یەبەشە و یەژەشە بە مەراسیمێکی سەربازی مام زەکی‌یان بەبیرهێنایەوە

هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە بە مەراسیمێکی سەربازی لە شەنگال، ساڵیادی شەهیدبوونیدا یادی مام زەکی شەنگالییان بەرزڕاگرت.


ساڵێک لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٥ی ئاب لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک "ئیسمائیل ئۆزدەن" ناسراو بە 'مام زەکی شەنگالی' ئەندامی کۆریناسیۆنی جڤاکی ئێزدی، شەهید بوو، دوێنێ و لە چیای شەنگال بە ئامادەبوونی شەڕڤانانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە و یەکینەکانی ژنانی شەنگال- یەبەشە، لە مەراسیمێکی سەربازی بەبیرهێنرایەوە، لە مەراسیمەکەدا خانەوادەی مام زەکی-ش ئامادە بوون.

مەزلوم شەنگالی، لە فەرماندەکانی یەبەشە-یەژەشە لە مەراسیمەکەدا قسەیکرد و وتی: بە ڕۆحی تێکۆشانی مام زەکی شەنگالی ئازادی گەلەکەمان مسۆگەر دەکەین.

هەروەها وتی: ئەمڕۆ ساڵیادی شەهیدبوونی مام زەکی شەنگالی‌یە، هاوکات ساڵیادی کۆمەڵکوژی سیبا شێخ خدر وتل عوزێرە، لە کەسایەتی مام زەکی هەموو شەهیدان بە ڕێزدارییەوە بەبیردێنینەوە، ئەو هێرشەی کرایە سەر مام زەکی، بۆسەر هەمو جڤاکی ئێزدی و بەهاکانی بوو، ئامانجی دوژمن لەناوبردنی یەکڕێزیی جڤاکی ئێمە و دەستکەوتەکانی کوردە.

لە بەردەوامی قسەکانیدا شەنگالی وتی: ئەگەر تورکیا تا باشیک بێت، بە واتای ئەوەیە کە کێشەی موسل و گەلانی ناوچەکە ئاڵۆز دەکات و ناهێڵێت چارەسەر ببێت، مانەوەی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە واتای مانەوەی کێشەکانە، ئێمە وەک هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە هێزی پاراستنی گەلانین، ئێمە بۆ عێراقێکی فیدراڵ و دیموکرات و شەنگالێکی خۆبەڕێوبەر تێکۆشان دەکەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەزلوم شەنگالی، بانگ لە گەنجانی ئێدی دەکات و دەڵێت: هەر گەنجێکی ئێزدی لەم ڕۆژە مێژووییانەدا پێویستە جێی خۆی لەناو ڕیزەکانی یەبەشە-یەژەشە بکاتەوە، پێویستە مافی گەلەکەمان بە تێکۆشان بەدەست بێنین، چ تێکۆشانی سیاسی و چ تێکۆشانی ڕێکخستنی، دەمانگەینێتە سەرکەوتن، ئێمە شاگردی مام زەکین، هەروەک مام زەکی خزمەتی ئەو گەلەی وەک ئەرک دەبینی، ئێمەش بۆخۆمان وەک ئەرکێکی سەرەکی دەیبینن، مام زەکی جیاوازی نەدەخستە نێوان مرۆڤەکان، گەلان، باوەڕییەکان، کلتورەکان، بۆیە خەڵکی ناوچەکە لەناو ئارامی دایە و وەک یەک دەژین، ئەمە ئەنجامی ڕەنجی مام زەکی‌یە.

شەنگالی لە بەردەوامیش دەڵێت: وەکچۆن ٣٢٩ قارەمان بۆ ئەوەی گەل بگەیننە مافەکانی تێکۆشانیان کرد وگیانی خۆیان بەختکرد، ئەمە بۆ ئێمە بنەمایە، فەلەسەفەیەکە، لە ١٥ی ئاب هێرش کرایە سەرمان، ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە ڕۆژی ڕەش نییە، ڕۆژێکە کە لە بەرامبەر داگیرکاریی، زوڵم، کۆلایەتی، بندەستی و بێبەش بوون لە مافەکان دەردەکەوین، ١٥ ئاب ڕۆحی تێکۆشانە، دوژمن بە مەبەست لەم ڕۆژەدا هێرش دەکاتە سەرمان بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژەمان لێ تاریک بکات، بەڵام ناتوانێت، بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەم ڕۆژانە، تێکۆشان گەورەتر دەبێت و گەل بەروە سەرکەوتن دەچن.

لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا مەزلوم شەنگالی دەڵێت: بانگەوازیمان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە وەکچۆن مام زەکی بووە مایەی یەکڕێزیمان، دەرگا بە دەرگا دەگەڕا و حەقیقەتی بە ئینسانەکان دەناساند، ئەمڕۆش بە تایبەت بۆ خەڵکی ئێزدیمان دەڵێن ڕۆژی یەکڕێزیی، یەکێتی و داواکردن و وەرگرتنی و پاراستنی مافەکانە، پێویستە بەرژەوەندییە کەسییەکانمان بە لاوە بنێن، چونکە زیان لە خەڵک دەدات، بۆیە لەژێر سەیوانێک کۆدەبینەوە و یەکڕێزیمان لەسەر بنەمای مافی خۆمان دروست دەکەین، ئەگەر وەها بکەین سەردەکەوین، ئەو فەرمانەی بەسەرمان هات لە ئەنجامی نایەکڕێزیمان بوو، پێویستە لە ڕابردوومان وانە وەرگرین، هەموو پێکهاتەکان پێکەوە و دست لە دەست و شان بە شان بەرەو پێش بچین، باوەڕمان وایە کە هەر کەسێک پێویستە ئەمە بۆ خۆی وەک ئەرکێک ببینێت و ئامانجی مام زەکی بەدی بهێنێت.

لە کۆتاییدا مەزلوم شەنگالی سەرەخۆشیی لە هەموو خانەوادەی شەهیدان و خانەوادەی مام زەکیی کردووە و و شەهیدانی بەبیرهێناوەتەوە و دەڵێت: تێکۆشانی مام زەکی بەرەو سەرکەوتن دەمانبات، ئەوانەی جێیان لەو هێرشەدا گرت پێویستە باش بزانن، لە بەرامبەر مێژوو ڕووڕەش دەبن، بەڵام مێژوو مام زەکی لە بیر ناکاتەوە، وەک هەڤاڵان و شەڕڤانان و شاگردانی مام زەکی پێی سەربەرزین و لەبیری ناکەین، ئەمە بنەمای تێکۆشانی ئێمەیە.

د.ع