​​​​​​​"توركیا لە ڕێگەی بەرەی توركمانییەوە دەیەوێت شەڕی ناوخۆ دروست بێت"

وتنەوەی دروشمی "كەركوك شارێکی توركییە" لە گردبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردوودا کاردانەوەی هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەكانی شاری كەركوكی لێکەوتوەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، ئەو کەس و لایەنانەی ئەو دروشمە دەڵێنەوە لە لایەن توركیاوە ئاراستە كراون و توركیا لە ڕێگەی بەرەی توركمانییەوە دەوێت شەڕی ناوخۆ لە كەركوك هەڵبگیرسێنێت.


لە ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو لایەنگرانی بەرەی توركمانی لە شاری كەركوك، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر دامەزراندنەكەی كەركوك و چەسپاندنی ڕێژەی ٣٢٪ بۆ نەتەوەی توركمان لە بەردەم پەروەدەی كەركوك گردبوونەوە، هەرچەندە گردبوونەوەكە بە مەبەستی دامەزراندن بوو، بەڵام ئاراستەی گردبوونەوەکە گۆڕدرا بۆ دژایەتی نەتەوەیی و دروشمی "كەركوك توركیا"یان دەوتەوە و هێمای گورگی بۆریان بە دەستەكانیان بەرزكردبوەوە، ئەوەش ناڕەزایی هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەکانی شاری كەركوكی لێکەوتەوە.

مەریوان خورشید، هاوڵاتییەكی شاری كەركوكە و دەربارەی ئامانجەكانی لایەنگرانی بەرەی توركمانی بۆ بە لاڕێدابردنی گردبونەوەکە، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: "بەرەی توركمان بە بڕیار و فشاری توركیا لە كەركوك دەجوڵێتەوە، توركیا بەشێكی زۆری حزبە توركمانییەكانی كەركوكی بۆ خۆی كۆنتڕۆڵكردووە، هەمیشە هەوڵیداوە، ڕێگەیەك دروست بكات بۆ خۆشكردنی ئاگری نێوان نەتەوەكان و هەڵگیرساندنی شەڕ لە نێوان نەتەوەكانی ئەم شارە، ئەمەش وادەكات ئەو دروشم و نەتەوەپەریستیە لە كەركوك گرژی دروست بكات".

ئەو هاوڵاتییە ئەوەشی ووت: "توركمان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دامەزراندنی پەروەدەی كەركوك گردبونەوەی ئەنجامدا، بەڵام دیارە كە لەوێدا دروشمی كەركوك توركیەیان دەوتەوە، ئەمەش بۆخۆی پەیامی شەڕە دەیدەن بە نەتەوەكانی تری كەركوك، بۆیە گرنگە نەتەوەكانی كەركوك ڕێز لە یەكتر بگرن و دوور بكەنەوە لە وتار و قسەی نەتەوەپەرستی".

سەڵاحەدین ساڵەیی، چاودێری سیاسی لە شاری كەركوك لەسەر هەمان پرس دەڵێت: "بە درێژایی مێژوو توركمان یان تورك یان عوسمانییەكان بۆ ماوەیی بۆیان ماتەوە نەتەوەپەرست بن و جگە لە خۆیان نەتەوەی دیکە قبوڵ نەكەن، بەرزكردنەوەی هێمای گورگی بۆر یان كەركوك توركییە ئەمە بۆماوەیی بۆیان ماوەتەوە و بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەكەن كە نەتەوەكانی دیکە قبوڵ ناكەن و نایخوێننەوە، ئەمەش ئەوە ڕوون دەكاتەوە بەشێك لە حزبە توركمانیەكانی كەركوك پۆلیسی توركن وە بە فەرمانی تورك هەڵسوكەوت دەكەن، دروشم و كردوەكانیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە نکۆڵی لە كوردستانی بوونی ئەم شارە بكەن، بەڵام هەوڵەكانیان مایە پوچە".

ئەوەشی ڕوونكردووە: "دەبینین لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر شۆڤێنیەكانی ئەم شارە كار لەسەر ئەوە دەكەن تاكی كورد لاواز بكەن دەیانەوێت كوردێكی لاواز لەم شارە دروست بكەن، بەداخەوە ئێستا دۆخەكە لەم شارە وایە كە كورد لاوازە دەسەڵاتی نیە بەهۆی لاوازی عەقڵیەتی سەركردایەتی سیاسی كورد كە وەهای لێهاتووە توركمان بەمشێوە هەڵسوكەوت بكات".

وتیشی: "بە بەرزكردنەوەی نیشانە و هێمای گورگی بۆر وەڵامی ئاغاكانیان دەدەنەوە بۆ ئەردۆغان و كەمالستییەكان لە توركیا وەك ئەوەی بڵێن ئەوەتا ئێمەش لەگەڵ ئێوەیەن و هەوڵی تێكشاندنی گەلی كورد دەدەین."

هێمن حەسەن، چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی لە شاری كەركوك، لەسەر هەمان پرس بۆ ڕۆژنیوز وتی: "ئێمە وەكو كورد هیچ كێشەیەكمان نیە لەگەڵ نەتەوەی توركمان ساڵەهایە لەم شارە پێكەوە دەژین و گوزەراوین، وتنەوەی ئەو جۆرە دروشمانە من بە ئەجندایەكی دەرەكی دەزانم بۆ نانەوەی ئاژاوە لە نێوان نەتەوەكانی كەركوك، من دڵنیام ئەگەر بچیتە ناو توركمان و لە شەقامی توركمانی بپرسی ئەوا بەشێكی زۆریان ئەو دروشمانە قبوڵ ناكەن كە بۆنی تایفی و نەتەوەپەرستی لێدێت، دیارە كە ئەجندایەكی دەرەكی هەیە بۆ تێكدانی ئاشتەوای كۆمەڵایەتی نێوان نەتەوەكانی كەركوك".

ک.س