بەرهەمە ناوخۆییەکان و گرفتە بنچیینەییەکانی

خراپیی بەکارهێنانی پەیوەندییە دەرەکییەکان و ڕێککەوتنە ژێربەژێرییەکانی حزب و حکومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی بێگانە و بەتایبەت تورکیا و ئێران، بوونەتە هۆکاری سەرەکیی فەرامۆشکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و لەسایەی ئەو پەیوەندییانەدا هەرێمی کوردستان بووەتە بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە دەرەکییەکان.


هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە چەندین سەرچاوەی ئابووریی، خاوەنی زەوی بەپیتە بۆ کشتوکاڵکردن و سروشتەکەی گونجاوە بۆ ئاژەڵداریی و گەشتیاریی، نەوت و سامانی سروشتیی زۆرە، کە ئەمانە دەتوانن زەمینە بۆ گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازیی و ئابووریی ناوخۆیی ئەم هەرێمە خۆش بکەن، بەڵام هەتا ئێستا ئابووریی هەرێمی کوردستان گرێدراوە بە وڵاتانی دراوسێوە و بەشی زۆری پێداویستییەکان لەو وڵاتانەوە و بەتایبەت لە تورکیا  و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن.

 

ڕۆژنیوز لەم دۆسیەیەدا تیشک دەخاتە سەر وەبەرهێنانی ناوخۆیی و گرفتە بنچینەییەکانی کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکان، لە سەرەتاشدا ئاماژە بەو بەرهەمانە دەدەین، کە پێدوایستیی ناوخۆ پڕدەکەنەوە و زیادەکانیشیان هەناردەی دەرەوە دەکرێن.

لە هەرێمی کوردستان شەش کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ هەن، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە مەلا یاسین، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان وەرمانگرتووە، ساڵانە ١٠ ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێننن، پێداویستی ساڵانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان-یش بە چیمەنتۆ، شەش ملیۆن تۆنە، واتە جگە لە پڕکردنەوەی ١٠٠%ی پێداویستیی ناوخۆ، بەرهەمەکانیان هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکەن و دەتوانن ٢٠%ی پێداویستیی ناوخۆی عێراقیش دابینبکەن، داهاتی ساڵانەی ئەو کارگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە.

هەروەها حەوت کارگەی بەرهەمهێنانی شیش و ئاسن لە هەرێمی کوردستان هەیە، سیانیان لە هەولێرە و چوار دانەشیان لە سلێمانییە، توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی دوو ملیۆن تۆن شیش و ئاسنیان هەیە، کە ئەم ڕێژەیەش جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆی هەرێم، ٧٠%ی پێداویستی ناوخۆی عێراقیش پڕدەکاتەوە و داهاتی ساڵانەی ئەو کارگانەش ترلیۆنێک و ٨٠٠ ملیارد دینارە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەناردەکردنی چیمەنتۆ و شیش لە وڵاتانی ترەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕانەگیراوە و ڕۆژانە سەدان تۆن چیمەنتۆ و شیش هاوردە دەکرێن.

لەبواری خۆراکیشەوە، بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی، لە هەرێمی کوردستاندا، سێ هەزار کێڵگەی پەلەوەریی هەن و بەشی ۱٥ملیۆن هاوڵاتی مریشک بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم پێنج ملیۆن کەسە، لەگەڵ ئەمەش، هاوردەکردنی مریشکی بەستوو لە وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت تورکیا بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕانەگیراوە.

لەڕووی شیرەمەنییەوە، کە بە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکان ژیانی ڕۆژانە دادەنرێت، عێراق ڕۆژانە پێویستی بە زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ تۆن شیرەمەنیی هەیە، لەکاتێکدا زیاتر لە ١٠ کارگەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنیی لە هەرێمی کوردستان هەن و ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ تۆن شیرمەنییان هەیە، واتا جگە لە پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەتوانن پێداویستیی ناوخۆی عێراقیش پڕبکەنەوە.

کارگەی چیاو یەکێکە لە کارگەکانی بەرهەمێنانی شیرەمەنیی لە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە دامەزراوە، بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەک ماست و دۆ بەرهەمدەهێنێت و لەپاڵیشیدا "مۆتە" ئایسکرێم بەرهەمدەهێنێت، وەک خاوەن کارگەکە باسی دەکات، دەتوانن ڕۆژانە ٦٠٠ تۆن شیرەمەنیی و مۆتە بەرهەمبهێنن، بەڵام کێشەی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی ئەم کارگەیەی ٨٠% دابەزاندووە.

خالد حاجی عەلی، بەڕێوبەری کۆمپانیای چیاو، ڕەخنەی زۆری لە حکومەتی هەرێم و عێراقیش هەیە، کە پشتگیریی بەرهەمهینانی ناوخۆیی ناکەن و وتی: ئێمە دژایەتییمان دەکرێت و پشتگیریی ناکرێن، بۆیەش کۆمپانیایەکی بیانیی دێت و لە ئێمە باشتر دەتوانێت بەرهەمەکانی ساغ بکاتەوە.

خالد، ئاماژە بە کاریگەریی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیی کرد لەسەر بەرهەمە ناوخۆییەکان و  وتی:"بەرهەمی دەرەکیی بە ڕێژەیەک کاریگەریی لەسەرمان کردووە، کە دەرگای کارگەکەمان دابخەین و بچینەوە بۆ ماڵەوە".

زۆری ڕێژەی هاوردەکردنی بەرهەم لە دەرەوەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، چەندین جار ناڕەزایەتیی خاوەن کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکان و تەنانەت کرێکارانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، ڕۆژی ٤ی نیسانی ئەمساڵ، کرێکارانی کەرتی تایبەت لە شاری سلێمانی دژ بە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیی و لەکارکەوتنی بەشێک لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان و کەمبوونەوەی هەلی کار گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشاندا.

هەروەها، ڕۆژی ١٥ی نیسانیش، بەشێک لە خاوەن کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیرەمەنیی، نیگەرانییەکانی خۆیان بەرامبەر هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیی و هاوکاریینەکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، گەیاندە ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی.

هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیی، تەنیا گرفتی کارگە ناوخۆییەکان نییە، بەڵکو وەک خۆیان باسی دەکەن، دابیننەکردنی ئاو، کارەبا، گاز و خزمەتگوزاریی، بەشێکی دیکەی کێشەی کارگەکانە.

شارەزایانی ئابووریی چی دەڵێن؟

 

د.خالد حەیدەر، پسپۆڕی ئابووریی ئاماژەی بەوەکرد، کە هەر وڵاتێک لە هەر ڕوویەکەوە توانای خۆژیاندنی هەبێت، بەشێوەیەکی زانستیی نابێت لەو بوارەوە بەرهەمی دەرەکیی هاوردە بکات، وتیشی:"هەندێک ڕێککەوتنی ئابووریی و سیاسیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە هەیە، کە کاریگەریی لەسەر بواری ئابووریی ئەم هەرێمە داناوە".

د.خالد، باسی لە ئاستی ئاسایشی خۆراکی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و وتی: هەرێمی کوردستان و عێراقیش تەنها ١٥% بۆ ٢٠%ی ئاسایشی خۆراک دابین دەکرێت، واتە ٨٠%ی پێداویستیی ناوخۆ لە دەرەوە دێت، بەهۆی گرنگیی نەدان بە بەرهەمی ناوخۆ، توانایەکی کەمی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆمان هەیە.

ئەو شارەزایەی ئابووریی، وتیشی، کە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیی تایبەتمەندییەکە کە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە پشت بە ئابووریی نەوت دەبەستن، "ئەو پارەیەی کە لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت دەستیان دەکەوێت، لەبری ئەوەی بیخەنە کەرتی پیشەسازییەوە، بەرهەمی دەرەکیی پێ هاوردە دەکەن".

ئابووریی تاک سەرچاوە، لە هەر وڵاتێکدا، شکستیی ئابووریی ئەو وڵاتە نیشان دەدات، هەرێمی کوردستان-یش یەکێک لەو شوێنانەیە، کە تەنیا پشتی نەوت بەستووە.

ئومێد قەرەداغی، شارەزای ئابووریی لەوبارەیەوە وتی: ئابووریی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتیی پشت بە ئابووریی تاک سەرچاوە دەبەستێت کە نەوتە، کە ٩٥%ی داهاتی هەرێمی پێ دابیندەکرێت و باقی سەرچاوەکانی دیکە بە کشتوکاڵ و باج و گومرگ و گەشتوگوزارەوە تەنها ٥%ی داهاتی ناوخۆی پێ دابین دەکرێت، ئەمەش بۆ شکستخواردوویی سیاسەتی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و نەیتوانیوە گەشە بە سەرچاوەکانی دیکە بدات.

بودجەی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی سەرەکیی پشت بە نەوت دەبەسێت، کە ١٢.٦٧%ی بودجەی عێراق پێکدەهێنێت، کە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق، ئەگەر ڕۆژانە هەرێمی کوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، ئەوا کۆی بودجەکەی دەکاتە ١١ ملیارد و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار.

سیاسەتی دەرەکیی و بەرژوەندیی ئابووریی

هەرێمی کوردستان ئابوورییەکەشی ڕووبەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیی دەبێتەوە، بەجۆرێک هەندێ جار وڵاتانی دەرەوە بڕیار لەسەر سیاسەتی ئابووریی هەرێم دەدەن، بۆ نموونە یاسین عومەر، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرای دەکات:"عەبدولستار مەجید-ی وەزیری پێشووی کشتوکاڵی هەرێم پێی وتم، کە دوای ئەوەی چەند جارێک بڕیاری دەرکردووە بۆ زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر ئەو بەرهەمە دەرەکییانەی کە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێندرێن، لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە ئاگادارکراومەتەوە کە ئەردۆغان پەیوەندی پێوە کردووە و پێی وتووە دەبێت ئەو بڕیارە ڕابگرن".

هەروەها، وتی:"عەبدولستار مەجید پێی وتم، کە دواتر لەسەر ڕاسپاردەی نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیای کردووە و لە دوای کۆبوونەوەیەکی گەورە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی تورکیا، لەسەر ئەو پرسە گەیشتوون بە ڕێککەوتن".

وەک ئومێد قەرەداغی، باسیکرد"سیاسەتی دەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی زۆر بەستراوە بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانییەوە، دامەزراوەیەکی سەرەکیی نییە کە پەیوەندییە دەرەکییەکانی حکومەتی هەرێم ڕێکبخات و نەخشەی بۆ دابڕێژێت، لەم چوارچێوەیەشدا دۆستایەتیی گەورە و بەهێز لەگەڵ تورکیایە، چونکە ڕێگای سەرەکیی فرۆشتنی نەوتە بۆ بەنداوی جەیهان، ئەمە هەرێمی نەکردووە بە وڵاتێکی بەرهەمهێن، بەڵکو بووە بە بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی دەرەکیی".

لە ئەنجامی ئەمانەدا، هاوڵاتیان تەنیا لەڕووی ئابوورییەوە زەرەرمەند نابن، بەڵکو ئاسایشی خۆراکیان دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە وەک شارەزایانی کوالێتی کۆنترۆڵ باسی لێوەدەکەن، هیچکات کوالێتیی بەرهەمی دەرەکیی ناگاتەوە بە بەرهەمی ناوخۆیی و تێکچوون و خراپیی کوالێتی بەشێک لە کاڵا دەرەکییەکان، بووەتە یەکێک لە سەرچاوەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی جۆراوجۆر و بەتایبەت شێرپەنجە.

ش.ف