تەنانەت دەتوانین کێشەکانمان ببەینە دادگای نێودەوڵەتی، بەڵام کردەوە تاکلایەنەکانتان لە ناوچە ئابورییەکانی یۆنان قبوڵ ناکەین، ئەمە هەڕەشەیەکە بۆسەر سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە.
میچۆتاکیس ئەوەشی وتووە: پەیاممان بۆ تورکیا ڕوونە؛ “چەتەگەری و شەڕانگێزییەکانتان ڕاگرن، وەک دراوسێیەک شارستانیانە دانوستان بکەن، ئێمە لەگەڵ میسر ڕێککەوتنێکی گرنگمان کردووە و سنوورە دریاییەکانمان دیاری کردووە، ئەمە دەتوانێت نمونەیەک بێت بۆ ئێوەش”.
ب.ک