لەسەرئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بیلاڕوسیا و کوشتنی خۆپیشاندەران، هەروەها ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی تورکیا لە ئاوەکانی یۆنان و قوبرس لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا دەسەپێنێت.
لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە دوێنێ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیەکە بە ئامادەبوونی جۆزێف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گفتوگۆیان کرد دەربارەی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک و بیلاڕوس بەرامبەر خۆپیشاندەران.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر گرتنەبەری چەند ڕێکارێک دژی دەسەڵاتدارانی بیلاڕوسیا لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتە سەرکوتکارانەی کە بەفەرمانی سەرۆکی ئەو وڵاتە دژی خۆپیشاندەران بەکاریانهێناوە.
کۆبوونەوەکە لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە ئەنجامدرا کە تیایدا جۆزێف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکەش ئامادەبوو، لەبارەی پرسی بیلاڕوسیاوە ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە کە دەستیان سوور بووە لە کوشتنی خۆپیشاندەران کە بەهۆی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان ڕژابوونە سەر شەقامەکان.
لە بارەی تورکیاشەوە ئەندامانی یەکێتییەکە هاوڕان کە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا سزای بەسەردا بسەپێنن، بەهۆی ئەو کێشانەی لە ئاوەکانی سنووری یۆنان و قوبرس دروستیکردووە بەتایبەت ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی.
هەروەها پرسی کۆچبەرانیش یەکێکی دیکەیە لە ڕەخنەکانی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیەکە لەسەر تورکیا، بەتایبەت کە تورکیا پابەند کراوە بە پاراستنی سنوورەکانی، بەڵام بەلێشاو کۆچبەران ڕووە و یۆنان و ئەوروپا دەنێرێت و وەک کارتێکی فشار بەرامبەر ئەوروپا بەکاری دەهێنێت.
س.ح