ئەو پرسانەى ٢٠١٨ سپاردى بە ٢٠١٩

لە ساڵى ٢٠١٨ دا چەندین پرسى سیاسى و ئابورى لە هەرێمى کوردستان و عێراق، بە چارەسەرنەکراوى مایەوە و چارەسەرکردنیان بۆ ساڵى ٢٠١٩ دواکەوت.


ساڵى ٢٠١٨ ساڵێکى پڕ ڕووداوى سیاسى و ئابورى بوو بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق، ساڵێک بوو، کە ململانێکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا، سەریکێشابوو بۆ بەرزترین ئاست، ساڵێک بوو، گەمارۆیەکى سیاسى و ئابورى سەخت لەسەر هەرێمى کوردستان هەبوو، هەروەها زۆرترین هێرش و داگیرکارى لەسەر هەرێمى کوردستان هەبوو لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە، ئەو کێشانە هەندێکیان لە نێو ساڵى ٢٠١٨ دا چارەسەر بوون، بەڵام زۆرینەى کێشەکان بۆ ساڵى ٢٠١٩ مایەوە.

پرسى بۆردوومانەکان و داگیرکارى دەوڵەتى تورک

لە ساڵى ٢٠١٨ دا دەوڵەتى تورک، زۆرترین بۆردوومانى لە سەر سنوورەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە، هەرچەند لەسەر ئاستى جیاجیا لە حکومەتى عێرق، ناڕەزایەتى نیشاندرا و بەیاننامە دەرکرا بەڵام هیچ هەنگاوێکى پراکتیکى لەلایەن حکومەتى عێراق و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق-ەوە بۆ ڕێگریکردن لە بۆردوومانەکان نەندرا.

لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش، لایەنە کوردستانیەکان چەندین جار ئیدانەى بۆردوومانەکانى تورکیایان کردووە، هاوڵاتیانیش بە دەیان خۆپیشاندانیان دژى ئەو بۆردوومانانە ئەنجامداوە، بەڵام لەسەر ئاستى حکومەت هەڵوێسى پێچەوانە هەبووە و حکومەتى هەرێم نەک هەر ئیدانەى بۆردوومانەکانى نەکردووە، بەڵکو پەکەکەى بە تاوانبار زانیوە، بیانووى بۆ بۆردوومانەکانى تورکیا هێناوەتەوە.

هەرچەند چەندین هەوڵ هەبوون بۆ ڕاگرتنى بۆردوومانەکانى تورکیا لە نێو خاکى عێراقدا و دەکردنى ئەو بنکە سەربازیانەى، کە تورکیا لەناو خاکى عێراق-دا جێگیرى کردوون، بەڵام نەتواندرا ئەو کارە جێبەجێبکرێت، وەک دەردەکەوێت ئەو پرسە لە ساڵى ٢٠١٩ بەردەوام دەبێت.

پرسى پێکهێنانى حکومەتى عێراق

لە ڕۆژى ١٢ى ئایار ( جۆزەردان)ى ساڵى ٢٠١٨-دا، هەڵبژارنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئەنجامدرا، لە مانگى ئابدا، دادگاى فیدڕاڵى ئەنجامى هەڵبژاردنى پەسەندکرد، بەڵام هەتاوەکو ئێستا حکومەتى نوێى عێراق بە تەواوەتى پێکنەهاتووە و هەریەک لە وەزارەتى داد و ناوخۆ و بەرگرى بێ وەزیرن و تەواکردنى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق بۆ ساڵى ٢٠١٩ دواکەوت، بە گوێرەى ڕاى چاودێرانى سیاسى، تەواو نەبوونى پێکهێنانى حکومەتى عێراق و ناکۆکییەکان لەسەر پرسى پڕکردنەوەى پۆستەکانى وەزیرى ناوخۆ و وەزیری بەرگرى، پەیوەندى بە دەستێوەدانە دەرەکییەکانەوە هەیە لە کاروبارى ناوخۆى عێراق-دا، ڕەنگە ئەو پرسە بۆ چەند مانگ یەکەمى سەرەتاى ساڵى ٢٠١٩ درێژە بکێشێت.

پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان

لە ڕۆژى ٣٠ ئەیلول ( ڕەزبەر)ى ساڵى ٢٠١٨-دا هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا، ڕۆژى ٢٠ى تشرینى یەکەمى ساڵى ٢٠١٨-دا، ئەنجامى هەڵبژاردنى ئاشکرا کرا، ڕۆژى ٦ى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠١٨-دا یەکەمین دانیشتنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا،بەڵام هەتاوەکو ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکنەهاتووە و گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانى حکومەت لە سەرەتایدایە، هێشتا شاندى پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان، بە فەرمى پێک نەهاتووە، تەنها لەسەر ئاستى حزبەکان هەندێک دیدار بۆ ئەو مەبەستە هەبوون، ئەم پرسەش یەکێکى دیکەیە لەو پرسانەى، کە بە تەواونەکراوى ماوەتەوە بۆ ساڵى ٢٠١٩، بەگوێرەى وتەى چاودێرانى سیاسى، پێکنەهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەیوەندى بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانى نێوان لایەنە کوردییەکانەوە هەیە و پێدەچێت ئەو حکومەتە بە ئاسانى پێکنەیەت.

داخستنى بارەگاکانى تەڤگەرى ئازادیی

ڕۆژى ٢٥ى تشرینى دووەم ( سەرماوەز)ى ساڵى ٢٠١٨-دا، حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا، بە داخستنى بارەگاى ئەو پارتە سیاسیانەى، کە مۆڵەتى فەرمیان نییە لە هەرێمى کوردستان، هەرچەند تەڤگەرى ئازادیی کۆمەڵگاى کوردستان، مۆڵەتى فەرمى لە بەغدا،هەیە، بەڵام بڕیارەکەى بەسەردا جێبەجێکرا و سەرجەم بارەگاکانى لە هەرێمى کوردستان داخران، لەدواى داخستنى بارەگاکانیان، تەڤگەرى ئازادیی، ڕووى لە دەزگا پەیوەندیدارەکانى عێراق کرد و سکاڵاى لە دژى حکومەتى هەرێم تۆمارکرد، ڕۆژى ١١ى کانونى یەکەم، کۆمسیۆیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسى عێراق، بە نوسراوێکى فەرمى، حکومەتى هەرێمى ئاگادرا کردووەتەوە، کە تەڤگەرى ئازادیی پارتێکى فەرمییە و بۆى هەیە لە هەموو عێراق-دا بارەگاى هەبێت و کارى سیاسى بکات، بەڵام هێشتا بارەگاکانى تەڤگەرى ئازادیی نەکراونەتەوە و ئەو پرسەش بۆ ساڵى ٢٠١٩ دواکەوتووە،

تەڤگەرى ئازادیی، هەرچەند هەڵدانى هەیە لە ڕێگاى یاسا بەرکارەکانەوە، بارەگاکانى بکاتەوە، بەڵام پێى وایە، کە پرسى داخستنى بارەگاکانى پرسێکى سیاسییە و بە لەسەر خواستى دەوڵەتى تورک بارەگاکانى ئەوان داخراوە.

لابردنى پاشەکەوتى مووچە

لەدواى ئەوەى لە ڕۆژى ١٩ى ئازار-دا(خاکەلێو) حکومەتى عێراق، بڕى ٣١٨ ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان نارد، فەرمانبەران و مامۆستایانى هەرێمى کوردستان، دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى فراوان، بۆ هەڵگرتنى پاشەکەوتى مووچە، کە لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٦ وە بەسەر فەرمانبەراندا سەپێندرابوو، بۆیە ڕۆژى ٢٨ى ئازار( نەورۆز)ى ساڵى ٢٠١٨-دا، لەژێر فشارى خۆپیشاندانەکاندا، حکومەتى هەرێم بڕێک لە پاشەکەوتى مووچەى کەمکردەوە، بەڵام بەتەواوەتى ئەم پاشەکەوت لانەبرا، بۆیە پرسى لابردنى یەکجارى پاشەکەوتى مووچە بۆ ساڵى ٢٠١٩ مایەوە و بەشێک لە نێونەرى فەرمانبەران و مامۆستایانیش، ڕۆژى ٢٠ى کانونى یەکەم، لەشارى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، کە لە داهاتوودا دەست بە فشار و چالاکى دەکەنەوە بۆ لابردنى یەکجارى پاشەکەوتى مووچە.

بودجەى ساڵى ٢٠١٩ى عێراق

ڕۆژى ٢٨ى تشرینى یەکەم (گەڵاڕێزان)ى ساڵى ٢٠١٨-دا، حکومەتى عێراق، بە سەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى، پڕۆژەیاساى بودجەى نارد بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بۆ ئەوەى پەسەندى بکات، یەکێک لە گرفتەکانى کورد، لە پڕۆژە یاسەکەدا ئەوەبوو، کە بودجەى هەرێمى کوردستان بۆ ١٢.٦٨% کەمکراوەتەوە، کە پێشتر ١٧% بوو، هەروەها سونەکانیش نیگەران بوون، لە پڕۆژە یاساکە بەهۆى ئەوەى بودجەى پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکەیان دابین نەکراوە، بۆیە ئەو پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنى نوێنەران هەتاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە و بۆ ساڵى ٢٠١٩ ماوەتەوە، ئەمەش ڕەنگە عێراق توشى گرفتى خەرجکردن و بەکارخستنى پڕۆژەکان بکاتەوە.

ناوچە دابڕاوەکان

هەرچەند پرسى ناوچە دابڕاوەکان پرسى ساڵى ٢٠٠٣ یەو پەیوەست نییە بە ساڵى ٢٠١٨وە بە تەنها، بەڵام لەساڵى ٢٠١٨ دا زۆرترین باسى لەسەرکرا و زۆرترین کێشە تێیدا ڕوویدا، بەهۆى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧، کورد ئیدرەى ئەو ناوچانەى لەدەستدا و ئیدارى ناوچەکان کەوتنەوە دەستى حکومەتى ناوەندى و تا ئاستێکیش حوکمى سەربازى بەسەر ئەو ناوچانەدا سەپێندرا، هەروەها کوردەکانى دانیشتووى کەرکوک چەندین جار ڕایانگەیاند، کە لەلایەن ڕاکان جبورى، پارێزگارى بە وەکالەتى کەرکوک، عەربى هاوردە دەهێندرێتەوە کەرکوک و زەوى و زارى ئەوان داگیردەکەن.

هەروەها لەساڵى ٢٠١٨دا دەوڵەتى تورک، زۆرترین دەستێوەردانى لە کاروبارى کەرکوک کردووە و چەندین جار فاتح یەڵدز، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق، سەردانى شارى کەرکوکى کردووە و ڕایگەیاندووە، کە کەرکوک خاکى باوباپیرانى ئەوانە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، شوان داودى، ئەندامى پێشوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕایگەیاندبوو، کە 'تورکیا و سونەکان، فشار لە ڕاکان جبورى دەکەن، کە وەک پارێزگارى بەوەکالەتى تورکیا بمێنێتەوە و نەبێتە ئەندام پەرلەمان'، ئەوەش بە ئامانجى جێبەجێکردنى ئەجێنداکانیان.

وێڕاى دەستێوەردان لە کاروبارى کەرکوک، دەوڵەتى تورک، بۆردوومانى شەنگالى کوردووە و چەندین جار هەڕەشەى داگیرکردنى شەنگالى کوردووە، لەگەڵ ئەوەشدا فشارى گەڕانەوەى ئیدارەى پێشووى شەنگال دەکات بۆ شارۆچکەکە، چونکە دەیەوێت ئەو ئیدارە خۆبەڕێوبەرییەى کە بە ئیرادەى خەڵکى شەنگال دامەزراوە هەڵبووەشێتەوە.

دەستێوەردانەکانى دەوڵەتى تورک و سەپاندنى حوکمى سەربازى بەسەر ئەو ناوچانەدا لەلایەن حکومەتى عێراق-ەوە وجموجۆڵەکانى داعش لە چیاى حەمرین و سنورى شارۆچکەى خانەقین، لەساڵى ٢٠١٨ دا زۆرترین ئاڵۆزى بۆ دانیشتوانى ئەو ناوچەیە دروستکرد، پرسى بە گەڕخستنەوەى جێەبجێکردنى ماددەى ١٤٠ى دەستور و لابردنى حوکمى سەربازى لەو ناوچانەداو ڕێگرییەکان لە دەستێوەردانى دەوڵەتى تورک لەو ناوچانەدا پرسى گەرمى ساڵى ٢٠١٩ دەبن.

د.ع