یەک بەرمیل نەوت بەرامبەر یەک مەتر سێجا ئاو، ئەمە وتەی سلێمان دەمیرەڵی سەرۆکی ئەوکاتی تورکیایە ساڵی لە ١٩٩٣ لە ساتی کردنەوەی بەنداوی ئەتاتورک ئاڕاستەی عێراق و سوریا و ئێرانی کرد.
دوای جەنگی دووەمی جیهانی، دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ ئەوەی باڵادەستیی خۆیان بسەپێنن و وڵاتانی دیکە ملکەچی خواست و سسیاسەتەکانیان بکەن، کەوتنە بیری دامەزراندنی سیستمێکی ئاویی گەورە، لەدوای سەربەخۆبوونی عێراق، لەگەڵ تورکیا کەوتە پەیوەندی و داوای دابەشکردنی ئاوی دیجلە و فوراتی کرد، لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٤٧، پرۆتۆکۆڵی ئاو لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆکرا، بەپێی پرۆتکۆڵەکە، کاتێک لە بابەتی ئاو یان بابەتیکی دیکەدا ڕێکنەکەون، مافی هەردوولایە کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا تۆمار بکەن.
تا ساڵی ١٩٧٠ تەنها عێراق و سوریا سودیان لە ئاوی دیجلە و فورات دەبینی، بۆیە کێشەیەکی جدیی لەگەڵ دەوڵەتەکانی ئێران و تورکیا سەریهەڵنەدابوو، بەڵام لەدوای پەسەند کردنی پرۆژەی گاپ لەلایەن تورکیا، کێشەی ئاو لەنێوان وڵاتانی هەرێمی گەیشتە لوتکە و مەترسی گەورەی بۆ ئاسایشی ئاو لەعێراق و سوریا دروستکردووە.
پرۆژەی گاپ چییە؟
پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ( گاپ)، پڕۆژەیەکە بۆ دروستکردنی تۆڕێک بەنداو و وێستگەی کارەبایی لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات، سەرەتاکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا.
گاپ یەکێکه لە گەورەترین پرۆژە ستراتیژیی و ئابوورییەکانی تورکیا لە بواری ئاو، کارەبا و کشتوکاڵییدا، کە لە ساڵی ١٩٧٠ بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە درا، پڕۆژەکە بە ڕێژەی٨٠٪ پشت بە ئاوی فوڕات دەبەستێت، ٢٠٪ لەسەر ئاوی دیجلە دەبێت، چەندین پارێزگا و ناوچە دەگرێتەوە وەک: باتمان، ئامەد، سرت، لکس، مێردین، غازی عەنتاب و شانلی ئەدەرنە؛ ٩,٧٪ ڕووبەری تورکیا دەگرێتەوە، ٢٠٪ زەویی کشتوکاڵیش لەخۆ دەگرێت، تا ئێستا بڕی ٣٢ ملیار دۆلاری ئەمەریکیی بۆ خەرجکراوە.
گاپ دروستکردنی ٢٢ بەنداو و تونێل، ١٩ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ١٣ پڕۆژەی ئاودێرییکردن لهخۆ دەگرێت، مەبەست لە جێبەجێکردنی، وەک ئەوەی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بەرهەمهێنانی وزە و دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کەرتی کشتوکاڵی و پەرەدان بە کەرتی گەشتیارییە، هەروەها بە تەواوبوونی پرۆژەی گاپ تورکیا دەبێتە یەکەم وڵات کە خاوەنی زۆرترین ڕێژەی ئاوی شیرن (ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە) بێت لەجیهاندا.
بەڵام گاپ کاریگەرییەکی زۆر لەسەر کەمکردنی پشکی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریا دادەنێت، ئاوی فوڕات ٤٠٪ لە سوریا و ٧٥٪ لە عێراق کەم دەکات، مەترسییەکی گەورەیشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە.
له ئێستادا تەنها بههۆی بهكارهێنانی دوو بهنداوی پرۆژهی گاپ، دوو ملیار مەتر سێجا ئاو كهمیكردوه، ئهمهش بووەته هۆی وشكبوونی شەش هەزار و ٢٥٠ کیلۆمەتر دووجا زهوی، ڕووبەرێک بە فراوانی ٣٠٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بهتهواوی بوونەتە بیابان و هیچ جۆره بهرههمێكی كوشتوكاڵی تێدا ناچێندرێت، ئەمە سەرەڕای وشکبوونی لەوەڕگەی گیانلەبەرە ماڵی و کێوییەکان، بۆیە کەرتی ئاژەڵدارییش بە هۆی گلدانەوەی ئەو لەناو بەنداوەکانی گاپ، لە عێراق بەرەو لەناو چوون دەچێت.
له حاڵهتی تەواوبوونی بهنداوی ئهلیسۆ توانای سروشتی ئاوی دجلە بەڕێژەی ٤٧٪ كهم دهكات، زیاتر له ٢٠ هەزار کیلۆمەتر دووجا زهوی رووبهرووی بێ ئاویی و مهترسیی به بیابانبوون دهبێتهوه، ئهگهر بهنداوهكانی دیكه بهكار بێت ئهوا توانای ئهوهی ههیه ئاوی ههر یهك له دجله و فورات به ڕێژهی ٨٠٪ كهم بكاتهوه.
مەترسییەکانی پڕۆژەی گاپ
بە ئاوڕدانەوەیەکی ورد لە لێدوان و بۆچوونی سیاسی و شارەزایانی تورکیا، دەبینین کە کۆمەڵێک ئامانجی شاراوە لە پشت دروستکردنی ئەم پرۆژەیەن، واتە جگە لە ئامانجە ئابوورییەکانی وەک دابینکردنی ئاو و بەرهەمهێنانی کارەبا و بەرفراوانکردن و ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دۆزینەوەی هەلی کار، تورکیا ئەم پرۆژەیە وەک کارتێکی گوشار لە دژی دراوسێکانی بەکار دێنێت.
بۆ نموونە، سلێمان دەمیرەڵ لەساڵی ١٩٩٣ ئاماژەی بەوە کرد کە “یەک بەرمیل ئاو، دەبێ لە هەمبەر یەک بەرمیل نەوت بگۆڕدرێتەوە.”، بەهەمان شێوە “عەبدوڵا گوڵ” ئەو کاتەی، کە وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو هەمان ڕستەی دووبارە کردەوە بەوەی کە، “دەبێ نرخی یەک بتل ئاو، هاوتای نرخی یەک بتل نەوت بێت”.
ئامانجی سەرەکیی و یەکەمی تورکیا لەم پرۆژانە ئەوەیە، دیمۆگرافیا و جوگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و کوردستان هێندەی تر لێک بترازێنێت، بەهۆی دروستکردنی ئەو دەیان بەنداوە لە باکووری کوردستان سەدان گوندی ناوچەکە چۆڵکراون، لە کۆی ١٩٩ گوند ٨٠ هەزار کەس ناچارکراون گوندەکانیان چۆڵبکەن.
زیادبوونی دیاردەی کۆچ لە ناوچەی ئهنادۆڵی تورکیا و خوارووی عێراق و باشووری ڕۆژئاوای ئێران، دەکرێ یەکێک لە باشترین شوێنەکان بۆ کۆچکردن سەرلەنوێ ناوچە کوردییەکان بێت، زیاتر لە ۲٥٠ هەزار کەس لە گوندنشینەکانی دەوروبەری ئەم پرۆژەیە ناوچەکانیان بەجێ هێشتووە، ئەم کۆچکردنەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و کهلتوریی خەڵکی ناوچەکە دەبێت، لەم خاڵەدا تورکیا بەئاسانی دەتوانێت بەشێک لە میراتی کتوور و ناسنامەی کورد بسڕێتەوە، ئەویش بە هۆی نوقمبوونی چەندین شاری دێرینی کورد وهک: سبامات و حەسەن کێف و ٢٠٠ گوندی دەوروبەری حەسەن کێف بە هۆی بەندای “ئالیسو”وە.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، تورکیا لەڕێگەی ئەم پرۆژانەوە هەوڵ بۆ سڕینەوەی جوانییەکانی سروشت، کەلتور و مێژووی سەرهەڵدانی شارستانییەت لە ناوچەکەدا دەدات، میراتی مێژوویی ناوچە کوردییەکان و بەڵگەی هەزار ساڵەی شوناس و بوونی کورد دەسڕێتەوە.
ش.ئ