ئاسایشی سلێمانی: ژمارەیەک سیخوڕ لە سلێمانی دەستگیرکراون

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٩ی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، ساڵی ٢٠١٩ سێ هەزار و ٥٥٩ تۆمەتبار لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون، کە ژمارەیەکیان سیخوڕ بوون.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، موقەدەم ڕزگار حەمەڕەحیم، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٩ی خستەڕوو.

 بەپێی ئامارەکە ساڵی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٣٣١ کەس بەتۆمەتی ئەندامبوون لە چەتەکانی داعش دەستگیرکراون، کە ٢٨٠ یان لە ڕەگەزی نێر و ٥١ یان لە ڕەگەزی مێ بوون، لەو ژمارەیەش ٤٦ کەسیان بەڕەگەز کوردبوون.

 هەر لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ئاسایشی سلێمانی ٢٩١ کەسی بەتۆمەتی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، دەستیش بەسەر دەیان کیلۆ تریاک، حەشیش، هێرۆین، شیشە، ترامادۆڵ و حەبی هەمەچەشنەدا گیراوە.

 ئامارەکەی ئاسایشی سلێمانی ئەوەیشی تێدا خراوەتەڕوو، کە ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و ٢٧ کەس بەتۆمەتی تاوانەکانی کوشتن، دزی، ساختەکاریی، شوێنەوار، ڕفاندن، بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ، قاچاخچێتی مرۆڤ، سیخوڕیکردن و بەزاندنی سنوور دەستگیرکراون.

ئاسایشی سلێمانی لە ساڵی ڕابردوودا ٥٣٦ کەسی بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردووە، هەروەها ٣٧٤ کەسیش کە بەتۆمەتی هەمەجۆر دەستگیرکراون بەفەرمانی دادوەر ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس کراون. 

هەر لە ساڵی ڕابردوودا، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر ٧٧٨ کارتۆن دەرمانی پزیشکیی ماوە بەسەرچوو و ٥٥٤ کارتۆن دەرمانی ماوە بەسەرچووی کشتوکاڵییدا گرتووە.

ک.س