لە سێدارەدان یەکێکە لە کۆنترین سزا سەپێنراوەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، زاراوەی لە سێدارەدان بە واتای کوشتنی کەسێک بە هۆی تاوانێکی گەورەوە ، بە درێژایی مێژوو ئەو تاوانانەی کە لە سێدارەدان دەیان گرتنەوە جیاواز بوون ، خیانەتکردن لە نەتەوە یەکێک بووە لەو تاوانانەی کە ڕاستەوخۆ سزاکەی جێبەجێ کراوەو لێخۆشبوونیش کەسەکەی نەگرتۆتەوە.
لە سێدارەدان دیاردەیەکی نامرۆڤانەیە دژی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت ، بە درێژایی مێژوو لە زۆرینەی کۆمەڵگاو نەتەوەکاندا سزای لە سێدارەدان جێبەجێ کراوە، بەڵام لە ئێستادا لە یەکێتی ئەوروپا بەپێی ماددەی دوو لە دەستووری مافی بنەڕەتی بەهەموو شێوەیەک جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان قەدەغە کراوە.
بەشێوەیەکی گشتی بیروبۆچونەکان جیاوازن لەسەر سزای لە سێدارەدان، دەوڵەتە دیموکراتییەکان پشتگیری کۆتایی پێهێنانی سزای لەسێدارەدان دەکەن، گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراتی دەبێتە هۆی نەمانی سزای لەسێدارەدان، یاخود بوون بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام سەرباری ئەوەی ئەمریکا بانگەشەی دیموکراسی دەکات هەندێک ویلایەت تاکو ئێستاش زۆر بە توندی سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن، بەڵام ویلایەتێکی وەک میشیگان لە ساڵی 1847 ەوە کۆتایی بە سزای لە سێدارەدان هێناوە.
لە ولاتێکی وەک تورکیا و هەرێمی کوردستان سزای لە سێدارەدان بە تەواوەتی جێبەجێ ناکرێ بەڵکو لەبری لە سێدارەدان سزای هەتاهەتایی جێبەجێ دەکرێت ، بەڵام لە عێراق هێشتاکە سزاکە بۆ هەندێک حاڵەت جێبەجێ دەکرێت و بۆ هەندێک حاڵەتیش سزای هەتاهەتایی لەبری جێبەجێ دەکرێت
بەپێی ڕوپێوییەک کە لەلایەن دەزگای غالوبەوە لە ساڵی ٢٠٠٠ دا ئەنجام دراوە ، پشتگیرییەکی جیهانی هەیە بۆ کۆتایی پێهێنانی سزای لە سێدارەدان ، زیاتر لە ٪٥٢ پشتگیری نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان دەکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ٢٠٠٧ دا بڕیارێکی پێشکەشکرد، داوای کرد سزای لە سێدارەدان هەڵبگیرێت
لە ساڵی ٢٠١٤ لە کۆی ٩٧ دەوڵەت تەنیا ٢٢ وڵات سزای لە سێدارەدانییان جێبەجێ کردووە
لە ئێستادا نزیکەی ١٧٠ دەوڵەت لە نەتەوەیەکگرتووەکان سزای لە سێدارەدانییان هەڵگرتووە یان کاری پێ ناکەن
ئەو تاوانانەی کە سزای لە سێدارەدان دەیانگرێتەوە لە کۆمەڵگاو نەتەوەیەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە ، هەندێک کۆمەڵگا خیانەت و سیخوڕی سزای لە سێدارەدانییان بۆ داناوە، هەندێکی تر بازرگانی بە مرۆڤ، یاخود هەندێکی تر دزی سزای لەسێدارەدانی بۆ دانراوە، یان بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و دەستدرێژی سێکسی، دیارترین وڵاتیش کە لەسەر سیاسەت سزای لە سێدارەدان جێبەجێ دەکات وڵاتی ئێرانە.
بەردەوام ئێران لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەداندا ڕێژەیەکی زۆر بەرزی تۆمار کردووە، بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان ساڵانە ڕێژەی لە سێدارەدان ٣٠٠ هاوڵاتی زیاترە واتە بە نزیکەیی بۆ هەر ڕۆژێک کەسێک لە سێدارە دەدرێت بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٢٦٧ هاوڵاتی ، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣١٤ هاوڵاتی ، لە ساڵی ٢٠٢٢ بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ٥٠٨ هاوڵاتی کوژراون کە لە نێویاندا ٩٦منداڵ هەبوون ، زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتیش لە سێدارە دراون ، ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە تەنیا وڵاتی چین لە ئێران زیاتر هاوڵاتییانی خۆی لە سێدارەداوە.
ئێران مێژوویەکی دورودرێژی هەیە لە سێدارەدان بەهۆی سیاسەتەوە، بە تایبەت ئەوانەی بە نەیاری خۆی دەزانێت ، زۆر بە تایبەتتر کوردانی ڕۆژهەڵات و شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات .
سەرباری ئەوەی ئێران خۆی بە وڵاتێکی ئیسلامی دەناسێنێت، بەڵام ئەو سزای لە سێدارەدانەی جێبەجێییان دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە ئاینی ئیسلامیشەوە نییە
بۆ یەکەم جار لە مێژووی دەوڵەتی ئێراندا، لە دوای ئەوەی سزای لە سێدارەدان بۆ شۆڕشگێڕێکی وەک زەینەب جەلالییان دەرچوو، بەڵام فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر دروست بوو کە بووە هۆی ئەوەی سزاکە جێبەجێ نەکەن و سزاکەیان بۆ گۆڕی
هەروەها ڕەیحانە جەباری کە لەلایەن کەسێکەوە دەستدرێژی کرایە سەر، ڕەیحانە تاوانبارەکەی کوشت، ئەویش بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کرا، سەرباری فشاری بەهێز لە دژی لە سێدارەدانی بەڵام سزاکەیان وەک خۆی جێبەجێ کرد
بە درێژایی ٤٣ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدان یەکێک لە ئامرازەکانی سەرکوتکردن و چاوترساندنی خەڵک بووە و بە پاساوی جیاجیا هەزاران کەس لە هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شۆڕشگێڕان و چالاکوانانی ئەو بەشەی کوردستان لە سێدارەدراون، لەوانەش شیرین عەلەم هولی و فەرزاد كەمانگەر و هاوڕێكانی، حسێن خزری و ڕامین حسێن پەناهی و.. هتد.
لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانیشەوە یەکەم حوکمی لە سێدارەدان لە دژی موحسین شکاری جێبەجێکرا کە تۆمەتبارکرا بە بریندارکردنی کەسێک بە چەقۆ لە هێزەکانی پاسیج، دادگاش سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی حوکمەکەی بە یاریکردنێک ناوبرد بۆ ترساندنی زیاتری خۆپیشاندەران و ڕێگری لێکردنییان.
هەروەها لەگەڵ موحسین شکاری سێ خۆپیشاندەری تریش لە سێدارە دراون و بە پێی دوایین ڕاپۆڕتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لانیكەم ١٠٩ خۆپیشاندەر مەترسی سەپاندن و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
لەسەر گومان لێکردن سزای لە سێدارەدان بۆ سیاسەتوانان دەردەکرێت و ناچار دەکرێن دان بە تاوانێکدا بنێن کە ئەنجامییان نەداوە
ئێران بەشێوەیەکی نهێنی سزاکە جێبەجێ ناکات، بەڵکو بەشێوەیەکی ئاشکراو بەبەرچاوی هەموو دنیا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سزاکە جێبەجێ دەکات.
ئەگەر فشاری بەردەوام و لۆبی کاریگەر و بەهێز بەشێوەیەکی بەردەوام و ڕێکخراو ئەنجام بدرێت ئەوا هەوڵەکان ڕەنگە لە داهاتووی نزیکدا کاریگەری خۆی هەبێت و ببێتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی هەتاهەتایی سزای لە سێدارەدان لە سیستمی حوکمڕانی ئێراندا لاببرێت یان هەڵبگیرێت
س.ك