بۆچی یەکێتی نەتەوەیی پێکنایەت؟  بەشی دووەم

هۆکارەکانی پێکنەهێنانی یەکێتی نەتەوەیی زۆرن، بەشێکیان هۆکاری ناوخۆین و بەشێکیان هۆکاری دەرەکین، کە پەیوەندی بە پلانگێڕیی داگیرکەرانی کوردستان و دەوڵەتانی زلهێزەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بە ناوخۆوە هەیە پەیوەستە بە بەرژەوەندی حزبەکان و خواستی پاوانخوازی و سڕینەوەی یەکترەوە کە لەم ڕاپۆرتەدا وردەکارییەکانیان دەخەینەڕوو.


لە تەمەنی دروستبوونی پارتی سیاسیدا لە کوردستان، چەندین هەوڵی یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزیی لایەنەکان دراوە، بەڵام هەر یەکەیان بەشێوەیەک کۆتایی هاتووە.

لەساڵی ١٩٨٣ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق و پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕێککەوتننامەیەکی نۆ خاڵی واژۆکرا، ئەم ڕێککەوتننامەیە هەتا ساڵی ١٩٨٦ بەردەوام بوو، بەڵا دواتر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، کۆتایی پێهێندرا.

دوران كاڵكان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەبارەی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکەوە دەڵێت: مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٥ بوو بەناوی پەدەکە لێدوانێك بلاو كرایه‌وه‌، بە ڕای گشتییان ڕاگه‌یاند، کە ئەوان ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەی کە لەو ڕێككه‌وتنه‌ کشایەوە پەکەکە نەبوو، به‌ڵكوو ئەوەی لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و ڕێککەوتنەکەی تێکدا ئیدارەی (پ-د-ک) بوو.

دکتۆر فایەق گوڵپی، سایسەدمەدار و چاودێری سیاسی، لەسەر ئەو ڕێککەوتنە دەڵێت: لە بنەڕەتدا پارتی بۆیە ئەو ڕێککەوتنەی کرد، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا لە ساحەی سیاسی باشوری کوردستاندا پەراویز خرابوو، لەوکاتەدا (ی-ن-ک) حزبی سەرەکی باشوری کوردستان بوو، بۆیە پارتی دەیویست بە ڕێککەوتنی لەگەڵ (پەکەکە) خۆی بەهێز بکات، کاتێکیش بەهێز بوو یەک لایەنە ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە.

بەرەی (جود) و (جوقد)

لە ساڵی ١٩٨٠، دوو بەرە لە نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست دەبێت، بەرەی نیشتیمانی ‌و نەتەوەیی دیموكراسی عێراق – جوقد، کەپێک هاتبوون لەهەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی کوردستان ‌و حیزبی سۆسیالستی كوردستان- حیسك‌ و هەرێمی سەركردایەتی حیزبی بەعس ‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبی‌ و حیزبی شیوعی عێراقی، لە بەرەی جوقد-دا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باڵادەست بوو.

بەرەی دووەم ناوی بەرەی نیشتیمانی دیموكراسی عێراق- جود بوو، کە پێک هاتبوو لە (پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، حزبی سۆسیالستی کوردستان، حزبی شیوعی، پارتی سۆسیالستی کورد-پاسۆك)، لەم بەرەیەشدا پارتی باڵادەست بوو.

حزبی شیوعی کوردستان، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە هەردوو بەرەکەدا ببوە ئەندام، دواتر سۆسیالستیش لەهەردوو بەرەکەدا بووە ئەندام، بەڵام ئەمە نەیپاراستن لە زیانەکانی شەڕی ناوخۆ.

دکتۆر سەلام عەبدولکەریم، مامۆستا لە کۆلێژی پەروەدەی کۆمەڵایەتی بەشی مێژوو لەزانکۆی هەڵەبجە، لەسەر ئەو دوو بەرەیە دەڵێت: هەرچەند لە بنەڕەتدا ئەو دوو بەرەیە بە ئاماجی کاری پێکەوەیی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد دروستبوو، بەڵام لە ئەنجامدا ماڵوێرانی و شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە.

بەرەی کوردستانی

لەدوای شکستی ساڵی ١٩٨٨، کە ڕووبەڕووی پارتەکانی باشوری کوردستان بوویەوە، هەموو چیاکانی باشوری کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە داگیرکرا، تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران، لەدژی گەلی کورد لە باشوری کوردستان ئەنجامدرا، لەوکاتەوە هەموو لایەنەکانی باشوری کوردستان پێکەوە بەرەی کوردستانیان دروستکرد، ئەم بەرەیە کاریگەریی هەبوو لە بەهێز بوونەوەی خەباتی سیاسیی لە باشوری کوردستان، هەروەها لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ی دژ بە ڕژێمی بەعس، کاریگەریی هەبوو.

دکتۆر فایەق گوڵپی، لەسەر پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دەڵێت: بەرەی کوردستانی بە هەوڵ و فشاری حکومەتی ئێران دروستکرا، یەکێتی و پارتی لەگەڵ یەک ئاشتکردەوە و بەرەکەی پێکهێنا، ئێران ئامانجی بوو لەڕێگەی بەرەی کوردستانییەوە جارێکی دیکە شەری کورد لەگەڵ ڕژێمی بەعس هەڵبگیرسێنێتەوە، هەرچەند بەرەی کوردستانی بەپلانی ئێران دروستکرا، بەڵام وایکرد ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری کوردستان دژ بە ڕژێمی بەعس سەربکەوێت.

هەتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە باشوری کوردستان بەرەی کوردستانی دەسەڵاتی لەدەستدا بوو، بەڵام لەدوای دروستبوونی پەرلەمان و حکومەت بەرەی کوردستانی هەڵوەشایەوە، بەڵام یەکێتی نێوماڵی کورد لە باشوری کوردستان تا ڕادەیەک بەردەوام بوو، بەڵام لەدوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لەساڵی ١٩٩٤ لەنێوان یەکێتی و پارتیدا ئیتر پەرتەوازەییەکی قوڵ کەوتە نێو پارتەکانی باشوری کوردستانەوە.

پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات

لەساڵی ١٩٩٥ بە هەوڵی چەن لایەنێک و چەندین ڕۆشنبیریی پارچەکانی کوردستان، پەرلەمانی کورد لە دەرەوەی وڵات دروستکرا، ئەم پەرلەمانە زۆرینەی لایەنەکانی کوردستان ئەندامبوون تێیدا، دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ ناوی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات گۆڕا بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە.

کەنەکە، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان چەندین هەوڵی داوە بۆ یەکێتی نەتەوەی کوردان، چەندین کۆنفڕانس و کۆنگرەی ئەنجامداوە کە لەبەشی یەکەمی ئەم ڕاپۆرتەدا باسمانکردووە.

حەمەئەمین پێنجوێنی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەرلەمانی کوردستانی دەرەوەی وڵات و ئەندامی کەنەکە، لەسەر هۆکارە ناوخۆییەکانی پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی دەڵێت، هۆکارە ناوخۆییەکان ئەوەیە کە لایەنە کوردییەکان ڕای جیاوازیان هەیە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی.

ناوبراو لەبارەی ئەو ڕا جیاوازانەوە وتی: لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وایە دەبێت، کە هەر پارچەیە و لەناو خۆیاندا یەکێتی دروستبکەن بەگوێرەی پێویستی پارچەکانی خۆیان، دواتر نوخبەیەک هەڵبژێرن بۆ ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی گشتی پێکبێت، لایەنەکانی باکوری کوردستان پێیان وایە دەبێت هەموو لایەنەکانی چوارپارچەی کوردستان پێکەوە یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن، لایەنەکانی باشوری کوردستان، پێیان وایە هێشتا بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە هاوکار نییە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی و دەوڵەتان دژایەتی هەموو هەوڵێک دەکەن بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ڕایەکی دیکەش هەیە، کە دەڵێن، ئەگەر پارتە سیاسییەکان ناتوانن یەکێتی نەتەوەیی دروستبکەن با لە ڕۆشنبیر و کەسایەتییەکان ئەو یەکێتییە دروستبێت.

هەوڵی ساڵی ٢٠١٣

لەساڵی ٢٠١٣دا لەسەر پێشنیاری عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، هەوڵێکی جدی بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی درا، بۆ یەکەم جار پارتی دیموکراتی کوردستان- بەشداربوو تێیدا، کۆبوونەوە ئامادەکارییەکان بۆ ماوەی شەش مانگ لەشاری هەولێر بەردەوام بوو، بەڵام بە ئاکام نەگەشت.

حەمەئەمین پێنجوێنی، لەسەر ئەو کۆبوونەوە دەڵێت، کۆبوونەوەکە خەریک بوو بگاتە ئامانجەکانی، لەوەدابووە کۆنگرەی نەتەوەیی پێکبێت، لەناوخۆدا لەسەر هەندێک شتی تەکنیکی پێکنەهات، بەڵام ئەوەی، هۆکاری سەرەکی پێکنەهێنانی بوو فشارە دەرەکییەکان بوو.

یەکێتی نەتەوەیی ستراتیژە یان تاکتیک

بەگوێرەی وتەی ڕۆشنبیران و چاودێرانی سیاسی، لای پارتی کرێکارانی کوردستان هەوڵدان بۆ یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد ستراتیژە، بەڵام لای هەندێک پارتی دیکە تاکتیکە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی دیکە.

حەمەئەمین پێنجوێنی، لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەییەوە دەڵێت: کاتێک ساڵی ١٩٩١ چاوم بە بەڕێز ئۆجالان کەوت، ئەو باسی گرنگی یەکڕیزی نێوماڵی کوردی کرد، زۆر لای مەبەستبوو، کە یەکێتی نەتەوەیی پێکبێت، بۆیە هەوڵی جدی بۆ ئەیا، دەتوانین بڵێین پەکەکە خاوەنی بیرۆکەی یەکێتی نەتەوەییە و پشتیوانی تەواویەتی.

بەهەمان شێوە دکتۆر فایەق گوڵپی، دەڵێت، کە هەموو هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی لەلایەن پەکەکە-وە دراوە، یەکێتی نەتەوەیی لای پەکەکە ستراتیژە، بەڵام لای هگەندێک لایەنی دیکە تاکتیکە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک بەرژەوەندی حزبی.

هەوڵەکان بەردەوامە

هێشتا هەوڵەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بەردەوامە، بەرپرسە جیاوازەکانی پەکەکە و کەجەکە، بە گرنگییەوە باس یەکێتی نەتەوەیی دەکەن و ئامادەیی خۆیان بۆ پێکهێنانی دەردەبڕن.

موراد قەرەیەڵان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، لەدواین چاوپێکەوتنیدا لەسەر گرنگی یەکێتی نەتەوەیی دەڵێت: هەموو پارچەکانی کوردستان پێکەوە بەستراونەتەوە، بەڵام هەموویان وەک یەک نین و جیاوازیشیان هەیە، سیاسەتی باشور لەو لایەنەوە هەڵەیان هەیە، پارچەکانی کوردستان کاریگەرییان لەسەریەک هەیە، تێکۆشانی هەرەبەهێزی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٤ دابوو، بەڵام هۆکاری شکستخواردنەکەی چی بوو؟ ئەو کاتە لە باکوری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشانی کورد نەبوو، لە ڕۆژئاوا هەبوو، پشتیوانی دەکرد، بە تەنیا بوو، بۆیە لێشیان دا، بەڵام بۆچی لە ساڵی ١٩٩١ ئەنجامی هەبوو؟ باش دەزانین کە بزاڤی باشوری کوردستان ئەو کاتە زۆر بەهێز نەبوو، بەڵام دەرفەتەکانی دروستکردنی سیستم لە ئاستی نێونەتەوەیی ڕەخسا، هۆکارەکەی چی بوو؟ چونکە ئەو کاتە بزاڤی باکوری کوردستان بەهێز بوو دەمەوێت بڵێم، وەکو لەو نمونانەش دیار دەبێت، پەیوەندی پارچەکان پێکەوە هەیە، تۆ ناتوانی لەیەکتر جیای بکەیتەوە، ئەگەر تۆش لە یەکتری جیای بکەیتەوە، دوژمن جیای ناکاتەوە، لەو بابەتەوە کەموکوڕی هەیە، ئەگەر مرۆڤ بڵێت هیچ جیاوازییەک نییە، ئەوەش هەڵەیە، هەر پارچەیەک خۆبەڕێوەبەریی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر بە تەواویش لە یەکتری دایبڕن، ئەوەش ڕاست نییە.

هەر لەسەر ئامادەیی کەجەکە، بۆ یەکێتی نەتەوەیی، به‌سێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت: ئەرکێکی گرنگ ده‌كه‌وێته‌ سەر شانی گەله‌كه‌مان، گەلی کوردستان ئیدی ئەو گەلەی پێشوو نییه‌، بەقوورساییه‌وه‌ بووه‌ته‌ خاوەن هەست و هۆشمەندیی نەتەوەیی، گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێک، کە ئه‌و هێزانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ ناو خیانەت، بەئاسانی بیانهێنێتەوه‌ سەر ڕێگه‌ی ڕاست، ئەگەر ڕۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند، هێزه‌ دیموکراتی و کۆمەڵایەتییه‌كان، گەلی ئێمە لە باشور ئیرادەی یەکێتیی نەتەوەیی خۆیان بە بەهێزی پیشان بده‌ن، لە دژی داگیرکاریی فاشیستی تورک بە شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بەرخۆدان بکەن، ئه‌وا پیلانه‌كانی قڕكردن شكست دێنن.

'پەکەکە بۆ هه‌موو فیداکارییه‌ك ئامادەیە'

هۆزات ڕایگه‌یاند: ئەگەر په‌ده‌كه‌ هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌ی خۆی بگۆڕێت و بە شێوه‌یه‌كی نەتەوەیی مامەڵە بکات، ده‌توانێت بەئاسانی خۆی له‌ پەکەکە نزیك بكاته‌وه‌، ڕێككه‌وتنی نەتەوەیی دیموکراتی دێته‌ ئاراوه‌، بەو شێوەیەش ده‌كرێت کۆنگرەی نەتەوەیی دروست بێت و یەکێتی نەتەوەیی بئافرێت، پەکەکە ئێستا لە هەموو کات زیاتر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئامادەیە، ئەمڕۆ ئامادەی هه‌موو فیداکارییه‌كه.

لە بەشی داهاتووی ئەم ڕاپۆرتەدا باس لە پلانی دەوڵەتان دەکەین بۆ شکستپێهێنانی هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی کورد.

د.ع