بەهۆى قەرزەکانییەوە هەرێم نایەوێت نەوت بداتە بەغدا

پەرلەمانتارانى هەرێم و عێراق پێیان وایە بەهۆى ئەوەى هەرێمى کوردستان پارەى پێشەکى نەوتى وەرگرتوو و هەروەها چەندین گرێبەستى درێژخایەنى لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان و تورکیا و ڕوسیا هەیە نایەوێت نەوت بداتە بەغدا، ئەوەش مەترسى درێژبوونەوەى قەیرانى دارایی هەرێمى لێدەکرێت.


بەپێى یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٩ ى عێراق، هەرێمى کوردستان پێویستە ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بداتە کۆمپانیاى سۆمۆ، لە بەرامبەریشدا حکومەتى ناوەندى عێراق بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان بنێرێت، کە ١٢.٦٧%ى بودجەى گشتى عێراقە.

بەپێى ئەو لێدوانانە نافەرمیانەى لە زارى بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بڵاودەکرێتەوە، هەرێم نایەوێت ئەو بڕە نەوتە بداتە کۆمپانیاى سۆمۆ و دەیەوێت خۆى نەوتى هەرێم بفرۆشێت.

تواناى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێم

پێش ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧، لە بیرە نەوتەکانى هەرێمى کوردستان و ئەو بیرە نەوتانەى لە ناوچە دابڕاوەکاندا کەوتبوونە دەستى هەرێمى کوردستان، ڕۆژانە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهات، بەڵام لە ئێستادا حکومەتى هەرێمى کوردستان ٥٧ بلۆکى نەوتى لەبەردەستدایە و ڕۆژانە تواناى بەرهەمهێنانى ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى هەیە.

بۆ بەرهەمهێنانى ئەو نەوتە، نزیکەى ٥٠ کۆمپانیاى سەرەکى و لاوەکى لە هەرێمى کوردستاندا کار دەکەن و حکومەتى هەرێمى کوردستان گرێبەستى لەگەڵدا کردوون، بێجگە لە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، حکومەتى هەرێم ڕێککەوتنامەیەکى ٥٠ ساڵى لەگەڵ تورکیا واژۆکردووە لەبوارى نەوتدا، کە ناوەڕۆکى ڕێککەوتن نامەکە بۆ خەڵکى کوردستان و پەرلەمانتاران ئاشکرا نەکراوە.

هەروەها لە ڕۆژى ٥ى ئایارى ساڵى ٢٠١٨، حکومەتى هەرێم ڕێککەوتن نامەیەکى ٢٥ ساڵى لەگەڵ کۆمپانیاى ڕوس نەفت، واژۆکرد، لە سەرەتاى واژۆکردنى ڕێککەوتن نامەکەدا، دەنگۆى ئەوەهەبوو کە هەرێم بۆ چارەسەرکردنى کێشە داراییەکانى ٣ ملیار دۆلارى لە کۆمپانیاى ڕوس نەفت وەرگرتووە، هەروەها بەهۆى چوار ساڵى قەیرانى داراییەوە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکانى چەندین کۆمپانیاى نەوتى نەداوە کە لەهەرێمى کوردستان کاردەکەن، بێجگە لەوە قەرزى لە چەند کۆمپانیاو وڵاتێکى دیکە کردووە، زۆرجاریش، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆک کۆمارى تورکیا، وەک سوکایەتى باسى ئەوەى کردووە کە قەرزى داوەتە هەرێمى کوردستان.

شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتارى هەرێمى کودستان، لەوبارەیەوە بە ڕۆژنیوزى وت: ئەگەرێکى لاوازە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان نەوت بدات بە بەغدا ئەویش بەهۆى ئەو گرێبەستییە نەوتیانەى کە هەیەتى، هەرێم هەموو ئەو گرێبەستانەى کردوویەتى لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بەرداوامە، کەمترین گرێبەستى بۆ ٢٥ ساڵە، زۆرترینیشى لەگەڵ تورکیایە کە بۆ ٥٠ ساڵە، هیچ زانیارییەکمان نییە لەسەر ئەوەى هەرێم چەند قەرزى لەو کۆمپانیایانە وەرگرتووە، بەڵام ئەوەى دیارە بەهۆى ئەو گرێبەستانەوە هەرێم ناتوانێت نەوت بداتە بەغدا.

ئەحمەدى حاجى ڕەشید، پەرلەمانتارى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەسەر هەمان بابەت بە ڕۆژنیوزى وت: بەغدا ئەوە دەزانێت کە حکومەتى هەرێم نەوتى ڕادەست ناکات.

ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەى بەوەکرد، کە لەبەر دوو هۆکار هەرێم نەوت نادات بە بەغدا و وتى: یەکەم دەیانەوێت مەلەفى نەوت ئاشکرانەبێت، دووەم ئەوەیە، کە ئەم نەوتە لەدەستى هەرێمدا نەماوە، هەمووى پێشتر پارەیان وەرگرتووە، ئێستا تەنها نەوت دەدەن، واتا پێشتر فرۆشتوویانە.

ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەست نەکات

بەگوێرەى یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٩ عێراق، کە ڕۆژى ١١ى ئەم مانگە لە ڕۆژنامەى 'وەقایع' بڵاوکرایەوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بەناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، وەزارەتی دارایی عێراق وەک هەر کاتێکی ئاسایی مووچەی پێشمەرگە و مووچەخۆرانی دیکە دەنێرێت، بەڵام لەو بەشەی دیکەی کە ماوەتەوە، پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕێت.

واتا حکومەتى عێراق پابەندە بەناردنى بڕى ٦٤٧ ملیار دینارى مانگانە بۆ مووچە، بەڵام سەرجەم شایستەداراییەکانى دیکە دەبڕێت.

زیانەکانى پێنەدانى نەوت بە بەغدا

شارەزایانى ئابووریی پێیان وایە، لەبەر ئەوەى حکومەتى هەرێمى کودستان، قەرزاریی کۆمپانیا نەوتییەکانە و هەروەها قەرزى دیکەشى کردووە، ئەوا ئەو نەوتەى دەیفرۆشێت ناتوانێت پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خەرجییەکانى دیکەى حکومەتى پێ دابین بکات، بۆیە ئەگەر نەوتەکەى نەدات بە بەغدا، ئەوا حکومەتى ناوەندى تەنها مووچە دەنێرێت، واتا سەرجەم پڕۆژەکانى دیکە و خەرجییەکانى دیکە ڕادەوەستێت، یان بە لاوازى بەڕێوە دەچێت، بۆیە هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى قەیرانێکى دیکەى ئابووریی دەبێتەوە و وەک پێویست جوڵە ناکەوێتەوە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان.

د.ع