یەکێتی ئەوروپا: دانانی خۆسەپێنەکان جێگای نیگەرانییە

یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر داگیرکردنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان نارەزایەتیی نیشاندا و داوایکرد: بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی هەمیشەیی قۆناغی سیاسی بەرفراوان و جێی متمانە سەرلە نوێی دەستپێبکرێتەوە.


ئەمڕۆ دەلەگاسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنسەی ئەوروپا، لەسەر داگیرکردنی شارەوانییەکانی سێ گەورەشاری ئامەد، مێردین و وان لە باکوری کوردستان و دانانی خۆسەپین لەجێی هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی هەدەپە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ١٩ی ئاب، شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان دەستیان بەسەردا گیرا و سەدان کەس بە بانگەشەی "پەیوەندیی لەگەڵ تیرۆر" دەستگیر کران، دانانی خۆسەپێنەکان لەجێی سەلچوک مزراکلی، بەدیعە ئۆزگۆکچە و ئەحمەد تورک جێگەی نیگەرانییە و ئەمە ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار دەخاتە دۆخێکی گوماناوییەوە.

هەروەها هاتووە: لەکار دوورخستنەوەی بەرپرسانی سیاسی خۆجێیی و دەستگیرکردنیان، وادەکات هەڵبژێردراوە خۆجێییەکان لە نوێنەرایەتی سیاسی بێبەش بکرێن و مەترسی لەسەر دیموکراسیی خۆجێیی دروست بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێویستە تورکیا لە چوارچێوەی داواکانی کۆمسیۆنی ڤەنەدیک و مەرجی سەربەخۆیی خۆجێییەکانی ئەوروپادا، ئاستتەنگییەکان لە بەردەم بەڕێوەچوونی دیموکراسیی خۆجێیی لاببات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی دەلەگاسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنسەی ئەوروپا-دا وەها بانگ کراوە: بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی هەمیشەیی قۆناغی سیاسی بەرفراوان و جێی متمانە سەرلە نوێی دەستپێبکرێتەوە.