بۆچی پەکەکە خرایە لیستی تیرۆرەوە؟ ڕەنگە ئەم پرسیارە وەڵامی بەشێکی زۆر لەو پیلانگێڕییەی لەخۆیدا کۆکردبێتەوە، کە بەدرێژایی مێژووی ئەو بزووتنەوەیە لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە دژی پەکەکە ئەنجامدراون، بەڵام ئەمڕۆ هەندێک لەو وڵاتانەی رۆڵی کاریگەریان هەبووە لەوەی پەکەکە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، پەرلەمانی وڵاتەکەیان بووەتە مینبەری گفتوگۆی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر.
نزیکبوونەوە لە ٤٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە گەڕێکی دیکەی هەوڵە ڕێکخراوەییەکانی بۆ دەرخستنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەستپێکردووە، لەو چوارچێوەیەدا ٢٩ سیاسەتمەدار، نووسەر، فەیلەسوف، چالاکوان، پەرلەمانتار، مافناس و هونەرمەند “دەستپێشخەریی نێونەتەوەیی دادوەریی بۆ کوردان” یان پێکهێنا و داوایان کرد، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.
ئەوانەی بەشدارییان لەو دەستپێشخەرییە کردووە بەشێکیان بریتین لە: ئیلفرید جیلەنیک، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، سلاڤیۆ ژیژەک، فەیلەسووف، نۆمارمان پایچ، پسپۆری یاسای نێودەوڵەتی، مایک گونتەر، پرۆفیسیۆر، نورا مۆرالێس، سکرتێری گشتیی EUTCC.
پەکەکە چۆن خرایە لیستی تیرۆرەوە؟
شەوی ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٩٨٦ لە ناوەڕاستی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، ئۆڵف پاڵمە، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی سوید لەگەڵ لیزبیت پاڵمە-ی هاوسەری بەدەستڕێژی گولـلە کوژرا.

هەرزوو لەسەر کوشتنی پاڵمە، پەنجەی تۆمەت بۆ پەکەکە درێژکرا و بەرپرسیارێتیی ئەو کارە خرایە ئەستۆی کورد و ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە سوید، دووران کاڵکان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ئەوکات لە ئەوروپا لەگەڵ عەلی حەیدەر قەیتان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە دەستگیرکراون.
کاڵکان، ساڵی ٢٠٢٠ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلەتیکا دەربارەی قۆناغی دوای کوژرانی پاڵمە دەڵێت: لە سوید فشار لەسەر کورد دروستکرا، تاوانبارکران و دەستگیرکران، دواتر لە هەموو ئەوروپا فشار لەسەر کورد دروستبوو، ڕووداوی کوشتنی پاڵمە هەم بۆ تاوانبارکردنی تێکۆشانی ئازادی کورد بوو، هەم ڕەواکردنی هەوڵەکانی قڕکردنی دەوڵەتی تورک بوو، هەمیش دوای سوید هەموو وڵاتانی ئەوروپا بە ئەندازەی سوید پشتیان بە ڕووداوەکە بەست و فشار و هێرشەکانیان لەسەر پەکەکە و کورد زیاد کرد، بۆ نمونە ئەڵمانیاش لە سوید زیاتر هێرشی کردە سەر پەکەکە و کورد.

تاوانبارکردنی پەکەکە بە کوشتنی ئۆڵف پاڵمە، زەمینەی دروستکرد بۆ ئەوەی پەکەکە لە ئەوروپا ڕووبەڕووی گووشار و قەدەغەکردن ببێتەوە، هەروەها بووە فاکتەرێکیش بەدەست بەشێک لە دەوڵەتانی ئەوروپاوە، کە کار لەسەر قەدەغەکردن و خستنە لیستی تیرۆری پەکەکە بکەن، بەتایبەتیش ئەڵمانیا و بەریتانیا، یەکەم وڵاتیش دوای تورکیا کە پەکەکەی وەک تیرۆر ناساندووە، وڵاتی ئەڵمانیایە، کە ساڵی ١٩٩٣ پەکەکەی خستووەتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەیەوە.
لەدوای ئەڵمانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٠ی ٨ی ١٩٩٧ پەکەکەی خستە لیستی تیرۆری خۆیەوە، ئەوەش بەڕای بەشێک لە شارەزایان زەمینەی ڕێککەوتنی واشنتۆنی نێوان یەنەکە و پەدەکە بووە لە ساڵی ١٩٩٨ لەسەر دەستی ئەمریکا، تەنانەت جەمیل بایک، هاوسەرۆکی ئێستای کەجەکە لە کتێبی مێژوویەک لە ئاگر، ڕێککەوتنی واشنتۆن وەک فاکتەرێکی سەرەکیی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ و بەدیلگرتنی ڕێبەر ئۆجالان وەسف دەکات.

بەڵام دوای ٣٣ ساڵ لە کوژرانی ئۆڵف پاڵمە، دادگای سوید لە ساڵی ٢٠١٩ کەیسەکەی داخست و ڕەتیکردەوە، پەکەکە و کورد هیچ پەیوەندییەکیان بە دۆسیەی کوشتنی پاڵمەوە هەبێت، داخستنی دۆسیەکەش بەپاساوی ئەوەبوو کە بکوژی ڕاستەقینەی پاڵمە ساڵی ٢٠٠٠ خۆی کوشتووە.
لە هەناوی ئاشتییەوە یەکێتی ئەوروپا پەکەکە دەخاتە لیستی تیرۆر
ساڵی ٢٠٠٢ یەکێتی ئەوروپا پەکەکە دەخاتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ئەمە خاڵێکی سەرنجڕاکێشە، چونکە ئەوکات پەکەکە ئاگربەستی بەرامبەر تورکیا ڕاگەیاندبوو، تەنانەت بڕیاری کشاندنەوەی گەریلای دابوو بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان و ناردنی گروپی ئاشتی لە ئەوروپا و چیاوە بۆ تورکیا، وەک نیازپاکی بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی.
جەمیل بایک، لەو بارەیەوە دەڵێت: سەرۆک لە دادگای ئیمراڵیی هەوڵیدا زەمینەی چارەسەریی خۆش بکات، لەسەر ئەو بنەمایەش شەڕی ڕاوەستاند و هێزەکانی گەریلاشی بۆ باشوور کشاندەوە، ئەوەش لەپێناو ڕاکێشانی تورکیا بۆ سەر ڕێچکەی چارەسەریی ئاشتیانە، دواتریش سەرۆک داوایکرد گروپی ئاشتی بچنە تورکیا، لەسەر ئەو بنەمایە گروپێک لە ئەوروپا و گروپێکیشمان لەناو گەریلاوە نارد بۆ تورکیا، بەڵام ئەوانەی پیلانگێڕییان ئەنجامدابوو نەیاندەخواست چارەسەریی پێشبکەوێت.

ساڵی ٢٠٠٢ پەکەکە لە کۆنگرەی هەشتەمی خۆیدا ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ “کۆنگرەی ئازادیی و دیموکراتی کوردستان-کادەک”، ساڵی ٢٠١٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا پێداگیریی کرد لەسەر هێشتنەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا و ڕایگەیاند: ئەگەر ناویش بگۆڕن لە لیستی تیرۆر دەرناهێندرێن.
لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەییش، جگە لە تورکیا هیچ وڵاتێکی دیکە پەکەکەی بەفەرمیی نەخستووەتە لیستی تیرۆری خۆیەوە.
بۆچوونی ڕێبەر ئۆجالان لەسەر بەتیرۆر ناساندنی پەکەکە
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە پارێزنامەکانی ئیمرالییدا باس لە بە تیرۆر ناساندنی پەکەکە دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو، کە بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت یەکێتی ئەوروپا پەکەکەیان خستە لیستی “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان” ئامارەکانی شەڕ قورستربوون و بەدیهێنانی چارەسەرییش بەوهۆیەوە چەقی بەستووە.

وەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی پەکەکە بخاتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپاوە، دەتوانین بڵێین نیوەی تورکیای بەخشییە وڵاتانی ئەوروپی، لەکوێ ناوەندێکی پەکەکە بکرایەتەوە، بەهەمان سیاسەتەوە ڕوویان لەو شوێنە دەکرد.
“ئەوەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بۆ قوبرسیان کرد، ئەگەر لەسەدا یەکیان بۆ کێشەی کورد بکردایە، تورکیایەکی نوێ دەهاتە ئاراوە، بەڵام خۆیان لەو پرسە بەدوورگرت” ڕێبەری گەلی کورد وا دەڵێت.
هەوڵەکانی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر
ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی ئەوروپا، كە بارەگای لە شاری ستراسبۆرگە، یەكێكە لە دەزگا باڵاكانی ناو كۆنسەی یەكێتی ئەوروپا، ساڵی ٢٠١٣ لە كۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنەکەدا، ئەرتۆغرۆل كۆركچو، پەرلەمانتاری ئەوکاتی بەدەپە پێشنیازێكی پێشكەشی ئەنجومەنەكە كرد و داوای كرد، كۆنسەی ئەوروپا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا لەبارەی توركیا، لەجیاتی بەكارهێنانی دەستەواژەی “تیرۆرست” بۆ ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەستەواژەی “چالاكوانانی پەکەکە” بەكاربهێنێت، هەروەها لە جیاتی “هێرشی تیرۆرستی” دەستەواژەی “شەڕی نێوان پەكەكە و حكومەتی توركیا” بەكاربهێنێت.
ساڵی ٢٠١٤ کۆشکی سپی ئەمریکا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ڕاپرسییەکی ڕاگەیاند، کۆشکی سپی ڕاگەیاندبوو ئەگەر ١٠٠ هەزار کەس بەشداریی لە ڕاپرسییەکەدا بکەن و دەنگ بە دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر بدەن، ئەوا ئەو پرسە دەخاتە کارنامەی ئیدارەی ئۆباماوە، بەڵام دواتر هیچ ئەنجامێکی ڕاپرسییەکە ڕانەگەیەندرا.
هاوکات ساڵی ٢٠١٦ لە کۆنگرەی پارتی سۆسیالیستی دانیمارکدا بڕیاردرا کاربکەن بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.
ساڵی ٢٠١٨ دادگای دادی ئهوروپی بڕیارێكی سەیری لەبارەی پەکەکەوە دەرکردە و جارێکی دیکە پەکەکەی لە لیستی تیرۆردا هێشتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە دادگاکە لە هەمان دانیشتندا ڕایگەیاند: لهنێوان ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ هێشتنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە لیستی تیرۆر ناحهقی بووە”.
لە ساڵی ٢٠٢٠یش بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کورد و سۆسیال دیموکراتەکان لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ئۆڵف پاڵمەدا کۆنفرانسی پاڵمە و کوردیان بەڕێوەبرد، دەرەنجامی کۆنفرانسەکەش داوا کرا پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێندرێت.
ڕۆژی ٤ی ١١ی ٢٠٢١یش پەرلەمانی بەریتانی هەبوونی قەدەغەی لەسەر پەکەکە خستە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەوە، لۆید ڕوسیل مۆیل، سەرۆکی فراکسیۆنی هەموو حیزبەکانی پەرلەمان (ئەی پی پی جی) وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا پەکەکەی وەک نوێنەری گەلی کورد ناوبرد و داوای کرد، پەکەکە لە لیستی “تیرۆر” دەربهێنرێت و بڕیاری دادگای بەلجیکا، کە رایگەیاندبوو ‘پەکەکە حیزبێکی ڕەوایە’ بەبیرهێنایەوە.

هاوکات، پەرلەمانتارانی دیکە داوای هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکەیان کرد و پرسی گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیشیان خستە بەرباس.
سەرباری ئەوانەش، ڕەوەندی کوردیی لە ئەوروپا بەردەوام لە چالاکیی مەدەنییدا بوون بۆ دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆری وڵاتان و هەمیشە بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی فشار لەوپێناوەدا.
ش. ف