بۆچی زینی ئەستێرۆکان گرنگە؟

زینی وەرتێ یان ناوە ڕاستییەکەی "زینی ئەستێرۆکان"، دوای ئەوەی پارتی هێزەکانی بردە ئەو ناوچەیە، کەوتە ڕۆژەڤی کوردانەوە، ئەم ناوچە ستراتژییە بۆ کورد خاوەن مێژوویەکی دوورە، بە تایبەت کە بووەتە شوێنی ململانێی دەسەڵاتی پارتەکانی باشوری کوردستان.


لەم دۆسییەیەدا، تیشک دەخەینە سەر جوگرافیای زینی ئەستێرۆکان (وەرتێ)، لایەنی ئیداری، گرنگیی بۆ بزوتنە نەتەوەییەکانی کورد، هۆکاری جێگیرکردنی هێزەکانی پارتی و دوایین زانیارییەکان لەسەر دۆخی ئەو ناوچەیە دەخەینە ڕوو.

هەرچەند هەرێمی کوردستان قەبارەیەکی هاوبەش و یەکپارچە دەبینرێت، بەڵام هێشتاش دوو ئیدارەیی لە زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستان دەبینرێت، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، یان پارتی، بە "زۆنی زەرد" و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکیتی نیشتمانی کوردستان- یەکیتی، بە "زۆنی سەوز ناسراوە"، بۆیە خەڵکیش هەر بەو ناوانە دەیانناسن و دەیانخوێننەوە.

دوای ڕاپەڕینی خەڵکی باشور دژی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی ١٩٩١، گەلی کورد لەم بەشەی کوردستاندا، لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بووە خاوەن پێگەیەکی خۆبەڕیوبەر و ناوچەی دژەفڕین تێیدا ڕاگەیەندرا، دوای ئەوەی ئاسایشی ئەم پارچەیە مسۆگەرکرا، حکومەتی و پەرلەمانەکەی دامەزرا، هەرچەند بۆ ئەم دەستکەوتە بەهای گەورە درابوو، بەڵام شەڕی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی، ڕێگەی نەدا ئەو دەرفەتەی دەستکەوتبوو بەباشی سوودی لێوەربگیرێت. 

شەڕی دەسەڵاتداری نێوان ئەم دوو پارتە، زۆرجار بە پێکدادانی قورس و خوێناوی و قوربانی بوونی سەدان پێشمەرگە و هاوڵاتی کۆتاییهاتووە، نمونە بەرجەستەکەشی هاوکاری لەگەڵ ڕژێمی بەعس و هێنانی دەبابەکانیی بۆ ناو هەولێر، پێشمەرگەکانی پارتی کە بە ساڵان شەڕی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسیان کردبوو داوای مافی نەتەوەیی خۆیان کردبوو، ساڵی ١٩٩٦، بۆ دەرکردنی هێزە کوردییەکان لە هەولێر، شانبەشانی سەربازان و دەبابەکانی بەعس هێرشیان کردە سەر هەولێر و لە دەستی یەکێتی دەریانهێنا.

لە ڕاستیدا شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی کە پێی دەوترێت شەڕی براکوژی، ساڵی ١٩٩٤ دەستیپێکرد و تا ساڵی ١٩٩٨بەردەوام بوو و بە نێوەندگیری ئەمریکا و لە پەیمانێک کە لەلایەن "مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی"ـەوە واژۆکرا و بە "پەیمانی واشینتۆن" دەناسرێت، کۆتاییهات و نەخشەی کۆتایی زۆنەکانی زەرد و سەوز دیاری کران.

زینی ئەستێرۆکان یان زینی وەرتێ

ناوچەی زینی ئەستێرۆکان (وەرتێ)، یەکێک لەو ناوچانەیە کە لەنێوان ئەو دوو پارتە دابەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی سنووری ئیداریشی دیاری کراوە، بەڵام هەمیشە جێی ناکۆکیی و هێڵی سوری هەردوولا بووە.

بەپیی پەیمانی واشینتۆن، زینی ئەستێرۆکان لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە، لەڕووی ئیدارییەوە سەربە 'یەکێتی'یە، هێزەکانی یەکێتی تا ساڵی ٢٠١٤ لەو ناوچەیە بوون و دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش، بەهۆی ئەوەی کێشەیەک لە ناوچەکە نەبوو لەلایەن گەریلاکانەوە دەپارێزرا، یەکێتی هێزەکانی لەوێ کشاندەوە و بارەگاکانی چۆڵکرد، بە گوێرەی خەڵکی ناوچەکە لەو کاتەوە هیچ بۆشاییەکی ئەمنی لەو ناوچەیە ڕووینەداوە و هیچ پێویستییەک بە هاتنی هێزەکانی یەکێتی و پارتی نەبووە.

 لە کاتی دابەشکردنی ناوچەکەدا، شارەدێی وەرتێ کە ١٧ گوند لەخۆ دەگرێت، خراوەتە سەر شارۆچکەی ڕواندزی سەربە هەولێر، شارەدێی 'سەرکەپکان'ـیش کە ٦٠ گوند لەخۆ دەگرێت خراوەتە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین، وەرتێ و سەرکەپکان سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی ئیدارییەوە دابەشکراون، بەڵام دوو ناوچەی نزیک لەیەکن و شاخ و چیاکانیان هاوبەشن و زینی ئەستێرۆکان پێکەوە گرێیان دەدات.

زینی ئەستێرۆکان هاوکات شوێنێکی گەشتیارییە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی گەشتیارەکانیش لەلای هەولێرەوە دێنە ناوچەکە، پێی دەڵین زینی وەرتێ، دوای ئاڵۆزییەکانیش ڕاگەیاندنەکان بە زینی وەرتێ ناویان هێنا و ئەو ناوە چوو ناو زمانی سیاسییەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ناوەکەی "زینی ئەستێرۆکان"ـە، لەسەر نەخشەش هەر بەم ناوە تۆمارکراوە، لەلای سەرکەپکانی سەربە ئیدارەی ڕاپەڕینەوە "زینی ئەستێرۆکان"ی پێدەوترێت، ناوی "زینی وەرتێ"ـیان پێقبوڵ نییە و بە گۆڕاندنی نەخشەی ناوچەکە دەیبینن و بە کایەی پارتی دەیزانن کە بە مەبەست ئەو ناوە لەسەری داناوە تا واپێشان بدات کە ناوچەکە سەربە هەولێرە، بەم کارەش ڕەوایەتی بە جێگرکردنی هێزەکانی دەدات، خەڵکی هەرێمەکە بۆ بەکارهێنانی ناوی زینی وەرتێ بۆ ناوچەکە، ڕەخنە لە ڕاگەیاندنەکان دەگرن، داوادەکەن ڕاست بکرێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە دانیشتووانی وەرتێ بەو ناوچەیە دەڵین زینی وەرتێ، دابەشکاریی سیاسی ڕێگە بۆ قەیرانی ناسنامەیی ناوچەکەش کردووەتەوە.

بۆ دەڵێن زینی ئەستێرۆکان؟

وشەی "زین" لە شێوەزاری سۆرانی بە شوێنێکی بەرزی سەر دۆڵەکان دەوترێت، زینی ئەستێرۆکانیش ناوچەیەکی بەرزی نێوان شارەدێیەکانی وەرتێ و سەرکەپکانە کە بەسەر ناوچەکەوە دەڕوانێت، زینی ئەستێرۆکان پڕە لە کانی و لەسەر کانیاوەکانیش جۆرێک مێشوولە هەیە کە شەوانە بە ڕەنگی فۆسفۆر دەدرەوشێتەوە، خەڵکی ناوچەکەش ئەو حەشەرانە بە ئەستێرە وەسف دەکەن و بۆیە ناوی "زینی ئەستێرۆکان"یان لەسەر ناوچەکە داناوە، بەهۆی ئەوەی زینی ئەستێرۆکان بەسەر هەموو دۆڵەکانەوە دەڕوانێت بۆیە؛ دانیشتوانی دۆڵی شاورێ پێدەڵێن زینی شاورێ و لە هەندێک شوێنی دیکە پێدەوترێت زینی ڕەقە، ئەم پارچەبوونە سیاسییە و زیهنییەتی حزبی کاریگەریی لەسەر خەڵکی ناوچەکەش کردووە.

لە زینی وەرتێ لە سنووری ڕاپەڕینەوە پێی دەوترێت گەلیی شاورێ، لەناو ئەو گەلییەش دۆڵە ڕەقە و دۆڵی گوڵان هەیە، ناوچەیەکی پڕ لە گەلیی، دۆڵ، ڕووبار و کانی، سەرەوەی شاخ و خوارەوەی دارستانە، لەسەر دۆڵە ڕەقە زنجیرە چیای بێرمک، کوڕەشەل و درێژەی چیای کێوەڕەش هەیە، لە ڕۆژئاوای دۆڵەکەش چیای ماکۆک هەیە، لە باکوری ڕۆژئاواش چیاکانی بێترخێن، هەلەموند و کارۆخ هەیە، هەروەها لە ناوچەکە شاخەکانی گۆرابۆت، کانی ئەستێرۆکان، مەکێ و سەرگەلی و ساڤسێڤۆکان هەیە.

ناوچەکە لە ڕووی گیا بەهارییەکانەوە زۆر دەوڵەمەندە و بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە بە کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان بژیوی خۆیان دابین دەکەن، هەرچەند شاخەکان سەختیش بن، بەڵام لە ڕووی کشتوکالییەوە دەتوانرێت زۆر سوودی لێوەربگیرێت، دەوترێت پێشتر ئەم ناوچەیە بە توتن لە باشوری کوردستان و عێراق بەناوبانگ بووە، بەڵام لە ئێستادا تێدا ناچێندرێت.

ناوچەکە بە چیا و دارستانەکانییەوە و بە شاخ و ئاوەکانییەوە، بۆ ئاژەڵدارانی زۆر گونجاوە، لە ناوچەکە ئاو یان ڕووباری بەردەڕەش، سەرشت، سپی، ناوسۆلان، زێرەرت، گۆرابۆت و کانیکاران هەیە و لە هەموو گوندەکانی ناوچەکە کانیاوەکان لە بەرزایی شاخەکانەوە دێنە ناو گوندەکان.

زینی ئەستێرۆکان بۆ لە بواری جیوپۆلتیکەوە گرنگە؟

زینی ئەستێرۆکان لە نێوان چیای کارۆخ و باشوری قەندیل هەڵکەوتووە، بەهۆی بەرزییەوە دەکەوێتە بەرامبەر قەندیل، زەرنەکێوی کە دەکەوێتە قەندیل، زنجیرەکەی لە باشوری قەندیلەوە دەگاتە زینی ئەستێرۆکان، لە قەندیل تا زینی ئەستێرۆکان بەپێ ٥ بۆ ٦ کاتژمێر ڕێگەیە، بە ئۆتۆمبێلیش بە کاتژمێر و نیوێک ئەو ڕێگەیە دەبڕدرێت، دوای زینی ئەستێرۆکان، زنجیرە چیای کارۆخ دەستپێدەکات و دەگاتە دیانا، باشوری دیاناش دەگاتە زاگرۆس و بادینان.

ئەمە هەمووی لە ڕۆژئاوای زینی ئەستێرۆکانەوە دەڕوانێت، لە باکوری زینی ئەستێرۆکان، قەندیل باڵەیان، شێخ ناسر، هەڵگورد، خواکورک و کەمێک بەرەو خوار چیای بارزان دەبینرێت، ڕانیەش دەکەوێتە لای باشورییەوە، بۆیە زینی ئەستێرۆکان لە بواری جوگرافیدا جێگەیەکی ستراتیژییە و دەتوانێت ناوچەیەکی بەرفراوانی پشدەر (قەندیل)، ڕانیە، برادۆست، کارۆخ و خواکورک لێوە ببینرێت.

لە سنووری ڕۆژهەڵات (ئێران)ـەوە دوورە

ئەو ڕێگایانەی دەچنە زینی ئەستێرۆکان لە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی بەعسەوە و لەو سەردەمەدا دروستکراون، ئەو ڕێگە باشە نییە کە هەر ئۆتۆمبێلێک پێیدا بڕوات زینی ئەستێرۆکان ٥٠ بۆ ٦٠ کم لە سنوری ڕۆژهەڵات (ئێران)ـەوە دوورە، بۆیە ڕێگای قاچاخ نییە، قاچاخ پێویستە لە بازگەکانی ئاسایشی پارتی لە چۆمان، حاجی عومەران و قەسرێ تێپەڕێت، زینی ئەستێرۆکان دەکەوێتە نێوان چوار ڕێگا، هێڵێک دێتە نێوان وەرتێ و سەرکەپکان، هێڵێکیش دەچێتە ناودەشت و ڕەواندز، هەموو هاتن و چوونێک لە شار و شارۆچکەکانەوە، بە خاڵەکانی پشکنیندا تێدەپەڕێت، بۆیە زۆر سەختە کە قاچاخ لە زینی ئەستێرۆکانەوە بچێتە ناو باشوری کوردستان، بۆیە خەڵکی ناوچەکەش دەڵێن ئەم ڕێگەیە هی قاچاخچییەکان نییە و لە سنووری ڕۆژهەڵاتەوە دوورە.

ناوچەکە بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە ستراتژییانەوەوە، هەمیشە میوانداریی لە بزوتنەوە نەتەوەییەکانی چوارپارچەی کوردستانی کردووە، لە ساڵی ١٩٦١ـدا مەلا مستەفا بارزانی لەو ناوچەیە خەباتی بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی بەڕێوە بردووە، مام جەلال سکرتێری گشتی ئەو کاتەی یەکیتی لە دۆڵە ڕەقەی ناوچەی زینی ئەستێرۆکان خەباتی نەتەوەیی بەڕێوەبردووە، هەروەها پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە کۆمەڵە و دیموکرات، ناوبەناوە لەو ناوچەیەوە خەباتی نەتەوەییان بەڕێوە بردووە، پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە لە ناوچەی بۆتێ سەربە زینی ئەستێرۆکان جێگیر بووە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە تا ساڵی ٩١ ئەو ناوچەیە هێرشی کراوەتە سەر، لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٧ـیشەوە هەمیشە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆردوومان کراوە.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی ، گوندەکانی بامۆلەکان، بنجاڕ، کۆنەمەڕ، چۆم، خەزینە، ماباب و پڵنگان شەهید بوون، زۆرێک لە خانووەکان ڕووخاون، ئاژەڵی گوندنشینەکان کوژراون، باخ و ڕەزەکانیان وێران بوون، ساڵی ١٩٩٦ لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە دۆڵی شاورێ لە بۆتێ، شەش هاوڵاتی مەدەنی بەناوەکانی؛ خدر، ڕەسول، ئیبراهیم، خالید و ڕەسول شەهید بوون و زۆر کەسیش برینداربوون.

گوندی خەزینەش هەر ئەو ساڵە بۆردوومان کراوە و لە ئەنجامیدا چوار کەس شەهید بوون، لە گوندی پڵنگانیش ساڵی ١٩٩٥ من داڵێک شەهید بووە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی هێزیان ڕەوانەی زینی ئەستێرۆکان کرد، فڕۆکە سیخوڕیی و جەنگییەکان جموجوڵیان لەسەر ناوچەکە زیادکردووە، بە دووری چەند مەتر لە پێگەی هێزەکانی پێشمەرگە گروپێک گەریلا کرانە ئامانج و سێ گەریلا لە سێ پارچەی کوردستان شەهید بوون، دوای ئەوە پێشمەرگەکانی پارتی ئاڵای هەرێمی کوردستانیان لە شوێنی شەهیدبوونی ئەو گەریلایانە دانا.

کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند: هاتنی پێشمەرگەکانی پارتی بۆ ناوچەکە بەشێک لە پلانە داگیرکەرانەکانی دەوڵەتی تورک دژی قەندیلە و داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کە نەبنە ئامرازی کایەی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی قەندیل، هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا داوای یەکێتی لە گەلی کورد کرا، خەڵکی ناوچەکەش لەسەر ئەو ئاڵۆزییانە ناڕەزایەتییان نیشاندا و داوایان لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد کە دەستبەجیی لە ناوچەکە بکشێنەوە.

لە ئێستادا، هێزێکی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە کە فەرماندەکەی پارتییە و هەمیش لیوا تایبەتەکانی پارتی و یەکیتی لە ناوچەکە جێگیرکراون، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی ڕای گشتی کورد، ئەمە ماوەیەکە بێدەنگی لە ناوچەکە دەبینرێت، بەڵام هێشتا ئاڵۆزییەکان بەردەوامە و داخوازی گەل بۆ کشانەوەی هێزەکان جێبەجێی نەکراوە، خەڵکی ناوچەکە لەسەر ئەو باوەرەن کە هەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە نە تەنها ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە ناهێنێت، ئاڵۆزیی و شەڕ لەگەڵ خۆیدا دێنێت.

تا ئێستا گروپێک لە ڕیشسپیانی ناوچەکانی سەرکەپکان و وەرتێ، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و داوایان کردووە کە لەوێ بکشێنەوە، خەڵکی باشوریش بە پێشەنگایەتی ڕۆشنبیران، ویستیان بچنە ناوچەکە، بەڵام لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە ڕێگرییان لێکرا، نوێنەری باوەڕییە جیاوازەکانیش سەردانی زینی ئەستێرۆکانیان کرد و لەوێ داوای کشانەوەی ئەو هێزانەیان کرد، داواشیان کرد کە کێشەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن، هونەرمەندانی کە بە هەمان مەبەست ویستیان بچنە ناوچەکە لە سەرکەپکان و دوکان ڕێگرییان لێکرا.

دوای ڕووداوەکانی زینی ئەستێرۆکان، گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکیتی قووڵتر بوونەتەوە، لە ئێستادا پارێزگای سلێمانی داوای سیستمی لامەرکەزی دەکات و داواکەشی پێکەشی کاربەدەستانی هەرێم کردووە، کە بووتە ڕۆژەڤی سەرەکیی باشوری کوردستان.

سیاسییە بە ئەزمونەکان، چالاکوانان و ئاکادمیسییەنەکان، لە ئیستادا چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێم ئەنجام دەدەن، گروپی ئاشتی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و داوایان کرد، ئەو هێزانەی بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزی، لە ناوچەکە بکشێنەوە، گروپی ئاشتی بە نیازیشن، چاوپێکەوتەکانیان لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێم بەردەوام بکەن.

س.ح