یەکێتی پلانێکی پێشووی لەگەڵ بەغدا دەخاتەوە سەر مێزی گفتوگۆ

هەولێر کاتی زۆری لەبەردەست نەماوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، چونکە تا مانگێکی دیکە پرۆژە یاسای بودجە دەچێتە پەرلەمان و ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگاتە ڕێککەوتن، پێدەچێت ئەمجارە بودجە بەپێی خواستی هەرێم نەبێت، بەپێی زانیارییەکان لە بارێکدا ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن، یەکێتی پلانێکی پێشووی لەگەڵ بەغدا دەخاتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.


گەڕی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم سێشەممەیەش شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکەن، هەرچەندە هەندێ جاریش باس لە لێکنزیکبوونەوەی هەردوولا دەکرێت، بەڵام بەکرداری هیچیان لێ سەوز نەبووە.

دانووستانەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی هەردوو حکومەت-دایە و مەلەفەکانی نەوت، بودجە، مووچە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، چوار دۆسیەی سەرەکین لە ئەجێندای گفتوگۆکاندا، بەغدا لە بەرامبەر ناردنی بەشەبودجەی هەرێمدا داوای ڕادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات، هەرێمی کوردستانیش بە زارەکیی ڕەزامەندیی لەسەر ئەم داواکارییە نیشانداوە، بەڵام هێشتا نەیکردووە بەکردار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە ڕۆژنیوزی داوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێت لە بارێکدا ئەگەر هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێم لەسەر پرسی بودجە نەگەیشتنە ڕێککەوتن و هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا نەکات، ئەوا پلانێکی چەند مانگی ڕابردووی لەگەڵ بەغدا بخاتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

پلانەکەی یەکێتی بریتییە لەوەی کە بەغدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەجیا مامەڵە بکات و بودجە و مووچەیان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ بنێرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت لە داهاتوودا دەست بە گفتوگۆ بکات لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.

ئەم پلانەی یەکێتی نوێ نییە، بەڵکو لە سەرەتای ئەمساڵدا و لەمیانەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە ناکۆکی کەوتبووە نێوان یەکێتی و پارتییەوە، یەکێتیی دوو پلانی لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ پارتی ئامادەکردبوو، پلانی یەکەمی ئەمە بوو، کە دەویست عێراق ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکاندا بکات، پلانی دووەمیشی دوو ئیدارەیی بوو، بەڵام دواتر ئەم پلانانەی ڕاگرت و لەگەڵ پارتی گەیشتە ڕێککەوتن.

بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، بەوپێیەی بەشێکی زۆری بیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە سنووری دەسەڵاتی یەکێتییەوە، دەرفەتی زیاتر بۆ یەکێتی دەڕەخسێت بۆ ئەوەی بەهەر نرخێک بێت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت، بەڵام "گورزێکی کوشندە دەبێت لە ستاتۆی هەرێمی کوردستان".

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەش بافڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی، کە بە یەکێک لە دەستڕۆیشتووەکانی ناو حزبەکەی هەژمار دەکرێت سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەریەکە لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی عێراق کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی تاڵەبانی لەگەڵ عەمار حەکیم، "بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و عێراق دووپاتکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەشیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، تاڵەبانی "جەختی لە گرنگی ھەماھەنگی و دیدی ھاوبەش و گفتوگۆی جددی کردووەتەوە، لە پێناو چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، لەسەر بنەمای دەستوور و چەسپاندنی دادپەروەری".

ئەم پلانەی یەکێتی لەکاتێکدایە، بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی ڕۆژنیوز، "هەولێر نایەوێت ڕێککەوتنە زارەکییەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتەوە جێبەجێ بکات".

شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە، حزبەکەی کار بۆ ئەوە بکات کە عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا بەجیا مامەڵە بکات، بەڵام دەشڵێت: دەکرێت یەکێتی بۆچوونێکی جیاوازی هەبێت و بیخاتەڕوو، بەڵام تەنها حکومەتی هەرێم شاندی دانووستانکار دەنێرێتە بەغدا و دانووستان دەکات، شاندەکەش نوێنەری یەکێتی و پارتی و گۆڕانیشی تێدا دەبێت.

لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە یەکێتی بەنیازی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، هێشتا هیچ لایەنێک هەڵوێستی پیشانەداوە و ئەم بابەتە لەناو میدیاکاندا زیاتر ورووژاوە، دکتۆرە مەیادە نەجات، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: نە عێراقی فیدراڵ دەتوانێت وەک پارێزگا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە بکات، نە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و هیچ لایەنێکی دیکەش دەتوانێت بەناوی هەرێمەوە ڕێککەوتن بکات، چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور فیدراڵیی هەیە و هەرجۆرە مامەڵەیەکی لەوشێوەیە دژی دەستوورە.

هەوڵەكانی ڕێككەوتنی هەولێر لەگەڵ بەغدا لەكاتێكدایە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ تەواودەكات و دواتر ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دەكات، دوای پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، ڕەشنووسی پرۆژە یاساكە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت.

نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆكن لەسەر ئەوەی، كە ئەگەر هەولێر و بەغدا بەر لە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە نەگەنە ڕێككەوتن، پێدەچێت ئەمجارە پرۆژە یاسای بودجە لەئاست خواستی هەرێمی كوردستان نەبێت، بەوپێیەی دەنگە ناڕازییەكانیش لەناو شیعە و سوننەدا بەرامبەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆرن.

ک.س