ئاهەنگی 15 ی تەباخ لە قەندیل كۆتایی هات

بە بەشداری هەزاران كەس لە تەواوی بەشەكانی كوردستان و گەنجانی وڵاتپارێز و قەڵغانی زیندوو، هونەرمەندان، كەس و كاری شەهیدان، ئاهەنگی تایبەت بە پیرۆزكردنی ساڵیادی هەڵمەتی 15 ی تەباخ لە بناری قەندیل كۆتایی هات.


لە ئاهەنگەدا وێڕای پێشكەش كردنی چەندین گۆرانی و سروود لەلایەن هونەرمەندان( شەیدا قەوامی، كەریم خان سورچی، كۆما ڕۆژئاوا، دانا كەركوكی)، چەند پەیامێكیش پێشكەش كران، كە تایبەت بوون بە پیرۆزكردنی ساڵیادی هەڵمەتی 15 ی تەباخ و سووربوون لەسەر ڕێبازی تێكۆشان و شەهیدان كە بریتی بوو لە پەیامی (كەجەكە و كەژەكە).

كەجەكە: دەبێت هەمووان بەپیرۆزییەوە سەیری هەڵمەتی 15 ی تەباخ بكەین

لە ئاهەنگەكەدا پەیامی هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە پێشكەش كرا كەتیایدا هاتبوو:" پیرۆزبایی هەڵمەتی 15 ی تەباخ لەگەلی كورد، ڕێبەر ئاپۆ، بنەماڵە شەهیدان، هاوڕێیانی زیندان، گەریلا و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، یادی دەیان هەزار شەهیدی خۆمان كە 35 ساڵە سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەن و هەڵمەتی 15 ی تەباخ-یان بەردەوام كرد، دەكەین و بەڕێزەوە یادیان دەكەینەوە، كوردستانی ئازاد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموكرات، كە خەونی عەگید، زیلان، شیلان كۆبانێ‌، ئەردال، ئودا كرێكار، دەلال ئامەد، ئاتاكان ماهیر، شەفین بنگۆل، حسێن ماهیر، ساری ئیبراهیم، هەڵمەت، زەكی شەنگالی، ڕۆستەم جودی، سینانێ‌ سۆر، خەبات دێرك، ڕەشید سەردار و هەموو شەهیدانمان بوو، بەدڵنیاییەوە جێبەجێدەبێت."

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی كەجەكەدا هاتبوو: تێكۆشانی گەریلا 35 ساڵە بێ‌ ناوبڕ بەشێوەیەكی گیانفیدایی بەردەوامە سەركەوتنی گەورەی ئافراندووە و خۆی گەیاندوەتە بەشێكی گەورەی ئامانجەكانی، هیچ قوربانی و ڕەنجێك بەبێ‌ هۆكار نەبوون، هەڵمەتی گەریلای 15 ی تەباخ، شۆڕشی نەتەوەیی، شۆڕشی دیموكراتی، شۆڕشی كۆمەڵایەتی، شۆڕشی سیاسی و شۆڕشی كەلتووری دروستكردووە، ئەو شۆڕشانەی دروست بوون، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر دەبن و قوڵتر دەبن.

لە درێژەی پەیامەكەی هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە-دا هاتبوو، دەستكەوتەكان هەموو بە قوربانی قورسەوە بەدەستهاتوون، نەك تەنیا گەریلا، گەلەكەمان بە ژن، گەنج، پیر، بە هەموو بەشەكانی خۆی قوربانی قورسییان داوە و ئازاری قورسییان چەشتووە، هیچ شتێك لەخۆیەوە نەخولقاوە، لەخۆیەوە بەردەوام نابێت، لەبەرئەوە دەبێت هەمووان بەپیرۆزییەوە سەیری هەڵمەتی 15 ی تەباخ بكەین، دەبێت ڕوانینێكی لەو شێوە نیشان نەدرێت كە ئەو بەهایانەی بەدەست هاتوون بەشێوەیەكی كەسی، ماددی، بەرژەوەندی و بە ئاسانی بەدەستهاتوون، ئەو بەهایانە هەن، بەقوربانی قورس بەدەستهاتوون و تەنیا بەگیانفیدایی ڕەنج و هەوڵدان دەتوانرێت بپارێزرێت، لەبەر ئەوە دەبێت بەجدییەت و بەرپرسیاریەتی لەو بەهایانە بڕوانین و بیانكەینە بنەمای سەركەوتن و دەستكەوتی نوێ‌.

لەكۆتایی پەیامەكەی كەجەكە هاتبوو: لەساڵی 36 ەمینی ژیانەوەدا كە تێكۆشانی گەریلا گەورەتر دەبێت بانگەوازی بۆ گەلەكەمان، ژن، گەنجان و دۆستان دەكەین كە لە دژی فاشیزمی ئاكەپە-مەهەپە كە لەهەموو ناوچەیەك هێرشی گەلی كورد و دەستكەوتەكانی دەكات تێكۆشان گەورە بكەن، بەشداربووانی ناو ڕیزەكانی گەریلا زیاتر بكەن و بۆ خەونی دەیان هەزار شەهید ببنە وەڵام.

كۆمەڵەی ژنانی كوردستان – كەژەكە: ئەمڕۆ گەلی كورد پێویستی بە یەكگرتن و تێكۆشانێكی هاوبەش هەیە

هاوكات كۆمەڵەی ژنانی كوردستان- كەژەكە لە ئاهەنگەكەدا پەیامێكیان بڵاوكردەوە كە لە بەشێكی پەیامەكەی كەژەكە-دا هاتبوو:" لە 35 ەمین ساڵڕۆژی جەژنی ژیانەوە، واتە 15 ی تەباخ لە كەسایەتی شەهیدان هەڤاڵ عەگید، هەڵمەت، مام زەكی، شەرڤین بنگول، دەلال ئامەد، ئاتاكان، ژیندا و مەلسا هەولێر،دەستینا قەندیل، ڤیان سۆران، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەبیر دێنین و سەری ڕێز و نەوازش بەرامبەریان دادەنەوێنین، هەروەها جەژنی ژیانەوە سەرەتا لە ڕێبەر ئاپۆ، بنەماڵەی هەموو شەهیدان و هەموو بەخۆدێرانی تێكۆشان و ئازادی و گەلی كورد پیرۆز دەكەین.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی كەژەكە هاتبوو: 15ی تەباخی 1984 بەفەرمانداری شەهید مەعسووم كوركماز( عەگید)بەیەكەم گولـلـە قۆناغێكی نوێ‌ لە تێكۆشان و ژیانی گەلی كورد دەستی پێكرد، ئەمە تەنیا دەستپێكردنی شەڕی چەكداری نەبوو، لەهەمان كاتدا، بەردانی گولـلـە بوو بەرامبەر بە عەقڵیەتی فاشیستانەی داگیركاران، بەرامبەر بە قڕ كردنی كەلتووری، فكری، كۆمەڵایەتی و سیاسی لە كوردستان، ئەو كوردەی كە بەسەدان ساڵە ویستی چاڵكردنیاندا، بەپێشەنگایەتی فكر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و فەرمانداری هەڤاڵ عەگید جارێكی تر زیندوو بوونەوە و ئەمڕۆ لە ئاستی سیاسی و فكری و كۆمەڵایەتیدا پێشەنگایەتی كۆمەڵگە و نەتەوەی دیموكراتیك دەكەن.

لە درێژەی پەیامەكەی كە ژەكە- ئەوە خرایە ڕوو، گەلی كورد بە سەدان ساڵە بەنمونەی تێكۆشانی شێخ مەحمود بەرزنجی، مەلا مستەفا بارزانی، ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال و لەدرێژەی ئەم بەرخۆدانی و میراسەدا ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی پەكەكە بەرامبەر بە داگیركاری زلهێزەكان و هێزی ئیمپریالیستی تێكۆشانیان كردووە و دەیكەن، بێگومان ئیتر گەلی كورد وەكو ڕابردوو نیە و خاوەن تێگەشتنی سیاسی و فكرییە، ئیتر نابێتە گەمەی سیاسی دەستی داگیركاران، بۆیە زۆرتر لەهەركات ئەمڕۆ گەلی كورد پێویستی بە یەكگرتن و تێكۆشانێكی هاوبەش هەیە.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا كەژەكە ڕایگەیاند: قەندیل لانكەی هەموو شۆڕشە كوردییەكان بووە و بووەتە پەناگەی هەزاران كوڕ و كچی شەهیدی كورد، بێ‌ هیچ جیاوازییەك بووەتە قەڵای بەرخۆدانی و تێكۆشان و بەرامبەر بەهەموو هێرشەكان گەلی پاراستووە، بۆیە گرنگە ئەمڕۆش ببێتە لانكەی یەكگرتنەوەی هەموو ئەو نرخ و میراسانەی كە لەتێكۆشانی گەلی كورد و شۆڕشەكان بۆ ئێمە ماوەتەوە، هەڤاڵ هەڵمەت زۆر بەپێداگری لەسەر یەكێتی نەتەوەیی كرد، هەتا كۆتا هەناسەی لەم پێناوەدا خەباتی بەڕێوەبرد بۆیە بووە ئامانجی هێرشە داگیركارەكان، بۆیە پێویستە ئەمڕۆش گیانی 14 تەمموز واتا بەرخۆدانی زیندانی ئامەد لەگەڵا گیانی 15 تەباخ یەك بكەین و هەموومان ببینە هەڵمەت ، ببینە مام زەكی و ببینە ڤیان و گیانی بەرخۆدانی مەزن بكەین و بەپێشەنگایەتی هەموو گەنجان و ژنانی تێكۆشەر و سەربەرز و بەرخۆدانی شیلادزێ‌ سووربین لەسەر یەكێتی و بە دەركردنی هەموو هێزی زلهێز و داگیركار لەسەر خاكەكەمان ئیتر ژیان بۆ گەلی كورد نەماوە، بۆیە یان بە ئازادی دەژین، یان كۆیلایەتی و تەسلیمیەت قبوڵ ناكەین و دەڵێن ڕازین بەمردن لەسەر پێ‌ نەك ژیان كردن لەسەر ئەژنۆ و قەت تەسلیمی هیچ هێزێكی داگیركار نابین.

د.ح