ئەو تاوانانەی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیدا

لە ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورک جینۆساید و چەکی کۆکوژی بەکار هێناوە و لەڕێگای ئەو ڕێککەوتننانەی لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا ئەنجامی دەدات دەیەوێت دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوی بگۆڕێت و گروپی چەتەو خانەوادەکانیان توندڕەو لەسەر خاکی کورد نیشتەجی بکات.


لەڕۆژی ٩-١٠-٢٠١٩ وە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرشیان دەستپێکرد بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، لەماوەی هێرشەکەدا چەندین تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.

دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان جینۆسایدی ئەنجامدا

جینۆساید زاراوەیەكە لە دوو بڕگە پێكهاتووە، جینۆ Genos وشەیەكی گریكییە بەواتای (ڕەگەز یا بنەچە) دێت، (ساید Caeder)  وشەیەكی لاتینیە واتای ( لەناوبردن یا پاكتاوكردن)، هەردوو وشەكە پێكەوە بە واتای (پاكتاوی ڕەگەزیی).

لە ڕۆژی 11-١٢-١٩٩٦ بەپێی یاسا و بەبڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان، جینۆساید بە تاوانێكی نێو دەوڵەتی دانراو بەبڕیاری ژمارە ٩٦ی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو دەوڵەت و لایەنانەی جینۆساید ئەنجامدەدەن دەبێت بدرێنە دادگای نێودەوڵەتی.

جینۆساید پۆلێن کراوە بۆ چوار بەش کە بریتین لە:

١-جینۆسایدی جەستەیی، بریتیە لە كوشتن و لەناوبردنی تاكەكانی كۆمەڵ بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ وەك ( گولـلە بارانكردن، زیندە بەچاڵكردن، شوێنبزركردن، لەسێدارەدان، بەكارهێنانی چەكی كۆكوژ، بەكارهێنانی چەكی فۆسفۆڕی و ژەهراویی.

۲- جینۆسایدی بایەلۆژی: بریتیە لە ڕێگریكردن لە وەچەخستنەوە و زۆربوون و گەشەسەندنی كۆمەڵە مرۆڤێكی یەك ڕەگەز بەهۆی نەزۆكردن و لەناوبردنی ئافرەتان و خەساندنی پیاوان لێكجیاكردنەوەی ژنان و پیاوان بۆ ماوەیەكی درێژ.

۳- جینۆسایدی كلتوریی: قەدەغەكردنی زمانی زگماك یا زمانی دایك و شێواندنی مێژوو و كلتوری كۆمەڵە مرۆڤێك و سڕینەوەی شوێنەواری شارستانی و مێژوویی و وێرانكردن و تەختكردنی شوێنە دێرینەكانی میلەتێك كە پاشماوەی كۆنی باوباپیرانی ئەم میلەتەن لەو ناوچەیەدا.

٤- جینۆسایدی ئابووری: بریتیە لە برسیكردنی دانیشتوان لە ڕێگای تەختكردنی كێڵگە كشتوكاڵیەكان و لەناوبردنی سەرچاوە ئاویەكان و تێكدانی ڕێگاكانی هاتووچۆ و لەناوبردنی هۆكارەكانی بەرهەمهێنانی كۆمەڵە خەڵكێك و ڕێگریكردن لە دانیشتوانی ناوچەیەك یان چەند ناوچەیەك بۆ سەر خاك و زێدی باب و باپیریان بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان.

بەپێی ئەو پێوانانە بێت بۆ جینۆساید داندراوە، دەوڵەتی تورک بە چەندین شێوە جینۆسایدی بەرامبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، وەک بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ کە چەکی فۆسفۆڕی سپی بوو، هەروەها دەوڵەتی تورک ئابووری و کشتوکاڵی ڕۆژئاوای کوردستانی وێرانکردووە و لە شاری عەفرین و هەموو ئەو شوێنانەی کە هێرشیان بۆ دەکات، کشتوکاڵ و ڕەز و باخی هاوڵاتیان دەسوتێنێت و لەناویان دەبەن.

یەکێی دیکە لە پڕۆژە درێژخایەنەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەیە، کە بەنیازە بە ڕەزامەندی ئەمریکا و ڕوسیا ئەنجامی بدات، ڕاگواستن و ئاوارەکردنی گەلی کوردە لە ڕۆژاوای کوردستان و جیگیرکردنی گروپی چەتەو خانەوادەکانیان و گروپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا و ئەندامانی داعشە لە ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەوەش پاکتاوێکی ڕەگەزیی و جینۆسایدیکی گەورەیە بەرامبەر بە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە هەتا ئێستا بەپێی ئەو زانیارییانەی بەڕێوبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردووەتەوە لەماوەی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس لە گرێسپی و سەرێکانی ئاوارەبوون، ٢٣٥ کەسی مەدەنی شەهید بوون کە ٢٢یان منداڵن ٦٧٧ کەسی مەدەنیش برینداربوون، پێشتریش لەکاتی هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر شاری عەفرین نزیکەی ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی کورد ئاوارەبوون و لە شەهبا و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان لەدۆخێکی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، ئەوەش پاکتاوێکی ڕەگەزیی و جینۆسایدێکی گەورەیە دژ بە گەلی کورد ئەنجامدراوە بە بەرچاوی جیهانەوە  و سەلمێنەری ئەوەیە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان جینۆسایدی جەستەیی و ئابووری و کلتوریی ئەنجامدەدات.

چەکی فۆسفۆڕی سپی

چەکی فۆسفۆڕی سپی، یەکێکە لە چەکە کۆکوژەکان، سەرەتای دروستکردن و دۆزینەوەی بۆ سەدەی ١٩ دەگەڕێتەوە، ئەم چەکە کۆکوژە بریتیە لە ماددەی فسفوری سپی نەرم، کە لە ماددەی فوسفات دروست دەکرێت بۆنی وەکوو سیر وایە ئەم مادەیە کاتێک لەگەڵ ئۆکسجین کارلێک دەکات ئاگر و دووکەڵێکی سپی دروست دەکات و بەر ھەر شوێنێک بکەوێت ھەموو ئەو کەسانەی لەو شوێنەدابن بە تەواوی دەسووتێن.

کاریگەریی لەسەر مرۆڤ

کاتێک فۆسفۆری سپی بەر پێست دەکەوێت دەبێتە هۆی سوتانێکی قوڵی خانە و شانەکانی پێست، وە بەهۆی ئەوەی کە فۆسفۆری سپی زۆر چالاکە ئەو سوتانە بەردەوام دەبێت و وردە وردە هەڵدەمژرێ لەلایەن خانە و شانەکەنە و زۆر جار زیان بە جگەر و دڵ و گورچیلەکان دەگەیەنێت و مەترسی مردن دروست دەکات ، ئەگەر هاتوو بەشێوەی دوکەڵ هەڵبمژرێت ئەوا دەبێتە هۆی سوتان و داخورانی خانەکانی کۆئەندامی هەناسە و سیەکان.

مێژووی قەدغەکردنی چەکی کیمیایی

لە پرۆتۆکۆڵی جنێف(١٧/٧/١٩٢٥) ھاتووە، بەھەموشیوەیەک قەدەغەیە چەکی کیمیاویی (گازی خنکێنەور وژەھراوی) و (چەکی بایۆلۆجی-بەکتریۆلۆجی) لەکاتی جەنگدا بەکاربێت، ھەروەھا لە نیسانی ١٩٧٢ جارێکی دیکە پشتڕاستکرایەوە، کەچەکی بایۆلۆجی بە ھەموشیوەیەک بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی قەدەغەیە.

تورکیا چەکی کۆکوژی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەکارهێنا

سوپای تورک لەدوای ئەوەی ڕووبەڕووی بەرگرییەکی بە‌هێزی شەڕڤانانی هەسەدە بوویەوە لە گرێسپی و سەرێکانی و نەیتوانی پیلانە داگیرکارییەکانی جێبەجێ بکات، چەکی کۆکوژی فۆسفۆری سپی بەکارهێنا، سەرەتا ڕۆژی ١٧-١٠- ٢٠١٩، ئیدارەی خۆجێیی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سوپای تورکیا لە هێرشەکەیدا بۆ سەرێکانی، چەکی فۆسفۆڕ و ناپاڵمی سووتێنەری بەکارهێناوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان، دواتر بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی بەرکەوتووی چەکەکە دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی منداڵێک بەناوی محەمەد، کە لەبەر ئازاری زۆری سوتانی جەستەی هاواردەکات و دەنگی دەرنایەت.

بووە ڕۆژەڤی میدیاکانی جیهان

لەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەی محەمەد لە میدیا ناوخۆییەکاندا ڕۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی ڕاپۆرتێکی لەسەر بەکارهێنانی چەکی فۆسفۆڕی سپی کردووە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و برینداربوونی محەمەدی بە نمونە هێناوەتەوە و دەڵێت: محەمەد حەمیدە، تەمەنی ١٣ ساڵە خەڵکی سەرێکانییە، جەستەی بە توندی بەهۆی ماددەی فۆسفۆڕی سپییەوە سووتاوە و لەگەڵ ئازار و مردن لە ململانێ دایە.

ڕۆژنامەی تایمز، برینداربوونی محەمەدی وەک بەڵگەیەکی بەهێز لەسەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیاوە لە دژی کورد لەقەڵەم دەدات، دەڵێت "محەمەد کە گەیشتە نەخۆشخانە لە تەل تەمەر، ئازارێکی یەکجار زۆری هەبوو، تووشی سووتانێکی ترسناک ببوو بەهۆی هێرشی ئاسمانیی تورکیاوە"، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە برینداربوونی ئەم منداڵە، بەڵگەیەکی دیکەیە لە پاڵ ئەو بەڵگانەی کە دەریدەخەن تورکیا ماددەی فسفۆڕی سپی لە هێرشەکەی لە دژی کەسانی سڤیلی کوردیش بەکار هێناوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە دەکات

ڕێکخواوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر بەڵگەکانی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیاوە بکات و پاشان دەرەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکربکرێت.

ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات، هەم داگیرکردنی خاکی وڵاتێکی دیکەیە، هەم جینۆسایدە و هەم کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هێشتا هیچ هەنگاوێکی کرداریی دژی دەوڵەتی تورک نەگیراوەتەبەر لە بەرامبەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی ئەنجامی دەدات و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی مامەڵە لەگەڵ تورکیادا دەکەن.

د.ع