ئەگەر لوتکەی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی دژی ڕێبەر ئۆجالان لە کینیا بێت، ئەوا ئیمرالیی دەبێتە گرنگتریین وێستگەی ئەو گەلەکۆمەیە بۆ نەهێشتنی کاریگەریی ئەو ڕێبەرە، هەروەک ڕێبەر ئۆجالان خۆی دەڵێت: زیهن و ئیرادەم بوونە هۆی لەسەر پێ مانەوەم و ڕێگەنەدان بە پووکانەوەم.
ساڵی ١٩٩٩ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتییدا و لە نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا، پاشان گواسترایەوە بۆ دوورگەی ئیمرالیی و زیندانیی کرا.
ئۆجالان و شێخ سەعیدی پیران.. دوو ڕێبەر یەک پیلانگێڕیی
ئەو ڕۆژەی گەلەکۆمە لەدژی ڕێبەر ئۆجالان گەیشتە لوتکە واتا ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، بەر لە ٧٤ ساڵ و لە هەمان ڕۆژ و هەمان مانگدا گەلەکۆمە لەدژی شێخ سەعیدی پیرانیش کرا، واتا ١٥ی شوباتی ١٩٢٥.
لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٩٩ پاش دانیشتنەکانی دادگا بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ڕێبەر ئۆجالان دەرکرا، هەمان ڕۆژ و هەمان مانگیش لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥دا بڕیاری لەسێدارەدان بۆ شێخ سەعیدی پیران دەرکرا و لەسێدارە درا.
ڕێبەر ئۆجالان خۆی لەسەر ئەو چەرخە مێژووییە دەڵێت: زیندانییکردنی من لە ئیمرالیی ماتەمینییەکی نەتەوەیی لای زۆرینەی گەلی کورد دروستکردبوو، چونکە کوردان وا بیریان دەکردەوە ئەو هیوای بۆ ئازادیی لەلایەن دروستببوو لە قۆناغی ئیمرالیی لەناودەچێت، چونکە هەموو سەرهەڵدانەکانی دیکەی کورد ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس بوەوە، بۆیە ١٥ی شوبات وەک ‘ڕۆژی ڕەش’ ناسێندرا.
گۆشەگیریی ئیمرالیی
دوورگەی ئیمرالیی لە ساڵی ١٩٣٥ەوە زۆنی مەرگ بووە، شوێنی سزادانی کەسایەتییە گرنگەکان و لێپرسراوانی دەوڵەت بووە، گواستنەوەی ڕێبەری گەلی کوردیش بۆ ئەو دوورگە خوێناوییە، بە ئامانجی پووکانەوەی “جەستەیی” ڕێبەر ئۆجالان بوو.
ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: لە سەرەتای دەستپێکردنی تەمەنی پیرییدا هێنرام بۆ دوورگەکە، کەشوهەواکەی زۆر لەبارە بۆ پووکانەوەی مرۆڤ لەباری جەستەییەوە، کاتێک گۆشەگیریی ژووری داخراویشی بێتەسەر، کاریگەرییە پووکێنەرەکەی بۆسەر جەستەی مرۆڤ زیاد دەکات.
٢٢ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد لە زیندانی تاکەکەسییدایە، جگە لە کتێب بە سنوورداریی و ڕۆژنامەیەک و گۆڤارێک و ڕادیۆیەکی یەک کەناڵیی نەبێت، هیچ ئامرازێکی دیکەی گواستنەوەی بۆ دابین نەکراوە.
لە دەیەی ڕابردوودا تەنها سێ جار ڕێبەری گەلی کورد چاوی بە پارێزەرەکانی کەوتووە و تەنها دوو جاریش ڕێگەی پێدراوە نامە بنێرێتە دەرەوە، کەمترین جاریش مۆڵەت بە خانەوادەکەی دراوە سەردانی بکەن.
لە ٢٢ ساڵی ڕابردووشدا تەنها یەکجار ڕێگەی پێدراوە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەکەی ئەنجام بدات.
سێ زیندانیی دیکە بەناوەکانی حامیلی یڵدرم، وەیسی ئاکتاش و عومەر خەیری کۆناریش لە ئیمرالیی زیندانییکراون، بەشێوەیەکی سنووردار ڕێگا بە ڕێبەری گەلی کورد دەدرێت دیداریان لەگەڵ ئەنجام بدات.
ژەهرخواردکردنی ڕێبەر ئۆجالان
ساڵی ٢٠٠٧ تیمێکی تەندروستیی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، ئەنجامی پشکنینێکی ڕێبەری گەلی کوردیان بڵاوکردەوە، کە نموونەی پشکنینەکان لە تاڵە قژەکانی ڕێبەر ئۆجالان وەرگیرابوو، پشکنینەکان دەریانخستبوو کە ڕێبەر ئۆجالان لە زیندان ژەهراویی کراوە.
پاش ئاشکرابوونی ئەنجامی پشکنینەکان، موراد قەرەیلان، فەرماندەی ئێستای ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاندبوو: ئەگەری ئەوە هەیە ڕێبەری گەلی کورد لەڕێگەى بۆیاخی ژوورەکەیەوە ژەهراویی کرابێت، چونکە کاری بۆیاخکردنی ژوورەکەیان داوەتە کۆمپانیایەکی سەر بە مەهەپەی نەتەوەپەرست.
ڕێبەر ئۆجالان تووخمەکانی بەرخۆدان بە سنوورەکانی گۆشەگیرییدا دەچێنێت و ئیرادەی خۆی وەک قەڵغانێکی پۆڵایین دەکاتە ئامرازی تێکۆشان و چوارچێوەی زیندان نابێتە لەمپەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی، کە هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە هەوڵی بۆ دەدات.
ڕێبەر ئۆجالان خۆی دەڵێت: ئەو پیلانگێڕییەی لە قۆناغی ئیمرالییدا بەسەرمدا سەپێندرا، بەشێوەیەک بوو تۆزقاڵێک هیوای نەدەهێشتەوە، بەڵام زیهن و ئیرادەم بوونە هۆی لەسەرپێ مانەوە و ڕێگەنەدان بە پووکانەوەم.
ئیمرالیی لە مەرگستانەوە بۆ کوانووی بەرخۆدان
ئەو دۆخە دەروونیی و گۆشەگیرییەی بۆ ڕێبەر ئۆجالان دروستکرابوو، ئەوی لە بۆشایی گەیشتن بە عەشقەکەیدا نەهێشتەوە، بەڵکو دەستیکرد بە تەواوکردنی ئەو هەنگاوانەی بە نیوەچڵیی مابوونەوە.
هەمیشە دەیوت: بۆ ئەوەی ئارەزووی ژیانی ئازاد بکەم، پێویستبوو ئەو کۆمەڵگەیە ئازادبێت، کە من پێوەی پەیوەستم، کاتێک ئەو گریمانەیەم لەبەرچاوگرت، تێگەیشتم کە ژیانی کورد هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ زیندانێکی تاریکدا نییە، کە چواردەورەکەی شورا نەکراوە.
لێرەوە ڕێبەر ئۆجالان بۆ تێگەیشتن لە کێشەی کورد و بەدیهێنانی چارەسەری پرسی کورد، ژوورە تاریکەکانی زیندانی ئیمرالی دەکاتە مەیدانی شەڕی حەقیقەت، ئەو شۆڕشە زیهنیی و فەلسەفییەی لەوێوە بەرپای کرد سنوورەکانی تێپەڕاند و سەرانسەری جیهانی گرتەوە.
ئەڵتەرناتیڤ یاخود هێڵی سێیەمی لە سیاسەتدا دۆزییەوە و بۆچوون و تێڕوانینە فەلسەفییەکانی لە چوارچێوەی تێزی کۆنفیدراڵیزمی دیموکرات کۆکردەوە و بەستەڵەکی نەژادپەرەستیی و ناسیۆنالیزمی تێکشکاند و پێکەوەژیانی کردە سەرمەشق.
نموونەی ئەو سیستمە، شەش ساڵە لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال و تورکیا بەدیدەکەین، ئەمڕۆ نەک تەنها گەلی کورد، بەڵکو جیهانی سەرسامکردووە و دەنگی کوردی لە دیوارە ڕزیوەکانی سوریاوە گەیاندە ناوەندە سیاسییە باڵاکانی جیهان.
ڕێبەر ئۆجالان تا ئێستا حەوت هەزار لاپەڕەی لە ئیمرالیی نووسیوە و زیاتر لە ٢٥ هەزار لاپەڕەی خوێندووەتەوە، دیارترین بەرهەمەکانی زیندانیشی بریتین لە مانیفستۆی شارستانییەتی دیموکراتی کە لە پێنج بەرگ پێکدێت.
پەیامەکانی ئیمرالی بۆ ئاشتیی
ئیمرالی بۆ جاری یەکەم پەیامێکی جیاوازی لێ هاتە دەرەوە، پێش ٢١ ساڵ لەمەوبەر ڕێبەری گەلی کورد لەناو گۆشەگیریی و پیلانگێڕییدا پەیامی ئاشتیی بڵاوکردەوە، ئەو پەیامەی هێزی دا بە هەنگاوەکانی گەلی کورد بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕیی.
دیاترین پەیامیشی لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد لە ساڵی ٢٠١٣ خوێندرایەوە، تیایدا ڕێبەر ئۆجالان ئاگربەستی ڕاگەیاند وەک دەستپێشخەریی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتیی، لەو پێناوەشدا دەیان کۆبوونەوە و دانووستان بۆ چارەسەری پرسی کورد ئەنجامدران.
ئەو ڕۆژانە بە کاتی زێڕینی تورکیا ناودەبرێت لەلایەن گەلانی تورکیاوە، بەڵام دەوڵەتی تورک پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بۆ ئاشتیی، ساڵی ٢٠١٥ پرۆسەکەی هەڵوەشاندەوە، چونکە لە بنەڕەتدا دەوڵەتی تورک بەدوای چارەسەرییەوە نەبوە و هیچ کات هەستی نەژاد پەرستی ڕێگەی نادات کورد وەک گەلێکی زیندوو و جیاواز لە خۆی ببینێت.
ئەو بەرخۆدانەی ڕێبەری گەلی کورد لە قوڵایی ئەشکەنجە و تاریکییدا کردی، ئیمرالیی کردە گۆڕەپانێکی سەرەکیی بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد، ئەمڕۆ ئەو زیندانە دەوردراوە وەک کلیلی چارەسەریی پرسی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان تەماشا دەکرێت و بووەتە قوڵایی ستراتیژیی گەلی کورد.
ڕێبەر ئۆجالان دەربارەی چالاکییەکان دژی ١٥ی شوبات دەڵێت: بەرخۆدانی هەموو ساڵێک دژی ئەم ڕۆژە ڕەشە ئەوە دەسەلمێنێت کە گەلی کورد چیتر مۆڵەت نادات مێژووی ڕابردووی بەسەردا دووبارە ببێتەوە، ئەگەر لە گۆڕیشدابم ئەو دۆزە هەر سەردەکەوێت.
ش.ف