ئەزموونی هەرێمی کوردستان دوای ٢٩ ساڵ لە ڕاپەڕین

٢٩ ساڵ پێش ئێستا خەڵکی باشوری کوردستان ڕاپەڕینیان ئەنجامدا و لەژێر داگیرکاریی و ستەمی ڕژێمی بەعس دەرچوو و حکومەتی خۆی پێکهێنا، ئەمەش بۆ تەواوی کورد بووە جێی شانازی، بەڵام دوای ڕاپەڕین لەبری پێشخستنی دەستکەوتەکان، شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی قەیران و کۆچبەربوون و نەهامەتی.


ئەمڕۆ ٥ی ئازاری ٢٠٢٠، ٢٩ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی باشوری کوردستان لەدژی ڕژێمی بەعسی عێراق، لێرەدا باس لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین و لێکەوتە و ئەنجامەکانی پاش ڕاپەڕین دەکەین.

لە کۆتاییەکانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران - عێراق، ڕژێمی بەعس دژایەتییەکانی بەرامبەر کورد زیاتر کرد و شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، کە بەهۆیەوە ٥ هەزار کەس شەهیدبوون و دەیان هەزاری دیکەش برینداربوون.

هەروەها شاڵاوی ئەنفالی دژی کورد دەستپێکرد و ١٨٢ هەزار کوردی لە سەرانسەری باشوری کوردستان ڕاگواست بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق و ئەنفالی کردن، جگە لەوەش نزیکەی پێنج هەزار گوندی باشور ڕووبەڕووی کاولکاریی کردەوە.

لە ساڵی ١٩٨٦ بە هەوڵی ئێران یەکێتیی لەگەڵ هەریەکە لە حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشتبوونەوە و ئەمەش بووە زەمینەی دامەزراندنی "بەرەی کوردستانیی" لە هەمان ساڵدا، کە هەموو حزبەکانی باشوری کوردستانی لەخۆدەگرت.

ئامانج لە دامەزراندنی بەرەکەش وەک بانگەشەیان بۆ دەکرد، خەباتی هاوبەش بوو لەدژی ڕژێمی بەعس.

ڕژێمی بەعس لە ٢ی ٨ی ١٩٩٠ کوێتی داگیرکرد و کردی بە ١٩یەمین پارێزگای عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان سزای ئابوورییان بەسەر عێراقدا سەپاند و مۆڵەتی تا ١٥ی ١ی ١٩٩١یان دا بۆ کشانەوە لە کوێت.

لە ١٧ی ١ی ١٩٩١ هێرشی ئاسمانیی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانەوە بۆ سەر عێراق دەستیپێکرد، دوای چەند ڕۆژێک سوپای عێراق بەتەواویی تێکشکا.

لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا شیعەکان لە باشوری عێراق دەستیان بە ڕاپەڕین کرد و کوردیش لە باشوری کوردستان کەوتنە خۆیان و ئامادەکارییان کرد بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین.

لە ڕۆژی ٥ی ٣ی ١٩٩١ یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی ڕانیەوە لێدرا و دواتر سەرجەم شار و شارۆچەکەکانی باشوری کوردستانی گرتەوە، لە ئێوارەی ٢٠ی ٣ بە ئازادکردنی کەرکوک، ڕاپەڕین کۆتاییهات و بەعس لە باشوری کوردستان دوورخرایەوە.

ئەم دۆخە زۆری نەخایاند و لە ٢٨ی ٣ی هەمان ساڵدا ڕژێمی بەعس کەرکوکی داگیرکردەوە و دواتر پەلی هاویشتەوە بۆ تەواوی باشوری کوردستان، لە ئەنجامیشدا کۆڕەوی خەڵکی باشوری کوردستانی لێکەوتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان.

لە تەمموز و تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ جارێکی دیکە خەڵک لەدژی بەعس ڕاپەڕینەوە و دامودەزگاکانی بەعس لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەرکران و بەرەی کوردستانیی کاروبارەکانی بەڕێوەدەبرد.

دواتر بڕیاری هەڵبژاردن درا و لە ١٩ی ٥ی ١٩٩٢ بۆ یەکەم جار هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان بەڕێوەچوو و پەرلەمان دامەزرا و لە کۆی ١٠٥ کورسی، پێنج کورسیی درا بە پێکهاتەکانی دیکە.

بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٤%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەمتر لەو ڕێژەیەی بەدەستهێنا، بەمپێیەش بە ڕێژەی ٥٠ بۆ پارتی و ٥٠ بۆ یەکێتی کورسییەکانی پەرلەمانیان دابەشکرد.

سەرۆکی پەرلەمان درایە پارتی و جەوهەر نامیق سالم بووە یەکەم سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی حکومەتیش درایە یەکێتیی و دکتۆر فوئاد مەعسوم بووە یەکەم سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەڵام دوای ساڵێک کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی چووە جێگاکەی فوئاد مەعسوم.

لەو هەڵبژاردنەدا هەریەکە لە جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، مەلا عوسمان عەبدولعەزیز و دکتۆر مەحمود عوسمان خۆیان بۆ ڕێبەرایەتیی باشوری کوردستان هەڵبژارد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسیان دەنگی نیوە زیاتریان نەهێنا و ئامادەش نەبوون خولی دووەم بکەن و بارزانی و تاڵەبانیش کەسیان دۆڕاندنیان پەسەند نەبوو، کەس دیاریی نەکرا بۆ ڕێبەر.

لە ساڵانی دوای ڕاپەڕیندا، لەلایەک خۆشحاڵی و شانازی هەبوون، لەلایەکی دیکەش ناکۆکی و شەڕ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی باشوری کودستاندا هەبوو، هەروەها پلانی دەرەکی لەسەر پارتەکان و گەلی باشوری کوردستان هەبوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی جاریکی دیکە خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێ.

پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٤ی ١٠ی ١٩٩٢ بڕیاری شەڕی لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دا، پێشتر لەچوارچێوەی ڕێککەوتن و پەیوەندیدا بەرەی کوردستانیی و حکومەتی هەرێم پەیمانیان دابوو ڕێگا نەدەن جوڵانەوەی کوردیی لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان سنوورەکانی باشور بەکاربهێنن.

لەم چوارچێوەیەدا حزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی ئێرانیان لە سنوورەکان دوورخستەوە و لە ئۆردوگاکاندا خستنیانە ژێر چاودێرییەوە، هەوڵیاندا هێزەکانی پەکەکەش بخەنە ژێر کۆنترۆڵەوە، بەڵام پەکەکە ئەوەی قبوڵ نەکرد و بەو هۆیەشەوە یەکێتیی و پارتی شەڕیان دژی پەکەکە هەڵگیرساند.

هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ

ساڵی ١٩٩٣ شەڕ لە نێوان یەکێتیی و بزووتنەوەی ئیسلامیدا ڕوویدا، دوای دەستگیرکردنی مەلا عوسمان، ڕێبەری بزووتنەوە و دەستگرتن بەسەر سەرکردایەتیی بزووتنەوەدا، شەڕ کۆتاییهات.

هەر لە هەمان ساڵدا شەڕ لە نێوان حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕوویدا، دواتر بە ناوبژیوانیی یەکێتیی کۆتایی پێهات.

سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، دەستیپێکرد و پاشان هەموو باشوری کوردستانی گرتەوە، بارەگاکانی یەکێتی لە دهۆک و لقی چواری پارتی لە سلێمانی گیران.

هەرچەندە چەند جارێک لەلایەن مەسعود بارزانیی و جەلال تاڵەبانییەوە ئاگربەست ڕاگەیەندرا و ژووری عەمەلیاتی هاوبەش پێکهێندرا، بەڵام نەیتوانی بەر لە شەڕەکان بگرن.

سەرەتای ساڵی ١٩٩٥ دیسانەوە شەڕ لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردووە، ڕۆژی ١٥-١- ١٩٩٥هێزەکانی یەکێتی شاری هەولێریان گرت و شەڕەکە بەوجۆرە درێژەی هەبوو.

شەهید دیار غەریب، ئەندامی پێشووی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە لە کتێبی کورتە مێژوویەکی عێراق و باشوری کوردستاندا، باس لە بارودۆخی شەڕی ناوخۆ دەکات و دەڵێت: لە هاوینی ساڵی ١٩٩٦دا دەستێوەردانی دەرەکیی پەرەی سەند و هەوڵدرا یەکێتی و پارتی ئاشتبکەنەوە، بە مەرجێک سنوور بۆ پەکەکە دابنێن.

"یەکێتی دەیویست سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی پارتی، ئەوەبوو لە مانگی ٦ی ١٩٩٦ هاوکاری هێزەکانی ئێرانی کرد بۆ زەبر وەشاندن لە ئۆردوگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، تا لە بەرامبەردا ئێران هاوکاریی بکات بۆ دەستگرتن بەسەر سێگۆشەی سنووریی دیانا سیدەکاندا".

دواتر یەکێتیی هێرشیکردە سەر هاوینە هەواری سەڵاحەدین کە شوێنی مانەوەی بارزانی بوو، لەوکاتەدا پارتی لەگەڵ ڕژێمی عێراق ڕێککەوت و دەسەڵاتی عێراق هاوکاریکرد لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا پارتی و عێراق هەولێریان گرت و یەکێتییان دەکرد.

دوای ئەوە پارتی لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی کۆنترۆڵکرد و هێزی یەکێتیی دەرکرد بۆ سنووری ئێران، دواتر لە ١٠ی ١٠ ساڵی ١٩٩٦ یەکێتی بەهاوکاری ئێران جارێکی تر گەڕایەوە و زۆرینەی ناوچەکانی خۆی کۆنترۆڵکردەوە و ئەو سنوورەی ئەمڕۆ هەیە بووە سنووری نێوان پارتی و یەکێتی.

پەیمانی واشنتۆن

لە ماوەی شەڕی ناوخۆدا چەندین دانیشتن لە پاریس، لەندەن، ئەنقەرە و دبلن-دا ئەنجامدرا و هەوڵدرا یەکێتی و پارتی ئاشت بکرێنەوە، دواتر لە ١٧ی ٩ی ١٩٩٨ لەسەر داوای ئەمریکا تاڵەبانی و بارزانی پەیمانی واشنتۆن-یان ئیمزاکرد، کە شەش ماددە بوو و پێنج ماددەی تایبەت بوو بە ڕێکخستنەوەی ئیدارەی هەرێم، ماددەی شەشەمی بریتیبوو لەوەی هەردوولا هاوکاربن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.

ئەمەش لەکاتێکدابوو، کە پەکەکە ١٧ ڕۆژ بەرلەوە ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو.

لەوکاتەدا، شەڕی ناوخۆ باشوری کوردستانی پارچە کردبوو بۆ دوو بەش، شاری هەولێر و دهۆک لەلایەن پارتی-ەوە بەڕێوەدەبرا و شاری سلێمانیش لەلایەن یەکێتییەوە، لە هەولێر پارتی حکومەتێکی دامەزراندبوو، لە سلێمانیش یەکێتی حکومەتێکی دامەزراندبوو.

تا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر یەکیانگرتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش تێبینی لەسەر شێوازی یەکگرتنەوەکەیان هەیە، بەوپێیەی تا ئەمڕۆش ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی ماونەتەوە و لەگەڵ بوونی هەر گرژییەکی سیاسیی لەگەڵ نەیارەکانی، پارتی دەرگای هەولێر-یان بەڕوودا دادەخات و ئاودیوی دێگەڵەیان دەکات.

قۆناغی دوای یەکگرتنەوە و ناڕەزیەتیی خەڵک

لەدوای ساڵی ٢٠٠٦ەوە حکومەتی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان دامەزرا و جەلال تاڵەبانی بووە سەرۆک کۆماری عێراق و مەسعود بارزانی بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی بووە سەرۆکی حکومەتی هەرێم.

بەڵام ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبوو، ساڵی ٢٠٠٩ بە دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە بزووتنەوەکە کرد و داوای گۆڕانکارییان کرد لە حکومەتی هەرێمدا.

ئەوەبوو سەردەمی ٥٠ بە ٥٠ی یەکێتیی و پارتی لەوێوە کۆتاییپێهات و ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەماندا دروستبوو.

لە١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ بورکانی ناڕەزایەتیی خەڵک دژی نادادپەرەوەریی و قۆرخکاریی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی لە سلێمانییەوە تەقییەوە و زۆرینەی شارەکانی باشوری کوردستانی گرتەوە، خۆپیشاندانەکان نزیکەی دوو مانگی خایاند و ١٠ کەس شەهیدبوون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.

بەڵام لە مانگی ٤ی هەمان ساڵدا بە زەبری هێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان هات.

لەوە بەدوا حکومەتی هەرێم دروشمی ئابووریی سەربەخۆی بەرزکردەوە و بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی دا و ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک واژۆکرد، ئەمەش ناڕەزایەتیی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە و بەوهۆیەوە بەشەبودجەی هەرێم لە بەغدا بڕدرا، ئەوەش بووە بیانوووی سەرهەڵدانی قەیرانیکی گەورەی درووستکراوی دارایی لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم مووچەی چەندین مانگی موچەخۆرانی نەدا و موچەی چەندین مانگیشی پاشەکەوت کرد، کە تائێستا ئەو موچانە لای حکومەتن و چارەنوسیان دیارنییە، ئەوەش هاوکاتبوو لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعش، کە شەڕەکە و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە باشوری کوردستان، خەڵکی دووچاری چەندین نەهامەتیی کردەوە، تا دواتر حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بگەڕێتەوە بەغدا و لە مانگی سێی ساڵی ٢٠١٨ەوە بەغدا دەستیکردەوە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

خراپی دۆخی ئابووریی و شەڕ و ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە باشوری کوردستانەوە ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا ببن، بەپێی سەرژمێرییەکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی، ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی باشوری کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپان.

ساڵی ٢٠١٧ بەشێک لە حزبەکانی باشوری کوردستان بە چاوساغیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییاندا.

بڕیارەکە هەرێمی کوردستانی دووچاری هەڕەشە و گوشاری زیاترکرد، بەتایبەت دەوڵەتانی تورکیا و ئێران هەڕەشەی داخستنی سنووریان دەکرد و بەهاوبەشیی لەگەڵ عێراق مانۆڕی سەربازییان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدا.

ئەوەبوو لە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧ ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان ئەنجامدرا، زۆری نەخایاند لە ١٦ی ١٠ی هەمان ساڵ هێزەکانی عێراق هێرشیان کردە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و لەماوەی دوو ڕۆژدا ٥١%ی خاکی باشوری کوردستانیان داگیرکرد.

دواتر ئەوە ئاشکراکرا، کە عێراق خۆی بەتەنها نەبووە و هەریەک لە وڵاتانی تورکیا و ئێران دەستیان هەبووە لەو هێرشانەدا.

دواتریش بە فشاری ئەمریکا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان دەستی لەکارکێشایەوە و لە ڕۆژی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، هەرچەندە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە ٥٦%ی هاوڵاتیان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە، بەڵام باس لەوە دەکرا کە ٧٥%ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا نەکردووە.

لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا ٧ ڕۆژنامەنووس شەهیدکراون و دەیان کەس لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین دەستگیرکراون.

پشدەر بابەکر، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی پێیوایە، کە ڕاپەڕین نەیتوانیوە "سەردەمی بەعس" لە باشوری کوردستان بگۆڕێت و دەڵێت: بەعسییبوون کلتوور و ڕەفتارە، ئەگەر من بڕوام بە ئازادیی و ئازادیی کاری سیاسیی نەبێت، لە هەر شوێنێک بێت بەعسیم، ئەم ئەقڵییەتی حکومڕانییەی لە باشوری کوردستان هەیە مەترسییدارە، ئینتیمای نیشتمانیی نەهێشتووە، ئەم ئەقڵییەتە خەڵکی بەتەواویی بێزارکردووە لە حکومڕانیی کوردیی.

ک.س