ئامانجی تورکیا زیندوکردنەوەی چەتەکانی داعشە

ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان زیندوکردنەوەی خەلافەتی چەتەکانی داعش و لەناوبردنی کیان و ئیرادەی گەلی کوردە، بۆ ئەوەش هەموو هێزیکی بەکار دەهێنێت، لەبەرامبەر ئەو پلانانەشدا گەلی کورد پێویستە بە یەکێتی نەتەوەیی وەڵامی پیلانە داگیرکەرییەکان بداتەوە.



دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ماوەی حەوت ڕۆژە هێرشیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، ئەوەش نیگەرانی ڕای گشتی جیهانی لێکەوتووەتەوە و سەرکردەکانی جیهان ڕاشکاوانە ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئەم هێرشەی تورکیا کاریگەریی لەسەر سەرهاڵدانەوەی داعش دەبێت.

هەوڵی زیندوکردنەوەی داعش لە باشوری کوردستان و عێراق

لەدوای ئەوەی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠١٦ دا چەتەکانی داشیان لەناوبرد و شاری موسڵیان ئازادکرد، دەوڵەتی تورک پێگەی لەعێراق لاوازبوو، چونکە پێشتر لەڕێگەی هاوکاری کردنی چەتەکانی داعشەوە هەوڵی بەدیهێنانی پلانەکانی دەدا لە عێراق و باشوری کوردستان.

پەیوەندی تورکیا و داعش

لەسەرەتای دروستبوونی چەتەکانی داعش لە سوریا و عێراق و گەشەکردنی ئەو گروپە تیرۆریستییەوە و داگیرکردنی شاری موسڵ و چەندین ناوچەی دیکە لە عێراق و سوریا، چەندین بەڵگە لەبارەی پەیوەندی نێوان چەتەکانی داعش و تورکیا بڵاو بوویەوە، چەندین چەتەی داعش لەلایەن شەڕڤانان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکرابوون کەدانیان بەوەدانابوو کە لەڕێگای تورکیاوە ڕوویان لە عێراق و سوریا کردووە، هەروەها چەندین چەتەی داعش دانیان بەوەدا نابوو، کە لەکاتی برینداربوونیاندا لە نەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەریان وەرگرتووە.

بێجگە لە وەرگرتنی چارەسەر و ڕەوانەکردنی چەتەکانی داعش لەلایەن تورکیاوە بۆ عێراق و سوریا، دەوڵەتی تورک چەندین جار ڕێگای داوە چەتەکانی داعش سنووری تورکیا بەکار بهێنن بۆ هێرشەکانیان، بۆنمونە لەساڵی ٢٠١٤ دا لەدوای شکستپێهێنانی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە بەرەبەیانێکدا چەتەکانی داعش بەسوردوەرگرتن لە سنووری تورکیا هێرشیان کردەوە سەر شاری کۆبانێ و چەندین هاوڵاتی مەدەنییان شەهیدکرد.

تورکیا لەشاری کەرکوک لەڕێگای چەتەکانی داعشەوە پلانەکانی جێبەجێ دەکرد

تورکیا شاری کەرکوک بە سنووری شەرەفی میلـلی خۆی دەزانێت و دەیەوێت بەردەوام دەستێوەردان لە کاروباری کەرکوکدا بکات، هەروەها بەبەشێک لە سنووری دەوڵەتی عوسمانی دەزانێت و لەبیری ئەوەدایە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان داگیری بکات، وەک ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا دەڵێت، کە دەڕۆینە موسڵ و کەرکوک و سلێمانی و هەولێر، واتا هەموو ئەو ناوچانە لە بەرنامەی داگیرکارییەکانی ئەردۆغاندایە، بێجگە لە لێدوانەکانی ئەردۆغان، تورکیا ڕاستەخۆ دەست تێوەردانی لەو ناوچانەدا کردووە و بەردەوام چەک و تەقەمەنی بۆ تورکمانەکان و گروپە تیرۆرستییەکان و تورکمانە توندڕەوەکان ناردووە.

بێجگە لە هەوڵەکانی خۆی بۆ دەستێوەردان لەشاری کەرکوک، تورکیا لەڕێگای چەتەکانی داعشەوە هەوڵی تێکدانی باری ئارامی شاری کەرکوکی داوە، چەندین بەڵگە هەن لەسەر ئەوەی تورکیا هاوکاریی گروپە توندڕەوەکان و چەتەکانی داعشی کردووە، بۆ ئەوەی ئارامی ئەو ناوچانە تێکبدات، بۆنمونە شه‌وی ٨ی نیسانی ٢٠١٨ له‌ گوندی حومه‌ره‌ی سه‌ر به‌شاردێی ڕه‌شاد لە شارۆچکه‌ی حه‌ویجه‌-ی سنووری پارێزگای که‌رکوک، لە شەڕێکی حەشدی شەعبی و گروپێک چەتەی داعش-دا پێنج چەتە کوژران، کە یەکێک لە چەتەکان ئاڵای تورکیا لەسەر تیشێرتەکەیەتی.

هەروەها لە ڕۆژی ١١ی تەموزی ٢٠١٨ دا شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: لەلایەن تورکیاوە هێزێکی سەربازی ٥٠٠ کەسی بۆ بەرەی تورکمانیی دروستکراوە، ئەو هێزە ڕاستەخۆ لە لایەن تورکیاوە سەرپەرشتیی دەکرێت و ڕاهێنانیان لە تورکیا کردووە، هەروەها مووچە و یارمەتی مادیی و مەعنەویان لە لایەن تورکیاوە دابین دەکرێت.

نەمان و لەناوچوونی ئەو خەلافەتەی چەتەکانی داعش کە عێراق و سوریا ڕایانگەیاندبوو وایکرد کە پیلانە داگیرکاریی و تێکدەرەکانی تورکیا لە عێراق و سوریا شکستبهێنێت، بۆیە ئیدی پەنای بردە شەڕ هێرشی ڕاستەوخۆ و بەکارهێنانی گروپەچەتەکانی دیکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆئەوەش لە باشوری کوردستان و عێراق هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنیسەربازی دەکرد بۆ ئەو ناوچانەی کە چەتەکانی داعشی لێبوو، وەک دەشتی نەینەوا و شارۆچکەی شەنگال، بۆ ئەوەی بۆشاییەکی سەربازی لەو ناوچانەدا دروستبکات و دەرفەت بۆ خۆڕێکخستنەوەی پاشماوەکانی چەتەکانی داعش بڕەخسێنێت، لەلایەکی دیکەوە لەڕێگەی دەستێوەردان لە کارو باری شاری کەرکوک دا هەوڵی دروستکردنی نائارامی دەدات لەناو شاری کەرکوکدا بۆ ئەوەی سەرفەت بۆ خۆڕێکخستنەوەی چەتەکانی داعش لە دەوروبەری شاری کەرکوک بڕەخسێنێت.

ڕۆژئاوای کوردستان

لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە ماوەی حەوت ڕۆژە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرشیان دەستپێکردووە، ڕووی هێرشەکەیان بەرەو ئەو کامپانەیە کە دیلە داعشەکان و خانەوادەی داعشەکانی تێدایە، هەروەها دوێنێ بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەندین چەتەی داعش و خانەوادەکانیان لە کامپی عەین عیسا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵهاتوون.

هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ زیندووکردنەوەی چەتەکانی داعش وڵاتانی دونیای نیگەران کردووە، سەرۆکی وڵاتانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و چەندین وڵاتی دیکە نیگەرانی خۆیان ڕاگەیاندووە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و ڕاشکاوانە دەڵێن، کە ئەو هێرشانە هۆکارە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش.

دەوڵەتی تورک بۆ هەوڵی زیندوکردنەوەی داعش دەدات؟

دەوڵەتی تورک لەپێناو چەند ئامانجیکدا هەوڵی زیندوکردنەوەی داعش دەدات، ئامانجی یەکەم و سەرەکی ئەوەیە نەهێڵێت هیچ کیانێکی کوردیی لە ناوچەکەدا دروستبێت، ئەویش لەڕێگەی بەکارهێنانی چەتەکانی داعش بۆ هێرشکردنە سەر ئەوناوچانەی کە کورد خاوەن کیانە تێیدا، وەک ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و شاری کەرکوک و شەنگال، چونکە وەک خۆیان دەڵێن ئەوان دژی دروستبوونی کیانێکی کوردین ئەگەر لە باشوری ئەفریقاش دروستبێت.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی تورکیا لە زیندوکردنەوەی داعش ئەوەیە کە ئاڵۆزیی و پشێویی لە ناوچەکەدا دروستبێت، بە ئامانجی ئەوەی هێزەکانی لەوناوچانەدا جێگیر بکات، بۆنمونە لە ساڵی ٢٠١٦ وە هێزیکی گەورەی لە شارۆچکەی بەعشیقەی سەر بە شاری موسڵ داناوە بەبیانووی بەشداریی کردن لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش، بەڵام نە بەشداری شەڕەکەی کرد، نە ئامادەیە ئەو هێزە لە عێراق بکشێنێتەوە لە کاتێکدا چەندین جار حکومەت و پەرلەکانی عێراق داوای کشانەوەی کردووە.

ئەوەی دیارە دەوڵەتی تورک لەڕێگەی شەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە هەوڵی لەناوبردنی هەموو کیانێک و بزوتنەوەیەکی ئازادیی خوازیی گەلی کورد دەدات لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بۆیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو پلانانەی تورکیا پێویستە گەلی کورد یەکڕیزیی و یەکێتی خۆی دروستبکات و خۆی لە پیلانەکانی تورکیا و هێرشی گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا و چەتەکانی داعش بپارێزێت.

 د.ع