سێشەممە, 9 يون 2020 – 07:57 ڕۆژنیوز ـ تەرزە تەها
ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣، واتا ٥٧ ساڵ لەمەوبەر، بە ڕۆژێکی خوێناویی دادەنرێت بۆ شاری سلێمانی و گەلی کورد لە باشوری کوردستان، لەو ڕۆژەدا لیوای ٢٠ ی سوپای عێراق سەر بە ڕژێمی بەعس بەسەرپەرشتی زەعیم سدیق، قەدەغەی هاتووچۆ (مەنعەتەجەول)یان لە سلێمانی ڕاگەیاند و دواتر دەستیان کرد بە دەستگیرکردن و کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدابووکە لە ٨/٢/١٩٦٣ حزبی بەعس عێراق کودەتایان بەسەر عەبدولکەریم قاسم-دا کرد و لەناو بینای ئێستگە و تەلەفیزیۆندا عەبدولکەریم قاسم و چەند کەسێکی نزیکیان گولـلەباران کرد، هەر دوای ئەوەش ئیدی بەعس وردەوردە کەوتە لەناوبردنی هەموو ئەوکاسانەی نەیاری بوون و سەدان سەركردەی حزبی شیوعی و ئەفسەری پلە بەرز و كەسایەتی ناوداریان كوشت.
ئەگەرچی بەعسییەکان لەسەرەتای كودەتاكەیانەوە پەیوەندییان بەسەركردایەتی شۆڕشی كوردستانەوە كرد و بەڵێنی گەورەیان بەكورد دا، بەڵام هەر ئەوەندەی شوێن پێی خۆیان قایم کرد، پشتیان كردە داخوازییەكانی گەلی كورد و كەوتنە بەهانە هێنانەنەوە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ.
ڕۆژی ٨/٦/١٩٦٣، سوپای عێراق بە فەرماندەیی زەعیم سدیق مستەفا بەرەو شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ-ی شاری سلێمانی هەڵگەڕان، بەڵام پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بووەوە و شکستیان پێهێنا، زەعیم سدیق-یش ڕۆژی دواتر ڕق و توڕەییەکانی بە هاوڵاتیانی بێ چەک ڕشت.
ڕۆژی ٩/٦/١٩٦٣ هەر لەبەیانی زووەوە بەبڕیاری زەعیم سدیق هاتووچۆ لەشاری سلێمانیدا قەدەغەكرا، بەناوی گەڕان بەدوای چەك و پێشمەرگەدا دەیان کەسیان لە مامۆستا، خوێندكار، كاسبكار و فەرمانبەر دەستگیرکرد و بردیاننە شیوێكی نزیك (حامیە – سەربازگەی سلێمانی)، کە ئێستا کراوە بە پارکی ئازادیی و هەرلەوێ گولـلەبارانیان كردن و بەشێکیان زیندە بەچاڵکران، هەزارانیش دەستگیرکران، هەمان ڕۆژیش لە شارۆچکەی کۆیە بە فەرماندەیی تەها شەکرچی سوپای بەعس چەندین کەسی دیکەی گولـلەباران کرد.
حامیەی سلێمانی، کە ئێستا کراوەتە پارکی ئازادی، لەو کاتەدا سەربازگەیەکی گەورە و ترسێنەربووە و دادگای وادی تێدابووە، کە ڕووکەشانە دادگایی خەڵکی کردووە و هەر لەناو سەربازگەکەدا نەخۆشخانەیەکی سەربازی و زیندانیەک هەبووە، لەگەڵ تەویلەیەکی گەورەش بۆ ئەسپی بەرپرسی سەربازگەکە.
بەوتەی شایەتحاڵان و کەسوکاری شەهیدەکان لە ڕۆژی ٩/٦/١٩٦٣دا لە شاری سلێمانی پێنج هەزار هاوڵاتی دەستگیرکراون و لە تەویلەی ئەسپەکانی حامیەکەدا زیندانی کراون، زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی، خوێندکار، فەرمانبەر، کاسبکار لە ماڵ و کۆڵان و سەربازگەی حامیەدا شەهید کران و زیندە بەچاڵکراون.
هەرچەندە شەهیدبوونی هاوڵاتیانی ئەو شارە ئازاربەخشبێت، بەڵام بۆ کەسوکاری ئەو شەهیدانە زیاتر ئازاربەخشە، ئەوان ئازارەکانی ئەو ڕۆژانەیان بەمجۆرە بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕنەوە.
ئاسکۆڵ قادر، کچی شەهید قادر ئیبراهیم مەحمود یەکێک لە شەهیدەکانی ئەو ڕۆژە، لە ساڵی ١٩٥٣ لەدایکبووە، لەوکاتەدا ماڵیان لە گەڕەکی عەقاری نزیک حامیەی سلێمانی بووە، باوکی ئاسکۆڵ دوکانێکی وردەواڵەی لە حەوشەکەی خۆیاندا هەبووە، ئەو ڕۆژە لە ماڵەوە بوون، وەک خۆی دەڵێت: “سەربازەکان خۆیان کرد بە ماڵەکەماندا، باوکم ڕایکرد، لە سەری کۆڵانەکەماندا باوکمان بە دۆشکە شەهیدکرا”.
ئاسکۆڵ بەدەم گریانەوە باسی لە ساتی شەهیدبوونی باوکی کرد کە چۆن لەبەر چاویدا شەهیدیان کردووە و وتی: تا دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە لەترسی سەربازەکان کەس نەیوێراوە بچێتە نزیکی لاشەکەی، هێشتا خوێنی لێ دەڕۆیشت هەر لە شوێنی شەهیدبوونیدا خستویاننەتە ژێر گڵەوە، دوای پێنج ڕۆژ لاشەکەیان دەرهێناوە و لە گۆڕستانی شێخ محێدین نێژراوە.
یەکێکی دیکە لە کەسوکاری شەهیدەکانی ساڵی ١٩٦٣ فەریدون دارتاش، برای شەهید ئەنوەر سەعید دارتاشە، فەرەیدون دارتاش لە ساڵی ١٩٤٢ لەدایکبووە، لەو سەردەمەدا لەگەڵ ئەنوەری برای مامۆستابوون هەروەها لە ڕێکخستنەکانی پێشمەرگەدا کارییان کردووە.
فەریدون دارتاش، باس لەوەدەکات ئەو ڕۆژە لەگەڵ چەند گەنجێکی هاوڕێیدا ڕاییان کردووە، تا گەیشتوونەتە گوندی زڕگوێز، دوای سێ ڕۆژ گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی، بەدەیان لاشەیان لە شارەکەدا بینیووە.
فەریدون دارتاش، بەمجۆرەش باسی لە ئەنوەر دارتاشی برایکرد و وتی: “ئەو ڕۆژە لە یاریگاکەی سلێمانی لە گەڕەکی چوارباخ، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا خۆیان شاردووەتەوە، بەڵام لەلایەن سەربازەکانەوە دەستگیرکران و لە دادگای وادی دادگاییەکی ڕووکەشی کران و دواتر گوللـەباران کران، دوای نۆ مانگ لاشەکانیان دۆزرانەوە”.
کۆمەڵکوژی ٩ حوزەیرانی ١٩٦٣ نمونەی هەزاران ستەمەی حکومەتی بەعسە کە بەرامبەر بە کورد کردویەتی، لەو ڕۆژەشەوە ٩ حوزەیران لە لای خەڵکی سلێمانی بە ڕۆژە ڕەشەکە ناسراوە، ئیستاش حامیەی سلێمانی کراوەتە پارکی ئازادی و لە پارکەکەشدا مۆنۆمێنتێک بۆ شەهیدانی ئەو ڕۆژە دروستکراوە.
ک.س