بڕوانامەی ١٠ وەزیر گونجاو نییە لەگەڵ ئەو وەزارەتەی بەڕێوەی دەبەن

لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بێجگە لە سێ وەزیری هەرێم، لەکۆی ١٧ وەزیر کە وەزارەت بەڕێوە دەبەن، ١٠ وەزیریان بڕوانامەکانیان دوورن لەو وەزارەتەی بەڕێوەی دەبەن، ئەوە بێجگە لەوەی جێگریی سەرۆکی حکومەت بەکالۆریۆسی لە میکانیکدا هەیە.


ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی کابینەی نوێ پێکهات.

بەپێی ئەو سیڤیانەی بڵاوکراونەتەوە بڕوانامە و پسپۆڕیی وەزیرەکان و سەرۆک و جێگری سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە.

سەرۆکی حکومەت

مەسرور بارزانی، تەمەنی ٥٠ ساڵە، بڕوانامەی ماجستێری لە بواری "ئاشتی ‌و چارەسەری ناكۆكییەكان" لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن دی سی بەدەستهێناوە، بەپێی ئەوەی لە سیڤییەکەیدا نووسیویەتی شارەزایی تەواوی لە نوسین ‌و خوێندنەوە ‌و قسەكردندا هەیە بە زمانەكانی (كوردی، فارسی، ئینگلیزی)‌ و لە زمانی عەرەبیش تێدەگات.

مەسرور بارزانی، لەساڵی ١٩٩٨وە سەرۆکی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بووە هەتا ساڵی ٢٠١٢، لەساڵی ٢٠١٢ وە بووەتە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی حکومەت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حکومەت تەمەنی (٤٢ ساڵ)ە، ئەمە جاری دووەمە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەردەگرێت، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە "ئەندازیاریی میكانیكی"دا هەیە، بڕوانامەکەی هیچ پەیوەندی بە پۆستەکەیەوە نییە، هەرچەند قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتە، بەڵام لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتی وەک سەرۆکی حکومەت ئەژماردەکرێت، بەڵام لەناوخۆی حزبەکەیدا ڕەخنەی لێدەگیرێت، کە کەسایەتییەکی لاوازی لە بەرامبەر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوو.

وەزیرەکانی پارتی

وەزیریی ناوخۆ

هەرچەند لەساڵی ٢٠٠١وە کەریم سنجاری تاکە کاندیدی پارتی بوو بۆ وەزیریی ناوخۆ، هەتا ساڵی ٢٠١٩ لەو پۆستەدا مایەوە، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا خۆری ئاوابوو، ڕێبەر ئەحمەد، بووە وەزیری ناوخۆ.

ڕێبەر ئەحمەد، کەسێکی متمانەپێکراوی مەسرور بارزانییە، تەمەنی ٥٠ ساڵە، لە شارۆچكەی پیرمام لە نزیك بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نیشتەجێیە.

بڕوانامەی ماستەری لە بواری "ئاسایشی نیشتمانی" لە زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، واتە بڕوانامەكەی لەگەڵ ئەو پۆستەدا گونجاوە، پلەی لیوای هەیە لەناو دەزگای پاراستندا‌و لە ساڵی ٢٠١٢ وە تا پێش بوونی بە وەزیریی ناوخۆ سەرۆكی فەرمانگەیەك بووە لەناو ئەنجومەنی ئاساشی هەرێمی كوردستان بەناوی فەرمانگەی "هەماهەنگی هاوبەش"، لەناو پارتی پلە حزبییەكەی (ئەندام مەكتەب)ە، هەروەها بڕوانامە بەكالۆریۆسی لە بواری "ئەندازیاری شارستانی" هەیە، زمانەكانی (عەرەبی ‌و ئینگلیزی ‌و فارسی) دەزانێت.

وەزارەتی ئەوقاف

پشتیوان سادق، وەزیریی ئەوقاف، لەسەر پشکی پارتی، یەكێكە لە كارەكتەرە نزیكەكانی مەسرور بارزانی‌ و پێشتر بەرپرسی لقی پارتی بووە لە هەولێر، بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری یاسادا هەیە، کەهیچ پەیوەنییەکی بە وەزارەتەکەیەوە نییە، زمانی (عەرەبی‌ و ئینگلیزی) دەزانێت.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، لە پشکی پارتی تەمەنی ٣٥ ساڵە، خوێدکاری دکتۆرایە لە بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە بوارێکی جیاوازە لەو وەزارەتەی بەرێوەی دەبات، پێشتر ئەندام ناوچەی پارتیی بووە، هەرچەن لەسەر پشکی مەسیحییەکان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەڵام بە وەزیرێکی پارتی ئەژماردەکرێت.

وەزارەتی پەروەردە

 ئالان حەمەسەعید، وەزیریی پەروەردە لە پشکی پارتی، تەمەنی ٣٨ ساڵە و خوێندکاری دكتۆرایە لە زانستە سیاسییەكان، کە هیچ پەیوەندییەكی بە بواری پەروەردەوە نییە، پێش ئەوەی ببێت بەوەزیر  بەرپرسی لقی ٢١ ی پارتیی بووە.

وەزارەتی تەندروستی

سامان حسێن بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەپشکی پارتی، تەمەنی (٤١ ساڵ)ە، دكتۆرای لە تەندروستی كۆمەڵدا هەیە‌ و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێرە، لە چەند نەخۆشخانەیەكیش پزیشكی نیشتەجێی خولاوە، بڕوانامەکەی گونجاوە لەگەڵ ئەو وەزارەتەی بەڕێوەی دەبات.

وەزارەتی شارەوانی

ساسان عوسمان عەونی، وەزیری شارەوانی لە پشکی پارتی،  ماستەری لە كارگێڕی كار و ئیكۆنۆمی لە زانكۆی ئەمیانسی فەرەنسی بەدەستهێناوە، بروانامەکەی تا ڕادەیەک گونجاوە لەگەڵ پۆستەکەیدا، تەمەنی (٤٩ساڵ)ە‌و لەماوەی ساڵانی (٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩) بەڕێوەبەر بووە لە ئاژانسی پاراستن، واتە كەسێكی نزیكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت.

وەزارەتی داد

فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادە، لەپشکی پارتی، تەمەنی (٧٣ساڵ)ە‌و خەڵكی دهۆكە، لەساڵی ١٩٧٠وە چووەتە ناو كاری حكومییەوە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسادا هەیە، هەرچەند بڕوانامەکەی لە بواری کارەکەی نزیکە، بەڵام بڕوانامەیەکی گونجاونییە بۆ بوون بە وەزیر.

واتا بەپێی بڕوانامەکان، لەکۆی حەوت وەزیر لە پشکی پارتی سێ وەزیرییان بڕوانامەکانیان گونجاو نییە لەگەڵ پۆستەکانیاندا.

وەزیرەکانی یەکێتی

وەزیریی پێشمەرگە

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لە پشکی یەکێتی، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە (یاسا‌و رامیاری)دا هەیە، کە بڕوانامەکەی تا ڕادەیەک دوورە لە وەزارەتەکەیەوە، ‌زمانەكانی (عەرەبی ‌و ئینگلیزی و فارسی) دەزانێت.

لەساڵی ٢٠٠٨ وە سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانییە، لەساڵی ١٩٩٣ وە چەندین پۆستی گرنگی حزبی لەناو یەكێتی وەرگرتووە، بەڵام یەكجار پۆستی حكومی بەڕێوەبردووە، كە ئەویش پۆستی (سەرۆكی دەزگای شەهیدانی گەلی كوردستان)ە لە حكومەتەكەی یەكێتی لەسلێمانی لەماوەی نێوان ساڵانی (٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥).

وەزارەتی ڕۆشنبیریی

محەمەد سەعید، ناسراو بە "حەمەی حەمە سەعید"، وەزیریی ڕۆشنبیرییە لە پشکی یەکێتی، پێشمەرگەی دێرین‌ و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، بڕوانامەی ناوەندی هەیە‌، تەمەنی (٥٧ ساڵ)ە، زۆر پۆستی حزبی بەڕێوەبردووە، بەڵام ئەمە یەكەمین ئەزمونی كاركردنیەتی لەناو حكومەتدا، بڕوانامەکەی شیاو نییە بۆ پۆستەکەی، بەڵام تاکە بەهانەی یەکێتی بۆ کاندید کردنی ئەوەیە، کە چەند کتێبێکی وەرگێڕاوە لە زمانی فارسییەوە.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاوییەکان لەسەر پشکی یەکێتی، یەك خول ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بووە، تەمەنی (٤١ ساڵ)ە‌و بڕوانامەی لە بواری بایۆلۆژیدا هەیە، بەپێی سیڤییەكەی هەردوو زمانی عەرەبی‌ و فارسی دەزانێت، کە تا ڕادەیەک دوورە لە بواری ئەو وەزارەتەی بەڕێوەی دەبات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا

ئارام محەمەد، وەزیریی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەپشکی یەکێتی، تەمەنی (٤٦ ساڵ)ە، بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەدەبیاتدا هەیە، بروانامەکەی گونجاوە لەگەڵ پۆستەکەیدا، برای (عەدنانی حەمەی مینا) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.

پێشتر یەكجار كاری حكومی تاقیكردوەتەوە ‌و ماوەیەك جێگری بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی مافی مرۆڤ، لەناو یەكێتی پۆستی جێگری بەرپرسی مەكتەبی شەهیدانی بەدەستەوە بووە، زمانەكانی (عەرەبی ‌و فارسی ‌و ئینگلیزی) دەزانێت.

وەزارەتی پلاندانان

دارا ڕەشید، وەزیریی پیلاندانان، لە پشکی یەکێتی تەمەنی ٤٣ ساڵە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە هەناو و نەشتەرگەری گشتیدا هەیە، کە هیچ پەیوەندی بەو پۆستەوە نییە کەوەری گرتووە، لەناو یەکێتیدا بە کەسێکی نزیک لە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی ئەژماردەکرێت.

واتا لەکۆی پێنج وەزیریی پشکی یەکێتی، تەنها یەک وەزیریان بڕوانامەکی گونجاوە لەگەڵ پۆستەکەیدا.

وەزیرەکانی گۆڕان

وەزیریی دارایی

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی،  لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، تەمەنی (٦١ ساڵ)ە، چەندجارێك ئەزمونی كاركردنی لە حكومەتدا تاقیكردوەتەوە، یەكەمین پۆستی حكومی كە وەریگرتووە، پۆستی قایمقامی سلێمانی بووە لە ساڵی ١٩٩٣دا، ماوەیەكیش بریكاری وەزیری گواستنەوە بووە‌ و لێپرسراوی لیژنەی باڵای سوتەمەنی سلێمانی بووە.

ئاوات شێخ جەناب بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسادا هەیە، کە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتەکەیەوە نییە، هاوشێوەی ڕێباز حەملان، وەزیریی پێشووی دارایی، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرپرسی ژوری دارایی بووە.

وەزارەتی پیشەسازیی

كەمال موسلیم، وەزیریی پیشەسازییە لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتەمدا تەنیا (ساڵێك ‌و سێ) مانگ لە پۆستی وەزیریی ئەوقاف مایەوە، بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیرەكانی دیکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەریكرد ‌و جارێكی دیکە نەگەڕایەوە بۆ وەزارەتەكەی.

بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە جیۆلۆجیدا هەیە، کە تاڕادەیەك لە پۆستەكەیەوە نزیكە.

وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی

كوێستان محەمەد، وەزیریی كاروباری كۆمەڵایەتی، لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ماتماتیكدا هەیە، کە زۆر دوورە لە وەزارەتەکەیەوە، دوو خول ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بووە‌ و تەمەنی (٥٤ ساڵ)ە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە

دانا عەبدولكەریم، وەزیریی ئاوەدانکردنەوە لەپشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بواری ئەندازیاری شارستانیدا هەیە، كە لەگەڵ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەدا گونجاوە.

تەمەنی (٤٦ ساڵ)ە، زمانەكانی عەرەبی ‌و ئینگلیزی دەزانێت، ماوەیەك لێپرسراوی پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی بووە‌و بەشداربووە لە دروستكردنی چەند پرۆژەیەكدا لە سنوری سلێمانی،بەرپرسی (فایلی حكومەت) بووە لە ژووری پەرلەمان‌ و حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.

واتا لەکۆی چوار وەزیریی بزوتنەوەی گۆڕان دوو وەزیریان بڕوانامەکانیان گونجاوە لەگەڵ پۆستەکانیاندا

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان

عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان‌ و ئەنفالكراوان، لە پشکی حزبی سۆسیالست، بڕوانامەی ناوەندی هەیە، کە نزمترین بڕوانامەیە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

تەمەنی ٤٩ ساڵە و لە دوو خولی پەرلەمانیدا، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بووە.

هەرچەند زۆرینەی حزبەکان، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەیانوت، کە هەوڵ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات دەدەن، بەڵام وەک دەردەکەویت ئەوەی پێکهاتووە حکومەتێکە لەسەر بنەمای توکنۆکراتی نییە و زیاتر بەپێی پێوەرە حزبییەکان بڕیار لە دانانی وەزیرەکاندا کراوە.

د.ع