ئایا ئەم جارە هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی کورد دەگاتە ئەنجام؟

لە مێژووی سەد ساڵی کوردستاندا کاتێک کورد هەوڵی یەکێتی نەتەوەیی داوە یاخود لە بەدەستهێنانی مافەکانی نزیک بووەتەوە، داگیرکەرانی کوردستان یان پەیماننامەیەکی نوێیان دژی کورد واژۆ کردووە یان پیلانگێڕییەکیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی کورد نەبێتە یەک.


لەئێستادا هەوڵێک بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی کورد هەیە لە باکور و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، چەندین لایەنی کوردستانی لەدەوری یەک کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت یەکێتی نەتەوەیی کورد پێکبهێنن، بۆیە ئەم هەوڵە دەمانباتەوە بۆ بیری ئەو پیلاننامەو ڕێککەوتنانەی داگیرکەرانی کوردستان لەدژی یەکێتی نەتەوەیی کورد و گەیشتنی کورد بە مافەکانی ئەنجامیانداوە کە لێرەدا هەندێکیان باس دەکەین.

لەدوای شەڕی چاڵدێران لەساڵی ٥١٤ کوردستان بەسەر دەوڵەتی سەفەوی و دەوڵەتی عوسمانیدا دابەش بوو، ئەم دابەشبوونە هەتا ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی بەردەوام بوو، لەدوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، سیتمێکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا دروستبوو، هەر نەتەوەیەک دەیویست جێگای خۆی لەنێو ئەو سیستمە نوێیەدا بکاتەوە، ئەو سیستمەی کە لەسەر بنەمای دەوڵەت نەتەوە بونیات دەنرا کوردیش خواستی ئەوەی هەبوو، کە ببێتە خاوەنی دەوڵەت، بەڵام بەهۆی یەکنەبوونی کورد خۆی و پلانی دەوڵەتانەوە کوردستان بەسەر چوار پارچەدا دابەشکرا، یەکێک لەو پەیماننامانەی کە لەو سەردەمەدا دژی کورد واژۆکرا پەیماننامەی لۆزان بوو.

پەیماننامەی لۆزان ١٩٢٣

لە ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣دا لەشاری (لۆزان)ی سویسرا لەنێوان دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سربیاو كرواتیا و توركیا، پەیماننامەی لۆزان مۆرکرا، کە ئامانج لێی دەوڵەتی نوێی توركیا و پیاچوونەوە بوو بەپەیمانی سیڤەردا،لەم كۆنگرەیەدا (عیصمەت ئینونو)ی سەرۆك وەزیرانی توركیا وەك نوێنەری توركیا و (لۆرد كرزن)سیاسەتمەداری ئینگلیز وەك نوێنەری بەریتانیا لەسەر مەسەلەی ناوچەی موسڵ كەوتنە گفتوگۆیەكی درێژخایەن.

لەپێش ئەنجامدانی پەیماننامەی لۆزان، کورد داوای مافی خۆی دەکرد، بەڵام کەمال ئەتاتورک، هەندێک لە کوردەکانی بەوە ڕازیکرد، کە ئەوان پێکەوە لەگەڵ کورد کۆماری تورکیا دادەمەزرێنن، هەروەها هەندێک لە کوردەکانی نارد بۆ واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان، بەڵام لەدوای واژۆکردنی پەیماننامەکە، مافەکانی کوردی پشتگوێخست بۆیە شۆڕشی کورد دەستیپێکرد لەدژی ئەتاتورک، وەک شۆڕشی دێرسیم و ئاگری و شێخ سەعیدی پیران.

لە ئەنجامی ئەم پەیماننامەیەدا ڕێگری لەوەکرا کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەرچەند بەریتانییەکان لەساڵی ١٩١٩ لەشاری سلێمانی دەوڵەتێکییان بۆ شێخ مەحمود دامەزارندبوو، بەڵام بەهۆی فشاری کەمالیستەکان و عەرەبەکانی عێراق و بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە لەو بەڵێنانە پاشگەزبوونەوە کە بەکوردیان دابوو هێرشیان کردە سەر شێخ مەحمود.

لە پەیماننامەی لۆزان-دا، بەریتانیان و فەرەنسا و تورکیا، نەیانتوانی لەسەر ویلایەتی موسڵ بگەنە ڕێککەوتنێک، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٧ لە پەیمانی ئەنقەرەدا بە بڕیارێک ویلایەتی موسڵ، کە بەشێکی زۆری باشوری کوردستان دەگرتەوە لکێندرا بە دەوڵەتی عێراق-ەوە و خەونی بە دەوڵەتبوونی کورد لەگۆڕنرا، هەرچەند لە پەیماننامەی سیڤەر-ی ساڵی ١٩٢٠ مافی چارەی خۆنووسین بۆ کورد دەستەبەر کرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی، کە کورد نەیتوانی ببێتە خاوەنی هێز و بە یکگرتووی مامەڵە بکات بۆیە فشارەکانی تورکە کەمالییەکان بەسەر داواکاریی و مافە ڕەواکانی کورد-دا سەرکەوت.

پەیماننامەی سەعدئاباد

لەدوای دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار پارچەدا و پشتگوێ خستنی خواستەکانی کورد لە ڕێککەوتن و پەیماننامەکاندا، جولانەوەی ئازادیی خوازی گەلی کورد دەستیپێکرد و زۆرجار ئەو جوڵانەوانە پەیوەندی لە نێونیاندا دروستدەبوو و هاوکاریی یەکیان دەکرد، بۆنمونە شۆڕشی سمکۆ خانی شکاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەلایەن کوردانی باکوری کوردستان و باشوری کوردستانەوە هاوکاریی کرا، بۆیە ڕۆژی ٨ی تەموزی ساڵی ١٩٣٧ وەزیرانی دەرەوەی هەرچوار وڵاتی ئێران، تورکیا، ئەفغانستان و عێراق، لە کۆشکی سەعدئابادی باکوری تارانی پایتەختی ئێران، کۆبوونەوە و پەیمانێکیان بەناوی پەیمانی سەعدئاباد واژۆکرد.

بەپێی بەندی دووی ئەو پەیمانەیە ئەو وڵاتانە پابەندن بەوەی ئاسایشی سنوورەکانی یەکتر بپارێزن، بەندی حەوتەمی پەیمانی سەعد ئاباد باس لەوە دەکات، کە هەر کامە لەو چوار وڵاتە پابەند دەبن بەوەی ڕێگریی بکەن لە پێکهاتنی هەر جۆرە جووڵانەوەیەکی مەترسیدار بۆسەر ئاسایشی وڵاتی دراوسێ.

لەو دوو بەندەدا هەرچەند بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناوی جووڵانەوە کوردییەکان نەهێندراوە، بەڵام بەو پێیەی سنوورەکانی سێ وڵاتی ئێران و عێراق و تورکیا دەکەوێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر ئەو سنوورانەش تەنیا بزووتنەوە و جووڵانەوەی گەلی کورد هەیە، دەتوانین بڵێین، کە ئەو بەندە بەتەواوی لەدژی هەموو جۆرە جووڵانەوەیەکی گەلی کورد نووسراوە، ئەو پەیمانە تا ساڵی ١٩٧٩، کە حکومەتی پەهلەوی ڕووخا بەبێ هێچ کێشەیەک کاری پێکرا.

کۆماری مهابات

یەکێکی دیکە لەو گەلەکۆمانەی دژی کورد ئەنجامدرا، لەسەردەمی دورستبوونی کۆماری مهاباتدا بوو، لە ڕۆژی ٢٢ی‌ کانوونی دووەمی ١٩٤٦، قازی محەمەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، دامەزراندنی کۆماری مهابات، لە کاتێکدا ئەنجامدرا، کە ڕوسیا لە باکورەوە بەشێک لە وڵاتی ئێرانی داگیرکردبوو، بەریتانیاش لە باشورەوە بەشێک لەئێرانی داگیرکردبوو، هەروەها پارتی دیموکراتی ئازربایجان دەستی بەسەر ئازربایجانیدا گرتبوو.

لە ٢٦ی ئازاری‌ ١٩٤٧، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزە ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا، سۆڤیه‌ت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران ئەکشێتەوە، لە مانگی حوزەیران دا، ئێران دەستیگرتەوە بەسەر ئازربایجاندا، ئەمە بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ مەھاباد لە سۆڤیه‌ت و دواجار بووە ھۆی‌ داڕمانی، بەهۆی ئەوەی پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا، کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد، بەڵام دواتر هەندێکیان پشتیان بەردا، ئەمەش نمونەیەکی دیکەیە لە پیلانگێڕی نێودەڵەتی دژی کورد و نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی لەنێوان کورداندا، کە بووە هۆی ڕووخانی کۆماری مهابات و لە سێدارەدانی قازی محەمەد و  هاوڕێکانی لەلایەن ئێرانەوە.

پەیماننامەی جەزائیر

لە دوای شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ وە جۆرێک لە خۆبەڕێوبەریی هەبوو لە باشوری کوردستان، هەروەها بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کورد لە باشوری کوردستان بەرەو بەهێزی دەڕۆشت، ئەوەش نەک حکومەتی عێراق، بەڵکو حکومەتەکانی ئێران و تورکیاشی بێزار کردبوو، بۆیە پەیماننامەی جەزائیر، لەساڵی ١٩٧٥ لە وڵاتی جەزائیر مۆرکرا لە نێوان عێراق و ئێران-دا، بە پێی ئەو ڕێککەوتننامەیە پێویستبوو ئێران دەست لە پشتگیریکردنی کوردی باشوری کوردستان هەڵگرێت، لە بەرامبەردا عێراق چەند ناوچەیەکی کەنداوی عەرەب دەداتە ئێران، لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنننامەکە شۆڕشی کورد لە باشوری کوردستان ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بووە و مەلا مستەفای بارزانی، کە سەرکردایەتی ئەو شۆڕشەی دەکرد، ئاشبەتاڵی ڕاگەیاند و شۆڕشەکەی هەڵوەشاندەوە.

ڕێکەوتنامەی ١٩٨٣

لەدوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥، جارێکی دیکە کورد لە باشوری کوردستان دەستی بە دەستپێکردنەوەی شۆڕش کردەوە و چەندین پارتی نوێی کوردی دامەزران، هەروەها لە باکوری کوردستان پارتی کریکارانی کوردستان دامەزرا، لەهەندێک جیگاش هەماهەنگی لەنێوان پارتەکانی باکور و باشوری کوردستاندا دروستدەبوون، بۆنمونە لەساڵی ١٩٨٣ پەکەکە و پارتی ڕێککەوتنێکی ١١ خاڵییان بەئامانجی هەماهەنگی و هەنگاو بەرەو یەکێتی نەتەوەیی واژۆکرد، ئەوەش داگیرکەرانی کوردستانی هەراسان کردبوو، بۆیە لەساڵی ١٩٨٣ دا تورکیا و عێراق پەیماننامەیەکیان بۆ بەزاندنی سنووری یەکدی بە قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر واژۆکرد، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە هێرش بکەنە سەر شۆڕشگێرانی کورد لەناو سنورەکانی یەکدیدا.

پەیماننامەی ئەدەنە

لەساڵی ١٩٩١دا ڕاپەڕینی باشوری کوردستان دروستبوو، لەبەر ئەوەی ڕاپەڕینەکەی باشوری کوردستان پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتی بۆ دروستبوو، داگیرکەرانی کوردستان ناچاربوون بێدەنگی بنوێنن بەرامبەری، بەڵام لە هەوڵی ئەوەدابوون نەهێڵن شۆڕشێکی دیکەی هاوشێوە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دروسبێت، بۆیە کاتێک شۆڕشی پەکەکە، گەورەبوو و لە پارچەکانی کوردستانەوە هاوڵاتیان باوەڕییان بەو شوڕشە لەزیادبووندا بوو، هەروەها لەلایەن پارچەکانی کوردستانەوە پشتگیریی ئەو شۆڕشە لە زیادبووندا بوو، دەوڵەتی تورکیا و سوریا لە ڕۆژی ٢٠-١٠-١٩٩٨ پەیماننامەی ئەدەنە-یان مۆرکرد، لەئەنجامی ئەو پەیماننامەیەدا لە ڕۆژی ٩-١٠-١٩٩٨ گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە پێکهات، لە پەیماننامەی ئەدەنە، سوریا و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی، کە سوریا هەر ئەندامێکی ڕێکخستنەکانی پەکەکەی دەستگیرکرد ڕادەستی تورکیای بکاتەوە، هەروەها ڕێگایان دا بەیەکتر کە ٥ کیلۆمەتر سنوورەکانی یەکدی ببەزێنن بۆ هێرشکردنە سەر بزوتنەوەی ڕزگاریی خوازیی گەلی کورد، لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا چەندین چالاکوانی کورد لەلایەن سوریاوە ڕادەستی تورکیا کرانەوە، هەروەها سوریا چەندین درامای تورکی دۆبلاژی زمانی عەرەبی کرد و لە سوریا بڵاوی کردەوە و لەپێناو ئەوەی کەلتور و هونەری کوردبپشێوێنێت، لە بەرامبەریشدا ڕێککەوتننامەی ئابووری لەنێوان تورکیا و سوریادا مۆرکرا.

ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٨٣ نوێکرایەوە

لەدوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٢ بەدواوە شەڕی ناوخۆ لەنێوان لایەنە کوردستانییەکاندا ڕاگیرا و لایەنەکان لە هەوڵی یەکخستنەوەی پەیوەندییەکانیاندا بوون، بەتایبەت یەکێتی و پارتی و پەکەکە، دەوڵەتی تورک و دەوڵەتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان لە هەوڵی پیلانگێڕی نوێدابوون، بۆیە لەدوای ئەو فیدڕاڵی و مافانەی کورد لە باشوری کوردستان بەدەستیهێنا و ئەو پێشکەوتنەی بزوتنەوەی ئازادیی خوازی کورد لە باکوری کوردستان بەدەستی هێنابوو، جارێکی دیکە حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورک لەساڵی ٢٠٠٨دا پەیماننامەی ساڵی ١٩٨٣ یان نوێکردەوە بۆ بەزاندنی سنوورەکانیان، لەدوای ئەو نوێکردنەوەیەش دەوڵەتی تورک ئۆپراسیۆنی ڕۆژی بۆ باشوری کوردستان ئەنجامدا، کە زیاتر لە ١٠ هەزار سەرباز تێیدا بەشداربوون، هەتا ئێستاش لە چوارچیوەی ئۆپراسیۆنی چنگ، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێنانی سەرباز و بۆردوومان لەڕێگەی فڕۆکەی شەڕ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تەواوی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.

دوای ڕیفراندۆم

لە ساڵی ٢٠١٧ دا لە باشوری کوردستان بڕیاردرا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان و جیابوونەوەی باشوری کوردستان لە عێراق ئەنجامبدرێت، لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە هەڕەشەی دەوڵەتانی تورک و ئێران و عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان لە ڕۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، لەدوای ڕیفراندۆم لەلایەن دەوڵەتی ئێران و تورکیا و عێراقەوە گەمارۆی ئابووری و سیاسی خرایە سەر هەرێمی کوردستان، دواجار بە ڕێککەوتنی نێوان ئەو سێ دەوڵەتە لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان بۆسەر باشوری کوردستان دەستپێکرد، ٥٢٪ خاکی باشوری کوردستانیان داگیرکرد، لەدوای ئەوەش ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا وتی ' لەگەڵ عێراق و ئێران، ڕیفراندۆمی باشوری کوردستانمان شکستپێهێنا'.

شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان

لەدوای دروستبوونی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو هێرشانەی لەلایەن چەتەکانی داعش و چەتەکانی سەربە تورکیا دەوڵەتی تورکەوە کرایە سەر ڕۆژئاوای کورستان، لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەوڵی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی دراو کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان هاوسۆزیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی، بۆیە دەوڵەتی تورک و دەوڵەتانی دیکەی جیهان کەوتنە دژایەتی کردنی ئەو شۆڕشە و لەکۆتا ڕێککەوتنیشدا کە لەنێوان ڕوسیا و تورکیادا مۆرکرا، داوای زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەدەنە کرا، هەروەها بەپێی زانیارییەکان لە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، داوای لێکراوە، کە هەوڵبدات بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی کڕینی کاڵای تورکی بشکێنن، کە وەک ڕەمژێکی بەرخۆدانی کوردە بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی تورکیا.

وەک ئەوەی لەو ڕێککەوتننامە مێژوویانەدا دەرکەوت، هەرکاتێک کورد توانیبێتی ببێتە خاوەنی هێز و تا ئاستێک هەنگاوی نابێت بەرەو بەدەستهێنانی مافەکانی، دەوڵەتانی هەرێمی و دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا، لەدژی گەلی کورد کۆمپلۆیەکی نێونەتەوەییان پێکهێناوە، بۆیە کە ئێستاش هەوڵێکی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی لە ئارادایە  لە باشور و باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها هونەرمەندانی کورد لە ئەوروپاوە داوای پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن، هەروەها لەسەر ئاستی گەل یەکێتی و هاوسۆزییەکی بەهێز لە نێوان هاوڵاتیانی هەموو پارچەکانی کوردستاندا پێکهاتووە، دوور نییە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان پیلانێکی دیکە بۆ شکستپێهێنانی ئەنجامبدەن، بۆیە جێگەی خۆیەتی بپرسین ئایا هەوڵەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد ئەمجارە دەگاتە ئەنجام یاخود نا.