ئەو میراتانەى بۆ پەرلەمانتارە نوێیەکان لە بەغدا بەجێ ماوە

لە چوار ساڵى خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا، پەرلەمانتارانى کورد بایکۆت و ناڕەزایەتی زۆریان لە ئەنجومەنى نوێنەران ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانیوە هیچ یاسایەک یان بڕیارێک لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان دەربکەن و ئەو پرسانە بە هەڵواسراوى بۆ خولى نوێ ماونەتەوە.


خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە ١/٧/٢٠١٨ کۆتایى هات، هەرچەند هەوڵ هەبوو بۆ درێژکردنەوەى خولەکە، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون و لەوادەى خۆیدا خولەکە کۆتایى هات، هەڵبژاردنى خولى چوارەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە ڕۆژى ١٢/٥/٢٠١٨ ئەنجام درا، بەڵام نەتواندرا هەتاوەک و ٣/٩/٢٠١٨ کۆبوونەوەى یەکەم ئەنجام بدەن.

کورد لە خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا خاوەنى ٦٢ کورسى بوو، هەرچەند لە ماوەى ئەو چوار ساڵەى خولەکەدا کێشە و دابڕانى سیاسى قوڵ لە هەرێمى کوردستان هەبوون، بەڵام ئەو ناکۆکییانە لە نێوان ئەندام پەرلەمانەکانى بەغدا تاڕادەیەک ڕەنگى نەدابووە لەسەر پرسە نەتەوایەتى و مافە دەستوورییەکانى کورد زۆر جار هەڵوێستى هاوبەشیان هەبووە.

لەماوەى ئەو چوارساڵەدا پەرلەمانتارانى کورد چەندین جار بایکۆتى دانیشتنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق-یان کردووە، یاخود دانیشتنەکانیان بەجێ هێشتووە، یاخود لە کۆنگرەى ڕۆژنامەنووسیدا ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بە یاسایەک یاخود بڕیارێکى ئەنجومەنى نوێنەران خستووەتەڕوو، کە دژى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان بووبێت.

بەڵام ئەوەى کە نەکراوە و نەیانتوانیوە بکەن، جوڵاندنى جێبەجێ کردنى مادەى ١٤٠ى دەستورى عێراق-ە، کە تایبەتە یەکلا کردنەوەى ناوچە جێناکۆکەکان، دەتوانین بڵێین لە لەسەردەمى خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق-دا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنى مادەى ١٤٠ نەنرا، بگرە ئەو ماددەیە بووە ماددەیەکى مردووى دەستوور.

هۆکارى ئەوەى کە مادەى ١٤٠ى دەستوور ڕاگیرابوو بەشێکى پەیوەندى بە کورد خۆیەوە هەبوو، ئەوەش لەبەرئەوەى لەدواى داگیرکردنى شارى موسڵ لەلایەن چەتەکانى داعشەوە لەساڵى ٢٠١٤دا، هێزى پێشمەرگە ڕۆشتنە ناوچە جێناکۆکەکان و هێزە عێراقییەکان لەو ناوچانە کشانەوە، ئەوەش وایکرد کە کورد واهەستبکات کە ئەو ناوچانەى وەرگرتووەتەوە، مەسعود بارزانى، کە ئەو کاتە لە پۆستى سەرۆکى هەرێمدا بوو ڕایگەیاند، مادەى ١٤٠ بە شێوەیەکى پراکتیکى جێبەجێ کرا، ئەو تێڕوانییەى کورد بووە هۆى ئەوەى لە سەردەمى حکومەتەکەى حەیدەر عەبادى، داواى پێکهێنانى لیژنەى نەکرد بۆ جێبەجێ کردنى مادەى ١٤٠ کە لەسەردەمى حکومەتەکانى پێشوودا ئەو لیژنەیە هەبوو.

لەدواى ئازادکردنەوەى ئەو ناوچانەى کە داعش داگیرى کردبوو لە عێراق، حکومەتى عێراق هێزى پەیدا کردەوە و خواستى گەڕانەوەى هەبوو بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، بۆیە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩/٢٠١٧دا بووە بیانوییەک بۆ حکومەتى عێراق و لە ١٦ى ئۆکتۆبەرى هەمان سالدا هێرشى کردە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو ناوچانەى لەژێر دەستى هەرێمى کوردستاندا بوو گەڕاندیانەوە ژێر دەسەڵاتى ناوەندى.

هەرچەند پرسى ناوچە جێناکۆکەکان پرسێکى نەتەوایەتییە بۆ کورد، بەڵام پەرلەمانتارە کوردەکان نەیانتوانى کاریگەرى دروست بکەن لەسەر جێبەجێکردنى مادەى ١٤٠، یاخود نەیانتوانى کاریگەرییان هەبێت بۆ خاوکردنەوەى ئاڵۆزییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو پرسە.

پرسى بودجە

گەرمترین پرس لە سەردەمى خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق-دا، پرسى بودجەى هەرێمى کوردستان بوو، ئەوەش سەرەتاى کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى حکومەتى پێشووى عێراق کە لەلایەن نورى مالیکى-یەوە سەرۆکایەتى دەکرا، کە بڕیارى دا ناردنى بودجەى هەرێمى کوردستان ڕابگرێت تاوەکو ئەو کاتەى حکومەتى هەرێم ئەو نەوتەى کە بەرهەمى دەهێنێت لەڕێگەى سۆمۆوە هەناردەى دەکات و داهاتەکەى دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتى ناوەندى.

ئەم ناکۆکییە لە نێوان هەرێم و بەغدا، لەو کاتەوە سەرى هەڵدا کە حکومەتى هەرێم بڕیارى کارکردن بە ئابورى سەربەخۆى داو ڕایگەیاند کە نەوتى خۆى خۆى دەیفرۆشێت، ئەمەش هەرێمى کوردستانى ڕووبەڕووى قەیرانى دارایى کردە و گوزەرانى خەڵکى بەرەو خراپترین ئاست برد.

ئەم پرسە ڕۆژ بەڕۆژ کاریگەرى ئابورى خراپترى لەسەر هەرێمى کوردستان دادەنا، هەرچەند پەرلەمانتارانى کوردى خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق چەندین هەوڵییاندا کە کێشەى ناردنى بودجەى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکەن، بەڵام نەیانتوانى ئەو کارە بکەن و هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوو.

پرسێکى دیکە لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا، پرسى کەمکردنەوەى بودجەى هەرێمى کوردستان بوو لە ١٧% بۆ ١٢.٦٨% ، لە بودجەى ساڵى ٢٠١٨ى عێراق، ئەمەش ناڕەزایەتى فراکسیۆنە کوردستانییەکانى لێکەوتەوە و چەندین هەوڵیاندا بۆ ئەوەى بودجەى هەرێم بگەڕیننەوە بۆ ١٧% ى بودجەى گشتى عێراق، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوو ئەو ڕێژەیە وەک خۆى مایەوە.

ئەم پرسە دیارانە و چەندین وردە کێشەى دیکەى وەک پرسى پێشمەرگە و گەڕاندنەوەى بودجەى پێشمەرگە بۆ سەر بودجەى وەزارەتى بەگرى عێراق و پرسى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان هەرێمى کوردستان، وەک میرات بۆ پەرلەمانتارە نوێیەکان ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەى کورد دوو کورسى لەدەستداوە لەچاو خولى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا، گرفتێکى دیکەش ئەوەیە کاتى زێڕینى بۆ ئەنجامدانى هاوپەیمانى لەگەڵ دوو هاوپەیمانى گەورەى نێوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەدەستداوە، کە هاوپەیمانى سەدر و حەیدەر عەبادى-یە، لەگەڵ هاوپەیمانى عامرى و نورى مالیکی-دا، بەو پێیەى کە هەردوو هاوپەیمانیەتییەکە بانگەشەى ئەوە دەکەن، کە بەبێ کورد گەورەترین هاوپەیمانێتێییان پێکهێناوە، واتا کورد ناتوانێت لە ڕێککەوتنە سەرەتایەکاندا فشار بکات بۆ بەدەستهێنانى مافە دەستورییەکانى لە حکومەتى نوێى عێراق، ئەوەش واتاى ئەوەیە کە ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر شانى پەرلەمانتارانە نوێیەکان، پرسیارەکەش ئەوەیە، ئایا پەرلەمانتارە نوێیەکان تا چەند دەتوانن ئەو ئەرکە پێک بێنن!؟.

س.ح