زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەشێوەی هاوچەرخدا بە ڤێرژنی ” نیوعوسمانی” و گەڕانەوەی سەروەری دەوڵەتی تورک بۆسەر ئەو وڵاتانەی، کە لەژێر دەسەڵاتی سوڵتانەکانی عوسمانییەکانبوون، ئەمڕۆ بووەتە خەون و خولیای ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک.
بەم پێیەش لە ژێر ناوی جودا و بە شێوەی نەرم بە کەڵک وەرگرتن لە هەلە سیاسی و سەربازییەکان لە هەرێمەکەدا ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک دەستیان بە هێنانەدیی ئەو ئامانجەیان کردووە.
لەشکرکێشیی و ڕەوانەکردنی هێز بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر لەسەردەمی عوسمانییەکاندا قەڵای بەرگریی و سەرچاوەی داهات و کۆڵەکەی ئابووریی بووە بۆ تورکیا، کراوە بە بناغەی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکە و جیهان و بەو پێیەش تورکیا ئێستاکە لە ١٢ وڵاتی جیهانی هێز و بنکەی سەربازیی هەیە.

یەک لەوانە سێ گۆشەی ستراتیژی سودان-سۆماڵ-قەتەرە، کە لە پاش ٩٤ساڵ جارێکی دیکە کەوتوەتە دەستی تورکیا و وەکو تورکەکان خۆیان باسی دەکەن ، جێگیربوونی هێزی تورکیا لەم ئەم سێگۆشەیە دەتوانێت سەروەریی دەوڵەتی تورک بگەڕێنێتەوە هاوشێوەی سەردەمی عوسمانی لەسەر شاڕەگی بازرگانی ئاویی دەریای سوور، کەنداوی فارس-عەرەبی و کەنداوی عەدەن، لە لایەکی دیکەشەوە پیێگەیەکی ستراتیژیی جەنگی بۆ تورکیا دەستەبەر دەکات، کە بتوانێت سەروەریی خۆی و ئاستی دەستڕۆێشتوویی لە کیشوەری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بکات و بە شێوەیەکی دەستکراوەتر بتوانێت لە بواری سەربازییدا دەستێوەردان لە ئاسیا و ئەفریقا بکات.

لەم سێ گۆشەیە گرنگتر سێ گۆشەی ستراتیژیی بەعشیقە-موسڵ-کەرکوکە، کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت بۆ دوا هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانیی نوێ لە هەرێمەکە هێنانەدی پەیمانی “میساقی میللی” تورکە، کە بەواتای سوێندی نەتەوەییە، بە پێی ئەم پەیمانە دەبێت هەر تورکێک هەوڵ بدات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شوێنانەی، کە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بوە و دابڕاوە، بەم شێوازە بە گەڕانەوە بۆ موسڵ ئەم خەونەی نیو عوسمانیزمی ئەردۆغان جارێکی دیکە دەتوانرێت بوترێت، هاتەوە دی.
سوپای داگیرکەری تورک ساڵی ٢٠١٥ بە بیانووی شەڕی داعش و ڕاهێنان کردن بە ملیشیا سوننەکانی عێراق لە موسڵ، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بە هاوکاریی پەدەکە هێزی سەربازیی خۆی ڕەوانەی شارۆچکەی بەعشیقە کرد لە پارێزگای موسڵ و لەوێ بارەگایەکی گەورەی سەربازیی دروست کرد.

لە پاش ساڵی ١٩٢٠وە کە پارێزگاکانی موسڵ ، کەرکوک و حەلەب لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان دابڕان، بۆجارێکی دیکە لەپاش ٩٥ساڵ، تورکەکان خۆیان گەیاندەوە بە موسڵ و لەوێ یەکێک لە گەورەترین بنکەسەربازییەکانی خۆیان لە عێراق جێگیر بوون.
بارەگای سەربازیی بەعشیقە کە تەنها ١٢ خولەک لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە، ئێستا بۆ زیندووکردنەوەی میساقی میللی ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینێت بۆ گەڕاندنەوە مووسڵ و کەرکوک هەتا حەلەب بۆ سەر خاکی تورکیا.
دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٩٤وە دەستی بە داگیرکردنی باشووری کوردستان کردووە و یەکەم بارەگای سەربازیی خۆی لە شارۆچکەی سەلاحەدین(پیرمام) لە دووریی ٢٥کم لە هەولێر دروست کردووە و تاکو ئێستا لە بادینانەوە هەتا برادۆست بە دەیان بارەگای سەربازیی گەورەی دروست کردووە و هێزی سەربازیی تایبەت، هێلکۆپتەر، فڕۆکەی سیخوڕیی و تۆپ و تانکی تێدا جێگر کردووە.
ئەگەرچی لە ١٧ی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق حەیدەر عەبادی لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی بیناڵی یڵدرم ڕێککەوتن، کە تورکیا هێزە سەربازییەکانی خۆی لە بەعشیقە بکشێتەوە بەڵام سەرەڕای کۆتایی هاتنی داعشیش تورکیا هەتا ئەمڕۆش لە بەعشیقە ماوەتەوە و لە پاش بارەگای کانی ماسی، کە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ سەرباز و ئەفسەری هێزی تایبەتی تورک و هەواڵگریی میتی تێدا جێگر بوون، بارەگای بەعشیقەش زیاتر لە هەزار سەربازی هێزی تایبەتی تورکی تێدایە و ڕۆژانە ژمارەی هێزەکانی تورکیا لەم بارەگایە زۆرتر دەبێت.
تورکیا بەمەمەشەوە نەوەستاوە و هەرە دوایی لە بارەگای بەعشیقەوە هێزی ڕەوانەی گارە کرد و هێرشی کردە سەر گارە، بەمەش مەترسییەکانی بوونی تورکیا لە بەعشقیە بۆ سەر عێڕاق زیاتر خۆی نواند و بە دوور نییە کە سبەینێ لە بەعشیقەشەوە هێرش بکرێتە سەر شوێنەکانی دیکەی عێراق وەکو شەنگال. لەو پێناوەشدا تاکو دێت، تورکیا ژمارەی هێزەکانی زیاتر دەکات.
ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، کە بەعشیقە بۆ تورکیا وەکو قەڵایەکە بۆ یەکلا کردنەوەی پێگەی ئەو وڵاتە لەناو خاکی عێراق و هێنانەدیی خەونەکانی نیو عوسمانی ئەردۆغان.
ش.ف