لە مێژووی دەوڵەتی عوسمانییدا زۆر ناو هەن کە مێژوو وەک پەند بەبیریان دەهێنێتەوە، ئەوانەی ڕۆژگارێک خیانەتیان لە گەلەکەیان کرد دواتر سزای خیانەتەکانیان هەر لەسەر دەستی ئەوانە وەرگرت، کە گەلەکەی خۆیان بە نرخێکی کەم پێ فرۆشتن.
زۆرجار خیانەتی ئەو چینەی هەموو بەها و نرخە نەتەوەییەکانیان لەپێناو پارە و ساماندا دەگۆڕییەوە، بووەنەتە مۆتەکەی مێژوویی بۆ تێکۆشانی گەلی کورد و تەنانەت کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی کوردستان و دیارییکردنی چارەنووسی گەلی کوردەوە هەبووە.
ڕەنگە حەسەن خەیری بۆ ئەمە باڵاترین نموونە بێت، کە خیانەتی لە گەلەکەی خۆی کرد و بووە فریادڕەسی عوسمانییەکان تا ڕێککەوتنی لۆزان واژۆ بکرێت و کوردستان ئەنجن ئەنجن بکرێت، هەتا ئەمڕۆش کورد باجی ئەو خیانەتە دەدات و تەوقی ئەو ڕێککەوتنەی لە گەردن نەبووەتەوە.
حەسەن خەیری کێ بوو؟
حەسەن خەیری سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بوو لە پشکی پارێزگای دێرسیم، ساڵی ١٩٢٣ لە سەروبەندی دانووستانەکانی تورکیا و ئەوروپا بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزان، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک ڕووبەڕووی بەرهەڵستکاریی وڵاتانی ئەوروپا بوونەوە، بەرپرسانی ئەوروپا ڕازی نەبوون ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەن و وتیان، لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا و کورد و خاکی کوردان هەیە، ئەگەر ئێمە ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەین کوردەکان چییان بەسەردێت؟.

شاندی تورکیا لە وەڵامدا دەڵێن، تورکیا تەنها وڵاتی تورکەکان نییە، بەڵکو وڵاتی کورد و تورکە و ئەو دوو گەلە بڕیاریانداوە پێکەوە بژین، بەڵام شاندەکەی ئەوروپا بڕوایان بەو قسەیە نەکرد.
عیسمەت پاشا سەرۆکی شاندی تورکیا هاواری بۆ ئەتاتورک برد و پێی ڕاگەیاند، ئەگەر فریانەکەون دەوڵەتی کورد دروست دەبێت، پێویستە کارێکی وا بکەن بۆ ئەوروپییەکانی بسەلمێنن کورد و تورک پێکەوە دەژین.
لەوکاتەدا مستەفا کەمال ئەتاتورک بانگی حەسەن خەیری دەکات و داوای لێدەکات، ڕۆژی دواتر جلوبەرگی کوردی بپۆشێت و بەیەکەوە بچن بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی پیشانی ڕۆژنامەنووسان و شاندی وڵاتانی دیکەی بدات کە حکومەتی تورکیا نەتەوەی کورد و بەرگی نەتەوەیی و زمان و کەلتووری کوردانی پەسەند کردووە.
هەرچەندە هاوسەرەکەی حەسەن خەیری زۆر لێی دەپاڕێتەوە کە ئەوکارە نەکات و خیانەت لە گەلەکەی نەکات، بەڵام حەسەن خەیری گوێی پێنادات و چەند جارێک بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچێت بۆ پەرلەمانی تورکیا و هاوار دەکات کە کوردەکان نایانەوێت جیاببنەوە.
پاشان ئەتاتورک داوای لێدەکات تەلەگرافێکی لەوجۆرە ڕەوانەی لۆزان بکات، حەسەن خەیری بەقسەی دەکات و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر دەداتە دەست هەموو نوێنەرانی ڕێککەوتننامەی لۆزان و ئەوانیش ڕێککەوتننامەکەیان واژۆکرد و بەوشێوەیە خەونی سەربەخۆیی کوردستان لەبارچوو.
پاش ماوەیەکی کەم لەو ڕووداوە، حەسەن خەیری بە فەرمانی ئەتاتورک دەستگیرکرا و ڕەوانەی دادگای ئیستیقلال کرا، لە دادگاکەدا خەیری بە جوداخوازیی و لەبەرکردنی جلی کوردی لەناو پەرلەمان تاوانبار کرا.
هەرچەندە حەسەن خەیری وتی: من ئەو کارەم بۆ ڕێگرییکردن لە سەربەخۆیی کورد کرد و تەلەگرافم نارد بۆ لۆزان و ڕێککەوتنی سیڤەرم هەڵوەشاندەوە، بەڵام دادگا لە وەڵامدا وتی: دەزانین ڕێگریت لە سەربەخۆیی کورد کرد، بەڵام لەبەرکردنی جلی کوردی لەناو پەرلەماندا پێچەوانەی دەستوورە.
بەوهۆیەوە دادگا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر حەسەن خەیریدا سەپاند، دوای ئەوەی حەسەن خەیری برایە سەر پەتی سێدارە، لێیان پرسی وەسیەتی کۆتاییت چییە، وتی: وەسیەت دەکەم گۆڕەکەم لەسەر ڕێگەی کوردان بێت، بۆ ئەوەی هەر کوردێک تێپەڕی تف بارانم بکات.
حەسەن خەیری یەکەم و دوایین کەس نەبووە کە خیانەتی لە گەلەکەی خۆی کردبێت، ناوێکی دیکەش لە مێژووی کورد-دا تۆمارکراوە کە بەفیتی عوسمانییەکان خیانەت لە میری بۆتان دەکات و پاشان خۆی بەرامبەر عوسمانییەکان ڕاپەڕین بەرپا دەکات و دواتر هەر لەلایەن عوسمانییەکانیشەوە دەستگیردەکرێت و لەسێدارە دەدرێت.
ئەو کەسەش یەزدان شێر-ە، یەکێک بوو لە سەرکردە باڵا و خزمە نزیکەکانی بەدرخان پاشای میری بۆتان، کاتێک لە ساڵی ١٨٤٦ میر بەدرخان ڕووبەڕووی هێرشی سوپای عوسمانیی بووەوە، ڕەشید پاشای سەرکردەی سوپای عوسمانی نوێنەرێکی خۆی دەنێرێتە لای دایکی یەزدان شێر و بە پارە هەڵیدەخەڵەتێنێت، ئەویش کوڕەکەی هان دەدات خیانەت لە میر بەدرخان بکات، بەهۆی هەڵگەڕانەوەی یەزدان شێر-ەوە بەدرخان پاشا لە گۆڕەپانی جەنگدا تێکشکا.

دوای کەمتر لە ١٠ ساڵ لە خیانەتەکەی، یەزدان شێر لە ساڵی ١٨٥٣ ڕاپەڕینی دژی عوسمانییەکان دەستپێکرد و ناوچەیەكی فراوانی لە موسڵەوە تا وان خستە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیەوە، ئەوکاتەش دەوڵەتی عوسمانیی بە پشتیوانیی فەرەنسا و بەریتانیا لە شەڕدابوو دژی ڕوسیا و ئەوەش عوسمانییەکانی لاوازکرد لە سەرکووتکردنی ڕاپەڕینەکەی یەزدان شێر.

ئینگلیزەکان پیلانێکیان بۆ لەناوبردنی یەزدان شێر داڕشت و کەسێکیان بەناوی ئارام سان لە شاری موسڵەوە نارد بۆلای یەزدان شێر و پێی وت: وەرە گفتوگۆت لەگەڵ دەكەین و دەوڵەتی عوسمانی دان بە میرایەتیتدا دەنێت و ٤٠٠ قڕوشیشت دەدەمێ، بەڵام دەبێت بچینە شوێنێكی دەرەوەی شار و كەسیش لەگەل خۆت نەهێنی.
یەزدان شێر هەڵخەڵەتاو دەستەیەک جەندرمەی عوسمانیش لەنزیك شوێنەكە خۆیان حەشاردا بوو، پیلانەكە سەری گرت و یەزدان شێر دەستگیرکرا و كۆتایی بە قەڵەمڕەوییەكەی هات.
س.ح