یۆنان چاوی لە یەکێتی ئەوروپایە باری کۆچبەرانی لەسەر سووک بکات

ئەو لێشاوە کۆچبەرەی کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕووی لە یۆنان کردووە، حکومەتی ئەو وڵاتەی خستووەتە گومانەوە و داوای هاوکاریی لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن.


بەگوێرەی وتەی جۆرجیس کۆمۆتساکۆس، بەرپرسی سیاسەتی کۆچبەران لە حکومەتی یۆنان، لە سەرەتای مانگی حەوتی ئەمساڵەوە لێشاوی کۆچبەران بەرەو یۆنان زیادیکردووە و ڕۆژانە بەبەردەوامی کۆچبەر ڕوو لەو وڵاتە دەکەن.

ئەو بەرپرسە یۆنانییە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، کە لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هەزار کۆچبەر لە پێنج دوورگەی نزیک لە تورکیاوە ڕوویان لە یۆنان کردووە.

بەرپرسی سیاسەتی پەنابەرانی حکومەتی یۆنان ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەسینا چیتر توانای لەخۆگرتنی کۆچبەرانی نەماوە و چاوی لە هاوکاریی وڵاتانی دیکەیە.

ئەسینا بۆ ڕاگرتنی کۆچی کۆچبەرانیش لە دەریای ئیجە، داوای کردووە پەیمانی ساڵی ٢٠١٦ی نێوان یۆنان و تورکیا جێبەجێ بکرێت، هاوکات هیواشی خواستووە کە سەرۆکی نوێی یەکێتی ئەوروپا پرسی کۆچبەران بکاتە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کارەکانی.

ب.ل