دژوار کرماشان
ڕۆژی ٣ی ڕەشەمێ ١٩٩٩، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی بە دیلگرتنی ڕێبەر ئۆجالان ئاگرێکیان کردەوە کە هێشتاش دەگەشێتەوە و سەرکوتەکانی دەسەڵاتیش کە هێشتا بەردەوامە، نەیتوانیوە بیکوژێنێتەوە.
ڕۆژی ٩ی مانگی ١٠ی ١٩٩٨، گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کە زۆرێک لە نەتەوە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی ئازادیخوازانی جیهان بە ڕێبەری خۆیانی دەزانن، دەستپێکرد و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ گەیشتە لوتکە و ڕێبەر ئۆجالان لە پیلانگێڕییەکی بەربڵاو بە بەشداریی زۆربەی دەزگا سیخوڕییەکانی ناوچەکە و جیهان، بە دیل گیرا.
هەر لە ڕۆژانی دەستپێکی گەلەکۆمەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و جیهان دەستیپێکرد، بە دەیان کەس دژی ئەو گەلەکۆمەیە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و گیانیان بەختکرد، لەگەڵ بە لوتکە گەیشتنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی، ناڕەزایەتییەکانیش گەیشتە لوتکە و بە هەزاران کەس لە کوردستان، ناوچەکە، ئەوروپا، ئەمریکا، ڕوسیا و شوێنەکانی دیکە ڕژانە سەر شەقامەکان.
سەرەڕای ئەوەی ئەو کاتانە لەژێر فشار و سەرکوتی دەسەڵاتی ئێران، بێدەنگییەکی قووڵ باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کێشابوو، بەڵام گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئۆجالان، شتێک نەبوو کە ئەو فشار و بێدەنگییە بیشارێتەوە.
هەرچەند، چەند ساڵێک بوو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشنای کار و چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، بوون و تا ڕادەیەک هزر و فەلەسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردیان ناسیبوو، بەڵام ڕێکخستنێکی ئەوتۆ لەناو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبوو کە ئەو ناڕەزایەتییانە دژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی بەڕێکخستن بکات.
یەکەم کەس کە دژی ئەو گەلەکۆمە چالاکیی فیدایی ئەنجامدا، گەنجێکی خەڵکی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە هەر ڕۆژێک دوای ١٥ی شوبات ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی بەختکرد.
دوای ئەوەش ناڕەزایەتیی و گردبوونەوە لە چەندین شار دەستیپێکرد و بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی چالاکییەکان و خۆپیشاندانەکان، لە باکووری کوردستان و ئەروپا، رۆژی ١ی ڕەشەمێ ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی واتا ٢٠ی شوباتی ١٩٩٩، کوردەکان و دۆستانیان لە تارانی پایتەختی ئێران دوای چەندین ڕۆژ پێداگری، بە وەرگرتنی مۆڵەت لە بەردەم باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورک و هەروەها نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ڕۆژنامەی ‘هەمشەهری’ی ئێران لە ژمارەی ١٧٧١ی خۆیدا لەو بارەوە نووسیویەتی: “نزیکەی پێج هەزار کەس لەم خۆپیشاندانە بەشدارییان کرد و دژی دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوکارییان لەگەڵ میتی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دروشمیان بەرزکردەوە، هەروەها کوشتنی کوردەکانیان لەلایەن دیپلۆماتەکانی ئیسرائیلەوە لە ئەڵمانیا شەرمەزارکرد، داواشیانکرد لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە توندی ڕووبەڕووی ئەم تاوانە ببێتەوە، خۆپیشاندەران پشتیوانیی خۆیان لە ڕێبەری گشتی پارتی کرێکارانی کوردستان دەربڕی و دەستگیرکردنی ئۆجالانیان شەرمەزارکرد، داواشیانکرد دۆزی کورد لە ڕێگای ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە چارەسەر بکرێت”.
هەرچەند مۆڵەتێک لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ خۆپیشاندان نەدرابوو، بەڵام لە شاری ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەردەوام بوو و بە گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵات لە سەربانی ناوەندە ئەمنییەکان و شوێنە ئیدارییەکانەوە دەسترێژی گولـلەیان لە خەڵک کردووە و ژمارەیەکی زۆر کوژراون و برینداربوون، بە شێوەیەک کە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە خوێنی سەر شەقامەکانی شۆردووەتەوە.
ناڕەزایەتییەکان کە سەرەڕای سەپاندنی کەشوهەوای سەربازی بەسەر هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە ئورمیە تا ئیلام، دەستیپێکردبوو، بەڵام لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمێ ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی (بەرامبەر ٢٢ی ٢ی ١٩٩٩) لە ڕۆژێک وەکو ئەمڕۆدا، گەیشتە لوتکە و شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند و خۆپیشاندانێکی گەورە و بەرفراوان لە شاری سنە ئەنجامدرا.
هەرچەند هیچ ڕێکخستنێک لە پشت ئەم خۆپیشاندانەوە نەبوو و مۆڵەتیشی بۆ وەرگیرابوو، بەڵام چەند کاتژمێر پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە مۆڵەتەکەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی دەسەڵاتەوە (لە سەرەمی سەرۆک کۆماریی محەمەد خاتەمی) هەڵوەشایەوە و لە تەلەفزیۆندا هەڕەشە لە خەڵک کرا کە نەیەنە ناو شەقامەکان و وتیان هەر چەشنە گربوونەوەیەک بە توندی سەرکوت دەکرێت.
بەڵام هەزاران کەس بێ گوێدانە هەڕەشەکانی دەسەڵات و کەشوهەوای سەربازیی سەپێندراو بەسەر شارەکاندا، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان ڕژانە شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، خۆپیشاندەران وێنەی ڕێبەر ئۆجالان، ئاڵاکانی پەکەکە و ئاڵای (کەسک و سوور و زەرد)ـیان بەرزکردەوە و دروشمی سەرەکیشیان، “باکوور باشوور، ڕۆژهەڵات، یەك وڵات و یەک خەبات” بوو.
هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵات لە شاری سنە کە لە ناوەندەوە فەرمانیان پێکرابوو، ڕووی چەکەکانیان لە خۆپیشاندەرانکرد و بە شێوەی ڕاستەوخۆ خەڵکیان کردە ئامانج و دایانە بەر دەستڕێژی گولـلە.
هەرچەند هەتا ئێستاش ئامارێکی فەرمی لەو بارەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتەوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان بە لانیکەمەوە ٥٠ کەس لە سەر شەقامەکان و ٢٠ کەسیش لەناو زیندانە ئەمنییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و بە سەدان کەسیش برینداربوون.
دوای ئەوەش هێزە ئەمنییەکان هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد و بە سەدان کەسی دیکەیان لە شەقامەکان و لەناو مەڵەکاندا دەستگیرکرد و گواستیانەوە بۆ زیندانە ئەمنییەکان، هەندێک لە شایەتحاڵەکانی ئەو سەرهەڵدانە خوێناوییە باس لەوە دەکەن؛ زیندانە ئەمنیی و کاتییەکان ئەوەندە پڕ بوون کە زۆرێک لە دەستیگیرکراوەکان بەبێی هیچ لێپرسینەوەیەک ڕاپێچی زیندانە گشتییەکانی دەسەڵات کراون.
سەرکوتەکانی دەسەڵاتی ئێران تەنیا سنووردار بە شار سنەوە نەبوو، لە ‘کامیاران و کرماشان’یش هەر ئەو ڕۆژانە سەدان کەس دەستگیرکران، لە ئورمیە و ئیلامیش بە دەیان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و برانە زیندانە ئەمنییەکان و ئەشکەنجەدران.
زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان، دوای ئەوەی لە زیندانی ناوەندە ئەمنییەکان بە توندی ئەشکەنجە دران، گوازرانەوە بۆ زیندان و لە دادگا فۆرماڵیتەکاندا سزای قورسیان بەسەردا سەپا.
سەرهەڵدانی ٣ی ڕەشەمێ شاری سنە، بە یەکێک لە خوێناویترین سەرهەڵدانەکان لە کاردانەوە بەرامبەر دەستگیرکردنی ڕیبەر ئۆجالان دەناسرێت، کە لەوانەیە لە هیچ شوێنێک نمونەی نەبووبێت، ئەو ئاگرەی ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ٩٩ کرایەوە، هێشتا دەگەشێتەوە و لە گەورەبووندایە.
لەو ڕۆژە بەدواوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکەی دوو دەیە بێدەنگیی سیاسیی بەخۆیەوە بینیبوو، گۆڕا و جوڵەی سیاسی و مەدەنی لە هەموو شارەکان دەستیپێکرد، کە تا ئێستاش بەردەوامە و خەڵک و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی بەداوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بەردەوامن لە کار و چالاکیی و سەرەڕای هەموو فشار و سەرکوتکارییەکان دەستیان لە تێکۆشان هەڵنەگرتووە.
لە بەرامبەردا، سەرکوتی دەسەڵاتیش لەو ڕۆژە بەدواوە، تادێت بۆسەر کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیادبووندایە و ڕۆژانە بەدەوامیی پێدەدرێت و ئامانجیان ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و گوێڕایەڵ دروست بکەن، بۆیەش لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستا نزیکەی ١٥٠ چالاکوان، خوێندکار، ژینگەپارێز و هاوڵاتیی مەدەنییان لە پارێزگاکانی ئورمیە، سنە، کرماشان و ئیلام دەستگیرکردووە، کە هێشتاش چارەنووسی زۆرێکیان نادیارە.
هەرچەند دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکانی ئێران، هاوشێوەی داگیرکەرانی دیکە و دەوڵەتە زلهێزەکان، وایاندەزانی کە بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی خەڵک و دەستگیرکردنی ڕێبەریان، دۆزی کورد لەبیر دەبەنەوە و کوردەکان بێدەنگ دەکەن و لەناویان دەبەن، بەڵام دۆزی کورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە گەورەبووندایە و لە جیهاندا زیاتر دەناسڕیتەوە.
ب.ک