تائێستا برینی تل عزێر و سیبا شێخ خدر ساڕێژ نەکراوە

١٢ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی سیبا شێخ خدر و تل عزێر دا تێپەڕدەبێت کە تیایدا نزیکەی هەزار کەس کۆمەڵکوژ کران، بەڵام هێشتا برینی ئەوان ساڕێژ نەکراوە، لێکۆڵێنەوە نەکراوە و بەرپرسان و تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژییە سزا نەدراون.


١٤-٨-٢٠٠٧ بە چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر شارەدێی تل عزێر و کۆمەڵگای سیبا شێخ خدر-ی سەربە شەنگال، دەرەنجامی ئەمەش کۆمەڵکوژیی لێکەوتەوە، ژمارەی قوربانیەکان بەشێوەیەکی فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان سەدان کەس کۆمەڵکوژ کران و بە هەزارانیش برینداربوون، چارەنووسی هەندێک کەسیش نادیارە، زیانێکی زۆری ماددیشی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەتێپەڕبوونی ١٢ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە، بەڵام هێشتا برینی ئەوان تیمار نەبووە، هێرشی هەرە دواییش ٣ی ئاب-ی ٢٠١٤بوو، کە چەتەکانی داعش ئەنجامیان دا، تیایدا بەدەیان کەس کۆمەڵکوژ کران و بەسەدانیش کۆچبەربوون، تا ئێستا لێکۆڵینەوە نەکراوە، بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە سزا نەدراون و پێویستیەکانی گەل جێبەجێ نەکراوە.

کێشەی ئەمنیی و ئاسایش

کاتێک کۆمەڵکوژیی ٢٠٠٧ پێکهات، ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکە لەدەستی هێزەکانی پارتی و حکومەتی عێراقدا بوو، بەهەمان شێوە لەهێرشی ٢٠١٤ دا هەمان هێز ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکەیان بەدەست بوو، ئەو ڕێگایانەی کە لەشەنگالەوە بەرەو سیبا شێخ خدر و تل عزێر دەچن دوو ڕێگای سەرەکیین و لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق-دا بوون، هەروەها ئاڕاستەی شارۆچکەی بەعاج بەئاڕاستەی شەنگال ٣ خاڵی پشکنین 'بازگە' ی هێزەکانی پارتی لەسەر ئەو ڕێگایانە بوون.

لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوەی فراوان لەو کۆمەڵکوژییانە ئەنجام نەدراوە بۆیە زانیاریی ڕاستیش لەبەردەست نین، بەڵام خەڵکی ناوچەکە دەڵێن کە ئەوکات بەرلەهێرش بازگەکانی پارتی چۆڵ کرابوون، بۆیە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان بەئاسانیی ئەو بازگانەیان تێپەڕاندبوو، هەندێک بەرپرسانی پێشمەرگە پێشتر هۆشدارییان دابوو کە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش هەیە لەلایەن گروپە چەتەکان.

حکومەتی عێراق هیچ شتێکی نەکرد

سەرنج ڕاکێشە سەرەڕای کۆمەڵکوژیی و زیانێکی وا گەورە، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا لێکۆڵینەوەی نەکردووە، سەبارەت بەو کەسانەی کە چارەنووسیان نادیارە تا ئێستا زانیاری لەبەردەست نیە، هەروەها زیانەکان نەخەمڵێنراوە و پێویستیەکانی گەل جێبەجێ نەکراوە.

یەکێک لە شاهێدی کۆمەڵکوژیی: ڕۆژی کۆمەڵکوژیی دونیامان بەسەردا ڕووخا

حەسەن ئیبراهیم، یەکێک لەو کەسانەیە کە شاهیدی کۆمەڵکوژیی خەڵکی ناوچەکەیان بووە، ئەو خەڵکی شارۆچکەی تل عزێر-ە، بەو وتانە باسی ئەو ڕۆژانەی کرد:''ئەو ڕۆژەی تەقینەوە بوو من لە ڕێگادابووم بەرەو گوندی بۆرک، لەکاتی تەقینەوەکەدا ئۆتۆمبێلەکەم وەرگەڕا، ڕووداوەکە کاتژمێر ٤-٥ ڕوویدا، کاتێک هاتمە ماڵەوە دەنگی فڕۆکە دەهات، جارێکی تر دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر گەورە هات، من وتم لەوانەیە فڕۆکە لەمن بدات، دەنگی هێندە گەورە بوو، ماڵی ئێمە هەمووی تێکچوو، پەنجەرەکان هەمووی شکا، خەڵکی گوندەکەمان هەموویان چەکیان دایە شان و خۆیان بۆشەڕ ئامادە کرد، لەنێو گوند فیشەک دەتەقێنرا بۆئەوەی گەل لەماڵی خۆیان بێنە دەرەوە''.

حەسەن ئیبراهیم باسی ئەو ڕۆژە دەکات کە ئاڵۆزییەکی زۆر گەورە هەبوو، هەرکەس پرسیاری کەسوکاری خۆی دەکرد و وەها دەگێڕێتەوە'' مرۆڤ دەیوت ئایا دونیا بەسەر ئێمەدا خراپ دەبێت؟، پاش ڕووداوەکە من ماڵ و گوندی خۆمانم نەناسیەوە، ئێمە نەماندەزانی چی بووە بەڵام هەموو کەس دەترسا، لەنێو گوند دەنگی منداڵ و ژن بەرزدەبۆوە''.

ئببراهیم دەستنیشانی کرد، کە پاشان چوونە جێگای تەقینەوەکە و هەوڵیان داوە بریندارەکان ڕزگاربکەن  و وەها بەردەوامی بەقسەکانی دا:''زۆرکەس گیانیان لەدەستدابوو، هەروەها هەندێک کەس بزربوبوون و ئێمە نەماندەزانی چیان بەسەرداهاتووە، زۆرکەس ڕفێنرا بەڵام ئێمە نەمانزانی لەلایەن کێ-وە ڕفێنراون، بەو شێوەیەیەی ئێمە دەزانین نزیکەی هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، لەهەندێک بنەماڵەدا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا''.

حەسەن هێرشەکەی ٢٠٠٧ وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕوودانی فەرمانی ٣ی ئاب-ی ٢٠١٤ ناوبرد و وتی:''فەرمانی ٣ی ئاب زۆر گەورەتر بوو، لەبەرئەوەی بەتەنها کوشتن و کۆمەڵکوژیی نەبوو، بەڵکو لەناوبردنی کلتور و باوەڕی ئێمە بوو، لەبەرئەمەش بەهەزاران ژن، منداڵ و گەنجی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێنران''.

حەسەن ئیبراهیم لەکۆتایی قسەکانیدا هیوای خواست، کە هەموو کۆمەڵگای ئێزدی ببنە یەک و بتوانن شەنگال بپارێزن و ئاوەدانی بکەنەوە، ئیبراهیم هیواداربوو کە تل عزێر، سیبا شێخ خدر و گوندەکانی تر پشتگوێ نەخرێن، ئەو دووپاتی دەکاتەوە چ ڕوو دەدات با ڕووبدات ئەوان کلتورو باوەڕی خۆیان بەرنادەن.

ش.ف