چوؤرشەممە, 22 أبر 2020 – 10:15 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
شایان سەعید پوور گەنجێکی سەقزی بوو، لەتەمەنی مێرمنداڵییەوە تووشی تاوان بووە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەرلەنوێ دەستبەسەرکرانی، دوێنێ لەسێدارە درا.
شایان سەعید پوور لە ١٦ی ئابی ٢٠١٥ لە کاتێکدا تەمەنی نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ، هاوڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقزی کوشت، لەوکاتەوە لە بەندیخانە ڕاگیراوە.
یەکێتی ئەوروپا لەمبارەیەوە بەتوندی ئیدانەی ئەو کارەی حکومەتی ئێرانی کردووە و بە تاوان وەسفیکردووە.
بەپێی بەیاننامەیەکی یەکێتییەکە، ئەو لاوە کاتێ ئەو تاوانەی ئەنجامداوە، لە سروشتی تاوان و سزاکەشی تێنەگەشتووە کە بەهۆیەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، شایان سەعید پوور نەخۆشی دەروونی لەمنداڵییەوە لەگەڵدا بووە و نەدەبوو دەسەڵاتدارانی ئێران کەڵک لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە وەربگرن بۆ لەسێدارەدانی شایان.
هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات ئەو جۆرە کەسانە هیچ تاوانێکیان نییە لە ئەنجامدانی تاوانەکان و پێویستە چیتر ئێران یاساکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشێل نەکات و مافە سیاسی و مەدەنیەکان و مافەکانی منداڵان بدات.
یەکێتییەکە بەتووندی بەرپەرچی ئەم جۆرە سزایانە دەبێتەوە لە هەرکاتێک لەکاتەکان و دەشڵێت: کاردەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لەو چەند وڵاتە کەمەی کە تیایاندا جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “ئەمنستی” وڵاتی ئێران لە ڕیزبەندی دووەم وڵاتە لە دوای چین بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ساڵی ڕابردوو ٢٥١ کەسی لەسێدارە داوە، ساڵی ٢٠١٨ش ژمارەکە ٢٥٣ حاڵەت بووە و چوار لەو سزادراوانەش لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بوون کە ئەوەش لە هەمانکاتدا ئەنجامدانی تاوانە.
ک.س