بارەگاکانی سوپای تورک لە هەرێمی کوردستان جێگەی مەترسیین

لە هەرێمی کوردستان ٢٠ بارەگای سەربازیی و سیخوڕیی دەوڵەتی تورک هەیە، کە تێیاندا زیاتر لە ٥ هەزار سەربازیی یەکەی تایبەت هەیە، لەگەڵ چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگیی و سیخوڕی، هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران چەندین جار داوای دەرکردنی سوپای تورکیان کردووە لە هەرێمی کوردستان بەڵام هێشتا سوپای تورک ماوەتەوە و بەردەوام سەرباز و چەکی زیاتر دەهێنێت بۆ باشور.


هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەرێمی کورستان جارێکی دیکە بوونی بارەگا سیخوڕییەکان و سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکی لە باشوری کوردستان هێنایەوە بەرباس.

مێژووی هێرش و هاتنی سوپای تورک بۆ هەرێمی کوردستان

دەوڵەتی تورک پێش ئەوەی بارەگا لە باشوری کوردستان دروستبکات چەندین جار لەڕێگەی هێرشی سەربازییەوە کە خۆیان ناویان ناوە هێرشی دەرەوەی سنوور، هێرشیان کردووەتە سەر ئەندامان و لایەنگرانی پارتە کوردییەکان و هاوڵاتیانی کوردستان لەناو خاکی باشوری کوردستان، یەکەم هێرشی لەساڵی ١٩٨٣ئەنجامدا بۆسەر دەڤەری بادینان، دواتر لەساڵی ١٩٩٢ وەوە زیاتر لە شەش ئۆپراسیۆنی بە بەشداریی سەدان هەزار سەرباز ئەنجامداوە لە سنووری باشوری کوردستان، کە کۆتا ئۆپراسیۆنی ساڵی ٢٠١٨ بەناوی ئۆپراسیۆنی چنگ دەستپێکردوو هەتا ئێستاش بەردەوامە.

دروستکردنی بارەگا

سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٢دا، لە سنووری شاری دهۆک و هەولێر و دەڤەری بادینان و باڵەکایەتی بارەگای سیخوڕیی دروستکرد، دواتر دوابەدوای ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتیی باشوری کوردستان، لە ٢٠ خاڵی جیاجیای خاکی باشوری کوردستان، بارەگای سەربازیی و ناوەندی میتی دامەزراندووە.

بەگوێڕەی ئەو داتایانەی لە سەرچاوە تورکەکانەوە بە دەست گەیشتوون، یەکەم بارەگای سەربازیی تورک لە ساڵی ١٩٩٢دا و لە شارەدێی سەلاحەدین (پیرمام) دروست کرا، کە دەکەوێتە دووریی ٢٥ کیلۆمەتر لەشاری هەولێرەوە.

پاش بارەگای سەلاحەدین، سوپای تورک لە هەولێر، زاخۆ، سلێمانی، دهۆک، دیانا، باتوفا، بامەڕنێ، ئامێدی و کانیماسی یەکیەنەکانی خۆی جێگیر کرد.

لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ئەو بارەگا سەربازییانەی کراونەتەوە بەم شێوەیەن:

بارەگای سەربازیی باتوفا

بارەگای سەربازیی کانیماسی (گردی باروخ)

بارەگای سەربازیی و فڕۆکەوانیی بامەڕنێ

بارەگای سەربازیی سەرسەنگ

بارەگای سەربازیی بێگۆڤا (گردی بیێ)

بارەگای سەربازیی گەلیی زاخۆ

بارەگای سەربازیی سیرێ (شیلادزێ)

بارەگای سەربازیی سیرێ (شیرت)

بارەگای سەربازیی کوپک

بارەگای سەربازیی قمریی بەرواری

بارەگای سەربازیی کۆخێ سپی

بارەگای سەربازیی دەریی داوەتیا

بارەگای سەربازیی چیای سەرزێری

بارەگای سەربازیی زێلکان کە دەکەوێتە بناری چیای مەقلوب

بارەگای سەربازیی باشیکا (لە باشوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ)

هەروەها چەند بارەگایەکی میتی تورک و چەند بارەگایەکی سەربازی نهێنی سوپای تورک هەیە.

پێنج هەزار سەرباز لەو بارەگایانەدان کە زۆربەیان یەکینە تایبەتەکانی سوپای تورکن، لە بارەگای سەربازیی کانیماسی بەتایبەت هێزە تایبەتەکانی سوپای تورک جێگربوون، لە بارەگای بامەڕنێش چەکی قورس و کەرەستەی سەربازی و فڕۆکەخانەی سەربازی هەن.

هەروەها ژمارەیەک ناوەندی میتی تورک لە خاکی باشوری کوردستان دامەزراون، کە زۆربەیان لە دهۆک-ن، لە شارۆچکەی باتوفای سەربە زاخۆ، لە زاخۆ خۆی و لە ناوەندی دهۆک ناوەندی میتی تورک هەیە، ئەو ناوەندە سەربازیی و سیخوڕییانە زۆرجار هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و ئەنجامی ئەو هێرشانەش کوژراو  و برینداری هاوڵاتیانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە، بۆنمونە لە ڕۆژی ١٤ی کانونی ساڵی ٢٠١٧دا، لە بارەگای سەربازیی دەوڵەتی تورک لە کانیماسیی سەربە ئامێدییەوە هێرش کرایە سەر هاوڵاتیانی مەتینا، هەروەها هەر لە مانگی ١٢ی هەمان ساڵدا لە بادینان چوار هاوڵاتی کوژراون.

 فڕۆکەخانەی بامەڕنێ

لەناو ئەو بارەگایانەی تورکیادا، دیار نییە چەند فڕۆکەخانەی سەربازی هەیە، بەڵام بەگوێرەی زانیاری سەرچاوە تورکییەکان لە بارەگای سەربازی بامەڕنی فڕۆکەخانە هەیە.

بارەگای بامەڕنی، لە شارەدێی بامەڕنی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی پارێزگای دهۆکە، ٤٠ کیلۆمەتر لە سنوری باکوری کوردستانەوە دوورە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تورکیا سیستمی ئەلیکترۆنی لەم سەربازگەیە دادەمەزرێنێت، هەروەها لەساڵی ١٩٩٠ وە لە بامەڕنی بارەگای تورکیا هەیە و تێیدا ٦٠ تانک و یەکینەی قەڵخان و نزیکەی ٢ هەزار سەرباز هەیە.

چەندین جار داوای دەرکردنی سوپای تورک کراوە

لە باشوری کوردستان چەندین جار لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانەوە داوای دەرکردنی سوپای تورک و بارەگا سیخوڕییەکانی کراوە لە هەرێمی کوردستان، بۆنمونە ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە ٣٧ی دەرکرد کە تێیدا داوای دەرکردنی سوپای تورک کرا لە باشوری کوردستان، بەڵام هێشتا سوپای تورک لە هەرێمی کوردستان دەرنەکراوە، هەروەها چەندین جاری دیکە کەمپەین ڕاگەیەندراوە و واژۆ کۆکراوەتەوە، بۆ نمونە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٨ ڕێکخراوی ئینەف  ١٠ هەزار واژۆی هاوڵاتیانی باشوری کوردستانی کۆکردەوە بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژی ١/ئازار ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ١٦- ٣- ٢٠١٩ وەک دواین مۆڵەت بۆ حکومەت دیارییکرابوو، کە وەڵامیان بداتەوە، بەڵام هەتا ئێستا وەڵامی نەداونەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی تورک لەجیاتی چۆڵکردنی خاکی باشور ڕۆژ بە ڕۆژ داگیرکاریی زیاتر دەکات و لە دەڤەری سۆران، بادینان و بناری قەندیل بە ئاشکرا سەربازگە دروست دەکات، هەروەها فڕۆکە سیخوڕیی و شەڕکەرەکانیشی بەردەوام بە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا دەسوڕێنەوە و بۆردوومانی هاوڵاتیانی مەدەنیی و تەنانەت مەزارگەی شەهیدانیش دەکەن و خاپوری دەکەن.

نزیکەی هەزار واژۆ دژی داگیرکاریی ڕادەستی پەرلەمانی عێراق کرا

ڕۆژی  3- ٦- 2019، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، کەمپەینێکی کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکردبوو، تەواویی واژۆکان کە ٨٩١ واژۆی تەواویی پێکهاتەکان بوو، لەگەڵ یاداشتی بەڕێوەبەرانیی کەمپیەنەکە ڕادەستی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی کرا، هەروەها ٥٢ پەرلەمانتاری عێراق پشتیوانی کەمپەینەکەیان کرد و دژایەتی خۆیان بۆ داگیرکاریی خستەڕوو.

خەڵکی شیلادزێ دژی سوپای تورک ڕاپەڕین

لەدەڤەری بادینان چەندین جار فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بۆردوومانی گوندەکان و هاوڵاتیانی مەدەنییان کردووە و بەپێی ئامارەکان تەنها لەساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک شەهیدکراون، ئەو زوڵمەی سوپای تورک لە هاوڵاتیانی باشوری کوردستانی کردووە بووە هۆی ئەوەی هاوڵاتیانی شیلادزێ ڕۆژی ٢٦-١١-٢٠١٩ دژی بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لە دەڤەری شیلادزێ ڕاپەڕین و چەند بارەگایەکیان سوتاند.

لە پەرلەمانەوە داوای دەرکردنی سوپای تورک لە باشور دەکرێت

داگیرکارییەکانی سوپای تورک لە هەرێمی کوردستان تەنها هاوڵاتیانی نیگەران نەکردووە، بەڵکو پەرلەمانتارانیش نیگەرانن لەو داگیرکارییە، ڕۆژی 15ی ئەم مانگە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ قسەکردن لەسەر هێرشی سوپای دەوڵەتی تورک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوویەوە و تێیدا چەندین پەرلەمانتار داوای دەرکردنی سوپای تورکیایان کرد لە باشوری کوردستان، لە دوای کۆبوونەوەکە پەرلەمان بڕیارێکی ١١ خاڵی دەرکرد، بەڵام نە ناوی دەوڵەتی تورکی تێدا هاتبوو نە باسی دەرکردنی سوپای تورکیا کرابوو لە هەرێمی کوردستان، ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی پار ١٠ پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان واژۆیان کۆکردبوویەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمن بۆ قسەکردن لەسەر دەرکردنی سوپای تورک بۆ باشوری کوردستان.

مەترسییەکان لەسەر باشوری کوردستان زیاد دەبن

 لەدوای هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا نیشانداو داوای کرد، کە کوردەکانی ڕۆژئاوا بپارێزرێت، ڕۆژێک دوای قسەکانی بارزانی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا ڕوو لە بارزانی دەڵێت " تۆ دەڵێی چی و باسی چی دەکەی، سەرەی تۆش دێت"، ئەم وتانەی ئەردۆغان وەک هەڕەشەیەکی فەرمی لێکدرایەوە بۆ باشوری کوردستان، لەدوای ئەو لێدوانەی ئەردۆغان، ئەدهەم بارزانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: تورکیا نیوەی خاکی باشوری کوردستانی داگیرکردووە، پلانی تورکیا دوای ڕۆژئاوای کوردستان باشوری کوردستانە.

ئەم وتانەی ئەدهەم بارزانی دەرخەری مەترسی گەورەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکە لە باشوری کوردستان، وەک لە زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، دەوڵەتی تورک لەساڵی ١٩٩٢وە سەربازگەو بنکەی سەربازیی لە باشوری کوردستاندا دروستدەکات، ئەگەر بێت و هەڵماتێکی فراوان بۆ دەرکردنی سوپای تورک لە باشوری کوردستان ئەنجامنەدرێت ئەوا ئەگەری هەیە ئەم سوپایە لە داهاتوویەکی نزیکدا داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی گەورە لە باشوری کوردستان ئەنجامبدات.

د.ع