بۆ دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستور چی دەڵێت؟

دەستوری عێراق بۆ دەستلەکارکێشانەوە یان متمانە سەندنەوە لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران چەند ڕێکارێکی دیاریکردووە، کە ئەویش ئەوەیە سەرۆک وەزیران و کابینەکەی بۆ ماوەیەک کە لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر نەبێت بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانی هەتا پێکهێنانی ئەنجومەنێکی وەزیرانی نوێ، هەروەها دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدوای هەفتەیەک بڕیار لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بدات.


دوێنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات و داواشی کرد، کە ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی بەرژەوەندی خەڵکی عێراق هەڵسوکەت بکات.

ڕێکارە دەستورییەکان بەمشێوەیەیە

لەماددەی ٦١ی دەستوری عێراق هاتووە، کە سەرۆک کۆماری عێراق مافی ئەوەی هەیە کە داواکاریی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات بۆ متمانە سەندنەوە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.

لەهەمان ماددەدا هاتووە، کە ١/٥ ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانن داوا پێشکەشبکەن بۆ متمانەسەندنەوە لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

هەروەها دەڵێت، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریی کشانەوەی متمانە لەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەدات بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی، حکومەت بەدەستلەکارکێشراوە دادەندرێت لەدوای متمانە کێشانەوە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەکاتی کشانەوەی متمانە لە ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان لەکارەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ماوەیەک کە لە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ نەکات هەتا پێکهێنانی ئەنجومەنێکی وەزیرانی نوێ.

هەروەها دەبێت هیچ ڕێکارێک لەسەر بابەتی متمانە سەندنەوەکە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرامبەر سەرۆک وەزیران نەگیرێتە بەر هەتا تێپەڕینی حەوت ڕۆژ، بەڵام بۆی هەیە گفتوگۆ لە بارەی دەستلەکارکێشانەوەکە بکات، واتا ئەنجومەنی نوێنەران بڕیار لەسەر داوای دەستلەکارکێشانەوەکەی عادل عەبدولمەهدی نادات هەتا ڕۆژی ٥-١٢-٢٠١٩.

لەماددەی ٨١ی دەستور هاتووە سەرۆک کۆمار جێگای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەگرێتەوە لەکاتی چۆڵبوونی ئەو پۆستە بەهەر هۆکارێک بێت، دەبێت سەرۆک کۆمار سەرۆکێکی دیکە بۆ ئەنجومەنی وەزیران ڕابسپێرێت کە لە ١٥ ڕۆژ تێنەپەڕێت بەپێی ڕیکارەکانی ماددەی ٧٦ی ئەم دەستورە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵدەبژێریت.

ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسەندکرد، ئەوە هەموو ئەنجومەنی وەزیران بە هەڵوەشاوە دادەندرێت، دەبێت سەرلەنوێ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان هەڵبژێردرێنەوە بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستور.

ماددەی ٧٦ی دەستور دەڵێت، کە سەرۆک کۆماری عێراق لەماوەی ١٥ ڕۆژدا دەبێت کەسێک لەو فراکسیۆنەی زۆرترین ئەندامی هەیە ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران بەمەرجێک ماوەکەی لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر نەبێت.

ئەگەر ئەو کەسە نەیتوانی لەو ماوەیەدا حکومەت پێکبهێنێت، سەرۆک کۆمار کەسێکی دیکە ڕادەسپێرێت کە لەماوەی ١٥ ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنێت، ئەگەر ئەویش نەیتوانی بەهەمانشێوە سەرۆک کۆمار کەسێکی دیکە ڕادەسپێرێت کە لەماوەی ١٥ ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنێت.

ئەنجام

وەک ئەوەی لە دەستوری عێراقدا هاتووە، لەئێستادا کە عادل عەبدولمەهدی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ناردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت کە سبەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دەستلەکارکێشانەوەکە کۆدەبێتەوە، بەڵام پەرلەمان بۆی نییە تاوەکو دوای ٥- ١٢- ٢٠١٩وە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکە قبوڵ بکات، واتا پێویستە ١٦٦ ئەندام دەنگی لەسەر بدات.

دوای ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی پەسەندکرا، کابینەکەی بۆماوەیەک کە لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر نەبێت بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی بۆ تێپەڕاندی کارەکانی ڕۆژانە.

لەکاتی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانیی عێراقەوە، سەرۆک کۆمار کەسێک لەو فراکسیۆنە ڕادەسپێرێت کە زۆرترین ئەندامی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا.

د.ع