بۆچی یەکێتی نەتەوەیی پێک نایەت؟- بەشی سێیەم

دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، لە چەندین قۆناغی جیاوازدا و بە چەندین شێوە دژایەتی ئەو هەوڵانەیان کردووە، کە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی دراون، فشارە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی کورد پێکنەیەت، کاتێکیش هەنگاوەکانی تێکۆشانی ئازادیی کورد گەیەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، دەوڵەتانی داگیرکەر پەیماننامەیان دژی کورد پێکهێناوە.


لەساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە وە چەندین هەوڵ دراوە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، بەڵام بە ئاکام نەگەیشتوون، بەشیک لە سیاسەتمەداران و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە شکستپێهێنانی هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی.

ڕێککەوتنی پەکەکە و پ-د-ک

لەساڵی ١٩٨٣ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق و پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕێککەوتننامەیەکی نۆ خاڵی واژۆکرا، ئەم ڕێککەوتننامەیە هەتا ساڵی ١٩٨٦ بەردەوام بوو، بەڵا دواتر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، کۆتایی پێهێندرا.

دوران كاڵكان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەبارەی گرنگی ئەو ڕێککەوتنە بۆ هەردوولایان دەڵێت: بە بڕوای من ئەو پەیوەندی و کارانەی لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە كران، دەستکەوتی زۆر گرنگیان هه‌بوو بۆ هەردوو حیزبه‌كه‌، لە ڕووی سیاسییەوە دەستکەوتی گەورەی به‌ پەدەکە دا، پەکەکەش لە ڕووی پراکتیکییەوە لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەدا پێشکەوتنی گرنگی به‌ده‌ستهێنا، ئەو پرۆتۆکۆڵەی کە ڕێککەوتنەکەی دروستکرد لە چوارچێوەی بنەما دیموکراتییە نەتەوەییەکاندا بوو، ئێمە بەردەوام وتمان و ئەمڕۆش دەڵێین، لە چوارچێوەی هەمان ئەو خاڵانەدا ئامادەین لەگەڵ پەدەکە و حیزبه‌ کوردییه‌كانی دیكه‌ پەیوەندی دروستبكه‌ین، ئەو بنەمایانەی کە لەو پڕۆتۆکۆڵەدا هەبوون ده‌كرێت ببنە بنەمای سه‌ره‌كیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.

کاڵکان، لەبارەی هەڵەوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە و ڕۆڵی تورکیا تێیدا، دەڵێت: ئەگەر هەڵە نەبم حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥ بوو کە ئێمە دیدارێکمان لەگەڵ ئیدارەی پەدەکە له‌ بادینان کرد، ئەو کاتە بەرپرسەکەیان کەسێک بوو بە ناوی د. جەرجیس كه‌ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بادینانیش بوو، ئەوان هەڵوێستێکی نەرێنییان پیشان دا بەرانبەر ئەو بەرخۆدانە چەکدارییەی کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٥ی ئاب بەڕێوەدەچوو، وتیان، 'گوشارمان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، لە سنوور دێن و ده‌چن، نابێ وابكه‌ن'. ئێمەش پێمان وتن، 'وانییە، چالاکی لە دێرسیم دەکرێت، لە ئامەد، لە سەمسوور و لە سەرحەد دەکرێت، پەیوەندی بە باشوری کوردستانەوە نییە، هیچ دەستەیەکی گەریلا لێرەوە ناچێته‌ دێرسم بۆ چالاکی، ئه‌گه‌ر هیچ بەربەستێک نەبێت، مرۆڤ بە سێ مانگ لە بادینانەوە دەگاتە دێرسم'، هەوڵمان دا تێیانبگەینین، بەڵام ئەوان هەندێک پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی تورک دروستکردبوو، دەوڵەتی تورک هەڕەشەی لێ كردبوون، پەیوەندییان ڕه‌ت دەکردەوە، دواتر پێم وابێت مانگی ئاب بوو بەناوی پەدەکە لێدوانێك بلاو كرایه‌وه‌ بە ڕای گشتییان ڕاگه‌یاند کە ئەوان ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان هەڵوەشاندووەتەوە.

هەوڵی ساڵی ٢٠١٣

لەساڵی ٢٠١٣دا لەسەر پێشنیاری عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، هەوڵێکی جدی بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی درا، بۆ یەکەم جار پارتی دیموکراتی کوردستان- بەشداربوو تێیدا، کۆبوونەوە ئامادەکارییەکان بۆ ماوەی شەش مانگ لەشاری هەولێر بەردەوام بوو، بەڵام بە ئاکام نەگەشت.

حەمەئەمین پێنجوێنی، لەسەر ئەو کۆبوونەوە دەڵێت: کۆبوونەوەکان باش بەڕێوە دەڕۆشتن، چەندین لیژنە بۆ پێکهێنانی ڕاسپاردەی کۆبوونەوەکان پێکهاتن، بەڵام کە بەرەوئەوەڕۆشت کۆنگرەی نەتەوەیی کورد پێکبێت، دەوڵەتانی دراوسێ کەوتنە دروستکردنی فشاری جدی لەسەر ئەو لایەنە کوردیانەی کە لێیانەوە نزیکن، بۆ ئەوەی لە کۆنگرەکە بکشێنەوە.

پێنجوێنی لەبارەی ئەوەی چ وڵاتێک فشاری لەسەر لایەنەکان دروستکرد، وتی، کە نایەوێت ناو بهێنێت، بەڵام ئاشکرایە تورکیا لەچ لایەنێکەوە نزیکە و ئێران و سوریا و عێراق لە کێوە نزیکن.

تورکیا دژی هەموو هەوڵێکی یەکێتی نەتەوەییە

لەساڵی ١٩٩٥ وە خەباتێکی جدی بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەی دەکرێت، بەڵام لە هەموو قۆناغەکاندا دەوڵەتی تورک دژایەتی هەموو ئەو هەوڵانەی کردووە و بە دروستکردنی فشاری سیاسی و ئابووریی و سەربازیی بەربەستی بۆ هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی دروستکردووە.

د. فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسیی، لەبارەی هەوڵەکانی وڵاتان بۆ دروستکردنی بەربەست لە بەردەم یەکێتی نەتەوەیی کورد-دا، دەڵێت: هەر وڵاتەو بە شێوەیەک دژایەتی پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەیی کورد دەکات، ئێران چەندین جار هەوڵی یەکخستنی پارتەکانی باشوری کوردستانی داوە، بەڵام بۆ بەرژەوەندی خۆی، واتا بۆ بەرژەوەندی کورد نەبووە، بەڵام تورکیا جیاوازە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی کورد پێک نەیەت، ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆشیا بێت.

پەیماننامەو ڕێککەوتنەکان

لەساڵی ١٩٨٤ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەگەڵ ڕژێمی بەعس دەگەنە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پێدانی مافی کورد لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام بە فشاری تورکیا ڕژێمی بەعس لە ڕێککەوتنەکە دەکشێتەوە.

د. سەلام عەبدولکەریم، مامۆستا لە زانکۆی هەڵەبجە، لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەوە دەڵێت: ڕێککەوتنەکە کە خەریک بوو بگاتە ئەنجام، شاندێکی تورکیا هاتنە عێراق و فشاریان لە عێراق کرد، کە ئەو ڕێککەوتنە نەکات، بۆیە حکومەتی عێراق، لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، لەبەر ئەوەی عێراق ئەوکاتە بەرژەوەندی ئابووریی لەگەڵ تورکیادا هەبوو بۆیە ناچار بوو لە ڕێککەوتنەکە بکشێنەوە.

پەیماننامەى سەعدئاباد

ڕۆژی ٨ی تەموزی ساڵی ١٩٣٧ وەزیرانی دەرەوەی هەرچوار وڵاتی ئێران، تورکیا، ئەفغانستان و عێراق، لە کۆشکی سەعدئابادی باکوری تارانی پایتەخت، کۆبوونەوە و پەیمانێکیان بەناوی پەیمانی سەعدئاباد واژۆکرد.

بەپێی بەندی دووی ئەو پەیمانە وڵاتانی واژۆکەر پابەندن بەوەی ئاسایشی سنوورەکانی یەکتر بپارێزن، بەندی حەوتەمی پەیمانی سەعد ئاباد باس لەوە دەکات، کە هەر کامە لەو چوار وڵاتە پابەند دەبن بەوەی ڕێگری بکەن لە پێکهاتنی هەر جۆرە جووڵانەووەیەکی مەترسیدار بۆسەر ئاسایشی وڵاتی دراوسێ.

لەو دوو بەندەدا هەرچەند بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناوی جووڵانەوە کوردییەکان نەهێندراوە، بەڵام بەو پێیەی سنوورەکانی سێ وڵاتی ئێران و عێراق و تورکیا دەکەوێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر ئەو سنوورانەش تەنیا بزووتنەوە و جووڵانەوەی گەلی کورد هەیە، دەتوانین بڵێین، کە ئەو بەندە بەتەواوی لەدژی هەموو جۆرە جووڵانەوەیەکی گەلی کورد نووسراوە.

بەپێی پەیمانی سەعدئاباد، هەرسێ دەوڵەتی ئێران، تورکیا و عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کە ئەگەر پارچەیەکی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی دەستی بە تێکۆشان کرد، هەر سێ وڵاتاکە لەدژیان یەک بگرن، ئەو پەیمانە تا ساڵی ١٩٧٩، کە حکومەتی پەهلەوی ڕووخا بەبێ هێچ کێشەیەک لەسەر شوێنی خۆی مایەوە.

پەیماننامەى جەزائیر

پەیماننامەى جەزائیر، لەساڵى ١٩٧٥ لە وڵاتى جەزائیر مۆرکرا لە نێوان عێراق و ئێران-دا، بە پێى ئەو ڕێککەوتننامەیە پێویست بوو ئێران دەست لە پشتگیریکردنى کوردى باشورى کوردستان هەڵگرێت، کە ئەو کاتە لە دواى شۆڕشى ئەیلولى ساڵى ١٩٦١ وە جۆرێک لە خۆبەڕێوبەرى هەبوو، لە بەرامبەردا عێراق چەند ناوچەیەکى کەنداوى عەرەب دەداتە ئێران، لەدواى واژۆکردنى ڕێککەوتنننامەکە شۆڕشى کورد لە باشورى کوردستان ڕووبەڕووى شکستێکى گەورە بووە و مەلا مستەفاى بارزانى، کە سەرکردایەتى ئەو شۆڕشەى دەکرد، ئاشبەتاڵى ڕاگەیاند و شۆڕشەکەى هەڵوەشاندەوە.

پەیماننامەى ئەدەنە

لە ڕۆژى ٢٠-١٠-١٩٩٨ پەیماننامەى ئەدەنە لە نێوان تورکیا و سوریا مۆرکرا، ئەویش لەدواى ئەوەى لە ڕۆژى ٩-١٠-١٩٩٨ گەلەکۆمەى نێودەوڵەتى لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە پێکهات، لە پەیماننامەى ئەدەنە، سوریا و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى، کە سوریا هەر ئەندامێکى ڕێکخستنەکانى پەکەکەى دەستگیرکرد ڕادەستى تورکیاى بکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین چالاکوانى کورد لەلایەن سوریاوە ڕادەستى تورکیا کرانەوە، هەروەها سوریا چەندین دراماى تورکى دۆبلاژى زمانى عەرەبى کرد و لە سوریا بڵاوى کردەوە و لەپێناو ئەوەى کەلتور و هونەرى کورد پشێوێنێت، لە بەرامبەریشدا ڕێککەوتننامەى ئابورى لەنێوان تورکیا و سوریادا مۆرکرا.

ڕۆژئاوای کوردستان

لەگەڵ ئەوەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، تێکۆشانێکی گەورەی کرد لەدژی چەتەکانی داعش و لەبری مرۆڤایەتی شەڕی چەتەکانی کرد، بەڵام دژی سەرکەوتنەکانی دەوڵەتی تورک کەوتە پلانگێڕیی و لەدوای لاوازبوونی چەتەکانی داعش، هەڕەشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، بۆیە بە چاوپۆشیی ئەمریکا و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕوسیا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا هێرشی بۆسەر شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستا دەستپێکرد، دەوڵەتی تورک هەتا ئێستاش لەدژی سەرکەوتنەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەدوای ڕێککەوتننامەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەگەڕی.

ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان

لە ٢٥-٩-٢٠١٧ دا لە باشوری کوردستان، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق ئەنجامدرا، بۆیە دەوڵەتانی (ئێران، عێراق، تورکیا) کە لەزۆربەی پرسەکاندا ناکۆکن لەدژی باشوری کوردستان گەشتنە ڕێککەوتن و باشوری کوردستانیان گەمارۆدا و سنوورەکانیان داخستن گەمارۆی ئابووریی و سیاسیی باشوری کوردستانیاندا، هەروەها تورکیا و ئێران پشتگیریی حکومەتی عێراقیان کرد بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر باشوری کوردستان، پاشان ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا وتی، کە ڕیفراندۆمی باشوری کوردستانمان لەگۆڕنا.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە، کە یەکێتی نەتەوەیی کورد پێویستییەکی هەنوکەیی و ستراتیژییە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەردەواوە، بەرژەوەندی پارچەکانی کوردستانیش پێکەوە بەستراوە، لە بەرامبەریشدا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن شکست بە هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی کوردان بدەن، بەڵام هاوڵاتیان چاویان لە پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەی کورد و یەکڕیزیی نێوماڵی کوردە و چاوەڕوانن پارتەکانی کوردستان مێژوویەکی پرشنگدار بۆخۆیان تۆماربکەن و لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن.

 

د.ع