ئێستا ژیان لە ١٧ی شوبات سەختترە

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى ١٧ى شوباتى ساڵى ٢٠١١، بووەتە مێژوویەکى پرشنگدارى دەربڕینى ناڕەزایەتیى دژى ستەم و نایەکسانیى، بەڵام دوای تێپەڕکردنی هەشت ساڵ، ئێستا دۆخی ژیانی خەڵک زۆر خراپترە، هەر لە ڕووی سیاسییەوە تا دەگاتەوە ئابووری و مووچە و ژیانی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا.


ئەمڕۆ ٨ ساڵ بەسەر دەستپێکردنى خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەکانى ١٧ى شوبات-دا تێدەپەڕێت، کە ماوەى ٦٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، هەرچەند بە زەبرى هێز کۆتایى بەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە هێندرا، بەڵام لێکەوتەکانى هاتاوەکو ئێستا بەردەوامە.

 

خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات، لەشارى سلێمانییەوە سەرى هەڵدا، خۆپیشاندەران دژى بەرتەسککردنەوەى ئازادیى ڕادەڕبڕین و قۆرغکاریى دەسەڵات و بازاڕ لەلایەن هەردوو حزبى دەسەتدار و ئەو ستەم و نایەکسانییەى کە هەبوو لە هەرێمى کوردستان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، لەو ماوەیەکى کە خۆپیشاندانەکان بەڕێوە دەچوو، چەندین جار گرژیى و ئاڵۆزیى لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ڕوویدا، لەشارى سلێمانى شار و شارۆچکەکانى دەوروبەریدا، ١٠ هاڵاتى شەهید بوون، کە منداڵێشیان تێدابوو، ئەو هاوڵاتیانە هەندێکیان بە گولـلەى پاسەوانى بارەگاى لقى چوارى پ- د- ک، لەشارى سلێمانى شەهید بوون ئەوانى دیکەش بە دەستڕێژى هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى شەهید بوون، هەتا ئێستاش تەقەکەرەکان دەستگیر نەکراون.

بڕواى چاودێرانى سیاسیى و بەشداربووانى خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات وایە، کە ئەو ناڕەزایەتیانەى لە ١٧ى شوباتى ساڵى ٢٠١١ دەستیپێکرد، بووە کلتورێک بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتیى، لەو ڕووەوەى، کە ئیدیى هاوڵاتیان بۆ بەدەستهێنانى مافەکانیان فێرى ئەوە بوون لەسەر شەقام بمێننەوە و تاکۆتایى پێداگریی لەسەر داواکارییەکانیان بکەن، بۆ ئەوەش نمونەى خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەران دەهێننەوە، هەروەها پێیان وایە خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات، کلتورى داواکاردنى مافەکانى بەشێوەى ڕادیکاڵ هێنایە ئاراوە بۆ ئەوەش نمونەى ڕاپەڕینەکەى شیلادزێ دەهێننەوە دژ بارەگاى سوپاى تورک لەودەڤەرە.

دۆخى هەرێمى کورستان خراپتر بووە

لە ساڵى ٢٠١١ دا هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دژى بەرتەسکردنەوەى ئازادیی و قۆرغکردنى دەسەڵات و بازاڕ، لەلایەن پارتى و یەکێتى-یەوە خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام تا ڕادەیەک دۆخى دارایی هاوڵاتیان و مووچەى فەرمانبەران جێگیر بوو، لەدواى ١٧ى شوباتەوە دۆخى ئازادیی ڕادەربڕین بەرتەسکتر کراوەتەوە، چەندین ڕۆژنامەنووسى دیکە شەهید کران، قۆرغکاریى زیاتر لە دەسەڵات و بازاڕ و کەرتى نەوتدا کرا لەلایەن دوو حزبى دەسەڵاتەوە، هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى قەیرانێکى دارایی قورسکرایەوە، مووچەى فەرمانبەران بۆ نیو مووچە و چارەکە مووچە کەمکرایەوە، بۆیە چاودێران پێیان وایە ئەو ستەمەی دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان بۆ کپکردنەوەى جەماوەر بەکارى دەهێنێت، ناتوانێت جەماوەر کپبکاتەوە و لەهەر کاتێکدا ئەگەرى تەقینەوەى جەماوەر هەیە، بۆ ئەوەش نمونەى ڕاپەڕینەکى خەڵکى شیلادزێ دەهێننەوە دژ بە بارەگاى سوپاى تورک و ئەو هاوکارییانەى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان دەیکەن بۆ داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک.

د.فایەق گوڵپى، چاودێرى سیاسیى و یەکێک لە ئەندامانى ئەنجومەنى سەراى ئازادیی، کە ئەنجومەنى خۆپیشاندەرانى ١٧ى شوبات بوو، دەڵێت: خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات بووەتە مێژووى خەباتى دیموکراتى خەڵکى کوردستان، بەرامبەرى بە حوکمى نادیموکراتى و نادادپەروەریی هەرێمى کوردستان، لەبەر ئەوەى ڕۆژبەڕۆژ هەستماندەکرد دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕۆشت، بەتایبەت بەرپرسانى پ- د- ک، هەڕەشەى لە دەنگە ئازادەکانى هەرێمى کوردستان دەکرد، بۆنمونە سەردەشت عوسمان ماوەیەک پێش ئەوە تیرۆرکرابوو، هەروەها سۆرانى مامەحەمە و عەبدولستار شەریف تیرۆرکرابوون، هەڕەشە لە ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسەکانى سلێمانیش دەکرا، بەتایبەت لەلایەن فازڵ میرانى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتییەوە، هەروەها هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەى ئەو لایەنانەى ناچنە ژێر ڕکێفى پارتى و یەکێتى-ییەوە پەراوێز بخرێن.

گوڵپى، پێىوایە ١٧ى شوبات کلتورێکى نوێى خۆپیشاندانى هێنایە ئاراوە و بووەتە هەوێنى خۆپیشاندانى دیکە و وتى: پێش ١٧ى شوبات خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى هەبوو، بەڵام لە ١٧ى شوباتدا خۆپیشاندانەکان ڕێکخراوتر بوو، داواکارى کاتى و داواکاریی درێژخایەنى تیابوو، هەروەها دواى ١٧ى شوباتیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون لەبەر ئەوەى کێشەکان بەردەوام بوو.

وتیشی: گرنگى ئەو خۆپیشاندانانەى دواى ١٧ى شوبات ئەوەبوو کە ڕۆشتە شارەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، بۆنمونە خۆپیشاندانى مامۆستایان چووە هەولێرى پایتەخت، خۆپیشاندانەکانى شیلادزێ تێیدا خەڵک بارەگایەکى سوپاى تورکیایان سوتاند، ئەوە جێگەى دڵخۆشییە، بەڵام کاردانەوەى دەسەڵاتیش دەریخست کە دەسەڵاتى سیاسى لە هەرێمى کوردستاندا ئەڵقە لەگوێى تورکیایە.

هەروەها، هاوژین مەلا ئەمین، مامۆستاى زانکۆ و یەکێک لە ئەندامانى ئەنجومەنى سەراى ئازادیی، لەبارەى گرنگى خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات، دەڵێت: خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات، ئەگەر تاکە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتى نەبێت دژى ستەمى دەسەڵاتى کوردیى ئەوە پرشنگدارترینییانە، یەکێک لە گرنگییەکانى ئەوەبوو کە هەڵگرى زۆر پەیامى ڕاستەقینە بوو بۆ چاکسازیى، بۆئەوەى جارێکى دیکە هاوڵاتى کورد بتوانێت حوکمێکى ڕاستەقینە بەرجەستەبکات، کە هەڵقوڵاوى تێگەیشتنێکى ڕاستەقینەبێت لە مەدەنییەت و هاوڵاتیی بوون.

هاوژین مەلا ئەمین، باسى ئەو دیوارانەدەکات کە خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات تێکى شکاند و دەڵێت: ١٧ى شوبات مێژووى پێش خۆی و دواى خۆى دیاریى دەکات، بەتایبەت لەو ڕووەى کە ئیتر مرۆڤى کورد ئەو زوڵمانە قبوڵناکات کە بەناوى کوردایەتییەوە لێى دەکرێت، بەگشتى مرۆڤى کورد توانى لەسەر مافەکانى خۆى بێتەدەنگ، زۆربەى ئەو ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانانەى لەدواى ١٧ى شوباتەوە ئەنجامدراوە، هەموویان پەیوەندییان بە ١٧ى شوباتەوە هەیە، ئەگەر چى لەئاستى ئەودا نین.

ناوبراو، تیشکى خستە سەر داواکاریی خۆپیشاندەرانى ١٧ى شوبات و وتى:١٧ى شوبات خۆپیشاندانێک نەبوو تەنها بۆ داواکارییە سەرەتاییەکان، خۆپیشاندانێک بوو تێیدا بە ڕاشکاویى بە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستانیان وت ئیتر بەسە، ئەمشێوە حکومڕانییە بەکەڵکى مرۆڤى کورد نایەت، هەروەها دەتوانم بڵێم ١٧ى شوبات پێشبینى هەموو ئەو کارەساتانەى کردبوو کە دواى ١٧ى شوبات ڕوویاندا، لە ڕووى گەندەڵى ئیداریی و هەرەسهێنان بە پڕۆسەى دیموکراسیى و سنووردارکردنى ئازادییە سیاسییەکان و تاکڕەویى لە دەسەڵات و گرێدراویى بە داگیرکەرانى کوردستانەوە.

هاوژین مەلا ئەمین، پێى وایە ئەگەر دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان، چارەسەرى گرفتە سیاسیى و ئیدارییەکان نەکەن، ئەوە لەهەر کاتێکدا ئەگەرى تەقینەوەى جەماوەر هەیە وەک ١٧ى شوبات، "تاکە مەسجێکى ڕاستەقینە کە ١٧ى شوبات پێمان دەڵێت، ئەوەیە، کە ئەگەرى شۆڕشێکى ڕاستەقینە دژى ئەو بارودۆخە هەیە کە دەسەڵاتى کوردى لە باشورى کوردستان دروستیکردووە".

هاوژین ئەمین لە بەرەدوامییدا دەڵێت: ئەو بارودۆخه پۆلیسییەى کە دروستکراوە ئەگەرى هەیە هەر ساتێک ١٧ى شوباتێکى دیکە ببینین، لەبەر ئەوەى ئەو داواکارییانەى کە هەبوو وەک خۆى ماوەتەوە، ناڕەزایەتییەکانیش زیاتر بوون کەمتر نەبوون، هەروەها حکومڕانى لە هەرێمى کوردستاندا بەروخراپتر ڕۆشتووە.

ناوبراو تیشکى خستە سەر ئەو سیمبولانەى ١٧ى شوبات تێکى شکاند و وتى: ١٧ى شوبات کەلتورێکى هێنایە کایەوە کە خەڵک پێداگریی لەسەر داواکارییەکانى بکات، لە هێزە ئەمنییەکان فشارەکان نەسڵەمێتەوە، هەروەها کەلتورێکى دیەشى هێنایە ئاراوە ئەویش ئەوەیە خەڵک بە شێوەیەکى زۆر نەرم داواى مافەکانى نەکات، ١٧ى شوبات نەک لق و کۆمیتە و بارەگاکانى لەبەرچاوى خەڵک خست، بەڵکو ئەو شانازییە شۆڕشگێڕەشى خستە ژێر پرسیارەوە، چیدى خەڵک حزبەکانى کوردستانى وەک حزبى شۆڕشگێڕ و شایستە بە فەرمانڕەوایى لەسەر بنەماى شۆڕشگێڕیى نابینێت، بارەگاى حزبیى و ژیانى حزبیشى لەسەر ئەو بنەما تەقلیدییە ناشیرین کرد، وایکرد کە مرۆڤ شانازى بەوەوە بکات کە کەسێکى سەربەخۆیە و لەدەرەوەى فەزاى حزب خزمەت دەکات.

ش.ف