ئەو ژەنراڵە نازییەی سێ ملیۆن کەسی بە گازی سیانید خنکاند

لە فەرمانبەرێکی ئاسایی سوپای نازییەکانەوە بۆ گەورەترین تاوانباری جەنگ، رۆدوڵف فرانس هۆس، ئەو ژەنراڵە ئەڵمانیە بوو، کە دەستی سووربوو بە کوشتنی سێ ملیۆن مرۆڤ لەماوەی شەش ساڵدا.


لە گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەمدا، لاوێکی باریکەلەی قژ زەردی گۆشەگیر لە خوێندن و خێزانەکەی یاخی دەبێت و شەیدای جەنگ دەبێت، جەنگێک کە نیوەی جیهانی لەگەڵ خۆیدا سوتاند.

لەو دەمەدا کە جەنگ توانای لە هەموو شتێک بڕی بوو، ئەم لاوە بە بێدەنگیی کاری بۆ سڕینەوەی یەکجارەکی دووژمنەکانی وڵاتەکەی دەکرد.

ئەندازیار و جێبەجێکاری چەندین پیلانی خێرای هیتلەر و سەرکردایەتی زۆربەی شەڕەکانی ئەڵمانیای کردووە، لە عێراقەوە بۆ شام، لە فەلەستینەوە بۆ تورکیا نەوەستا و گولـلەی بەڕووی دوژمنەکانییەوە نا.

سەرەتا لە نەخۆشخانەیەکی سەربازیی و بە تەمەنێکی کەمەوە دەستی بەخزمەت کرد لە ڕیزەکانی سوپا تا بوو بە یەکێک لە متمانەپێکراوترین ژەنراڵەکانی هیتلەر و گەورەترین تاوانباری جەنگ لە مێژوودا.

رۆدوڵف فرانس هۆس، ئەو ژەنراڵە ئەڵمانیە بوو کە دەستی سووربوو بە کوشتنی سێ ملیۆن مرۆڤ لەماوەی شەش ساڵدا.

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم، هۆس دوای خوێندنی سەرەتایی، خوێندن جێ دێڵێ و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بۆ ماوەیەکی کەم لە نەخۆشخانەیەکی سەربازیی دەست بە خزمەت دەکات، لەسەر خواستی و خۆی لەو ماوەیەدا لە لیواکەی باوکیدا وەردەگیرێت کە ئەفسەر بووە لە سوپای ئەڵمانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.

رۆدۆڵف هۆس، بەرپرسی سەربازگەی "ئۆشفیس بیرکینو"

رۆدۆڵف هۆس لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٠٠ لە ناوچەی بادن بادنی ئەڵمانیا لە خێزانێکی کاسۆلیکی لەدایکبووە، لەسەدەرمی منداڵی و خوێندنی سەرەتاییدا هیچ هاوڕێیەکی نەبووە، گۆشەگیر و بێدەنگ بووە، تەواوی هاوڕێکانی لە تەمەنی هەرزەکاریی و لە ڕیزەکانی سوپادا ناسیوە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ژیانی تایبەتی هۆس لە رێگەی یاداشتەکانییەوە وەرگیراوە کە لە زیندان بەناوی "بەرپرسی ئۆشفیس" لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا باسیکردووە.

هۆس لە تەمەنی ٢٨ ساڵییدا هاوسەرگیریی کردووە و باوکی پێنج منداڵ بووە، دوو کوڕ و سێ کچ.

هۆس لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەم بۆ پاڵپشتی سوپای عوسمانییەکان، کە ئەوکات هاوپەیمانی ئەڵمانیا بووە، دەچێتە تورکیا و هەر لەو ماوەیەدا دێتە بەغدا و کوت و عەمارە و لەوێشەوە بۆ فەلەستین.

لەو ماوەیەدا و لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا پلەکەی بۆ چاودێریی باڵا لەناو سوپادا بەرزدە کرێتەوە، بەمەش دەبێتە بچوکترین ئەفسەر لە ڕیزەکانی سوپای ئەڵمانیا، کاتێک هەواڵی ڕاگرتنی جەنگ لە ساڵی ١٩١٨ بڵاودەبێتەوە، هۆس لەلایەن سوپای بەریتانیاوە لە دیمەشق دەستگیر دەکرێت و وەک دیلی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دواتر هەڵدێ و دەگەڕێتەوە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا.

ڕێکخستنەوەی حزبی نازی

دوای ئاگربەستی ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨، هۆس دەچێتەوە بەر خوێندنی دواناوەندی و قۆناغی خوێندن تەواودەکات.

هەرزوو پەیوەندی بە گروپێکی سەربازی نەتەوەیی پێشکەوتوخوازەوە دەکات، یەکەمجار دەبێتە فەیلەقی خۆبەخش لە رۆژهەڵاتی پروسیا، لە ماوەی ڕاپەڕینی سیلیزیا دژی ئەڵمانەکان، بەشداریی چەند هێرشێکی ڕێکخراو دەکات دژ بە گەلی پۆڵەندا.

ساڵی ١٩٢٢ پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی نازییەوە دەکات دوای ئەوەی گوێبیستی وتارێکی ئاگرینی هیتلەر دەبێت لە میونخ و لەگەڵ دەرکەوتنی چالاکی و توانا شاراوەکانی، لە ساڵی ١٩٢٣دا دەبێتە سکرتێری تایبەتی هیتلەر، بە سندوقە ڕەشەکەی هیتلەر ناوی دەڕوات.

هۆس ساڵی ١٩٣٤ دەچێتە ڕیزی هێزی پاراستنی تایبەتی نازی و هەر لەوساڵەدا ئەرکی رێکخستنەوەی هێزەکەی پێدەدرێت، دەبێتە جێی سەرنجی هاینریش هیملەر، کە بەهێزترین پیاوی ئەدۆڵف هیتلەر و وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بووە.

هیملەر ئەوەندە بە هۆس سەرسام دەبێت، وێنەکەی لە تەنیشت وێنەکەی هیتلەرەوە لە ژوورە تایبەتەکەی خۆیدا هەڵدەواسێت، دەیکاتە بەرپرسی کاروباری زیندانیان.

سەکردایەتی ئۆشفیس

لە یەکی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ هۆس دەبێتە فەرماندە و بەرپرسی زیندان و سەربازگە ترسناکەکەی ئۆشفیس لە رۆژئاوای پۆڵەندا، کە ئەوکات بەشێک بووە لە خاکی ئەڵمانیا و سەر بە هەرێمی سیلیزیا بووە.

سەربازگەکە لە نزیک شاری ئۆشفینم بونیات نراوە، هۆس بۆماوەی سێ ساڵ و نیو بەرپرسی زیندانەکە بووە کە جێگەی ١٠ هەزار زیندانیی تێدا بووەتەوە.

زیندانەکە کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە ئەفسەر و هەڵسوڕێنەرانی کاروباری زیندانیانی لە پەنادا بۆ دروستکراوە، ئەوکاتە بۆ زیندانیانی شەڕی سۆڤیەت و پۆڵەندییەکان و جوتیار و ڕۆشنبیرەکان دروستکراوە.

کوشتنی بەکۆمەڵ

لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١ هۆس لەسەر بانگهێشتی فەرمی هیتلەر لەگەڵ فەرماندە هیملەر دەگەڕێنەوە ئەڵمانیا بۆ ئەرکێکی تایبەت، لەلایەن هیملەرەوە پێی ڕادەگەیەنرێت، کە هیتلەر فەرمانی پێکردووە چارەسێکی کۆتایی بۆ کێشەی جووەکان بدۆزێتەوە.

بەپێی گەواهیدانەکانی هۆس کە لەکاتی دادگاییەکەیدا لە دادگای نۆرنبێرگی ئەڵمانیا تۆمار کراوە، فەرماندە هیملەر سەربازگەی ئۆشفیس بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی جووەکان دەستنیشاندەکات، ئەوەش بەهۆی ئاسانی گواستنەوەیان بۆ سەربازگەکە لەڕێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش، هیملەر فەرماندە هۆس بۆ ئەو کارە قورسە ڕادەسپێرێت، هۆس بەبێ پرس و ڕاوێژ لەگەڵ کەسە نزیکەکانی، بە نهێنی پرۆسەکە دەستپێدەکات، تەنانەت ئەم هەواڵە بە هاوسەرەکەشی ڕاناگەیەنێت لە کاتێکدا لەگەڵ خۆیدا ژیاوە لەناو کەمپی زیندانەکەدا.

هۆس یەکەم تاوانی کۆمەڵکوژیی لە ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٤١ ئەنجامدەدات، بۆ ماوەی شەش هەفتە ڕۆژانە بە سێ شەمەندەفەر دوو هەزار جولەکە لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەستگیردەکرێن و دەگوازرێنەوە ئەم سەربازگە نهێنییەو لە ژوورەکاندا دەرگایان لەسەر توند دەکرێت و بە گازی سیانید و دوانەئۆکیسدی کاربۆن دەخنکێنرێن، دواترش لاشەکانیان لە دارستانەکانی نزیک سەربازگەکە فڕێدەدرێن.

کورەی تواندنەوە

لە ٨ی ئەیلولی ساڵی ١٩٤٤ هۆس ٣٤٠ هەزار جوو لەماوەی تەنها ٥٦ ڕۆژدا لە زیندانەکە لەناودەبات، بەهۆی زۆری لاشەکانەوە، فەرمانی کردبوو بەشێک لە تەرمەکان لەو کورە تایبەتانەدا بسوتێنرێن کە لە زیندانەکەدا بۆ توانەوەی لاشەی زیندانیەکان درووستکرابوون.

گرتن و دادگایی و لەسێدارەدان

لە ڕۆژەکانی کۆتایی جەنگدا، فەرماندە هیملەر ئامۆژگاریی هۆس دەکات ڕابکات و خۆی حەشار بدات، بۆماوەی ساڵێک هۆس توانی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دواجار و لە ١١ی ئازاری ١٩٤٦ لە جوتروبێڵ لە ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێت، پاش ئەوەی هاوسەرەکەی و کوڕەکەی هاوکار دەبن لە دۆزینەوەی و شوێنپێ هەڵگرتنی.

هەرچەندە سەرەتا هۆس نکوڵی دەکات لە ناسنامەکەی و حاشا دەکاتم کە ئەو بێت، بەڵام دواجار لە ڕێگەی ئەنگوستیلەکەی دەستییەوە دەناسرێتەوە، چەند جارێک هەوڵی خۆکوشتن دەدات، بەڵام بێسوود دەبێت.

هۆس لە دادگای نۆرمبێرگ لە ١٥ی نیسانی ١٩٤٦ گەواهی هەموو تاوانەکانی دەدات و دەڵێت، دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی بە غاز و ئاگر لەناوبردووە، هەروەها ٥٠٠ هەزار زیندانیشی لەتاو برسێتی و نەخۆشیدا کوشتووە.

هۆس کۆمەڵکوژییەکە لە ماوەی تەنها دوو ساڵدا کۆتایی پێدەهێنێت، لە بەهاری ١٩٤٢ بۆ پایزی ساڵی ١٩٤٤، دەوترێت ٩٠%ی قوربانییانی ئەم زیندانە جولەکە بوون، لە نێویشیاندا ١٥٠ هەزار پۆڵەندی و ٢٣ هەزار ڕۆمی و ١٥ هەزاریان سەربازی سۆڤێتی بوون.

کەوتنی ئۆشفیس و کۆتایی هۆس و زۆرداری نازییەکان

سەربازگەکە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥ لەلایەن سۆڤییەتەوە ڕزگار کرا، لەو دەمەدا سۆڤیەت بە پاڵپشتی هاوپەیمانان ئەڵمانی نازییان تێکشکاندبوو، ئۆشفیس دوایین قەڵای نازییەکان بوو کە دەسەڵاتە سەربازییەکەی تێکشکێنرا.

ڕۆدۆڵف هۆس لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا و لە ١٦ی نیسانی ١٩٤٧ لەسەر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی لە سەربازگەی ئۆشفیس بیرکینو بە تۆمەتی تاوانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتی لە سێدارە درا، پاش ئەوەی لە دادگای نۆرنبێرگ سزاکەی بەسەردا سەپێنرا.

ش.ف