تێکۆشانی ژنان لە باشوردا چیی بەدەستهێناوە؟

سەرەڕای ئەو ئاستەنگییانەی لەبەرامبەریاندا دورست دەکرێت، ژنانی باشوری کوردستان دەستەو وەستان نەبوون و گەلێک دەستکەوتیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا بە دەستهێناوە، جێگاگرتنیان لەناو هێزە سەربازییەکان، پەرلەمان، ڕێخراو، کەرتی ئابووریی نمونەی ئەو دەیان دەستکەوتەن.


دەستکەوتەکانی ژنانی باشوری کوردستان لە ڕووی سیاسیی، ئابوریی، سەربازیی، ڕێکخراوەیی و  چەند لایەنێکی دیکە لە دۆسییەکدا ڕوون دەکەینەوە.

سەردەمی پێشمەرگایەتی ژنان و کارکردنیان لەناو شار و شاخدا

خەباتکردن و تێکۆشانی ژنان بە هۆی سەرهەڵدانی ڕۆژئاوا و بەشداری کارای ژنان لە ئێساتداهەنگاوێکی ئاساییە و بە بەراورد بە ڕابردوو، کە زیاتر دەچووە قاڵبی ڕێچکە شکاندنەوە، بە تایبەت ئەو ژنانەی کە لە بواری کاری ڕێکخستنیدا ڕۆڵییان هەبووە، کە یەکێک لەو ژنانە لەیلاقاسم بووە.

لەیلا قاسم، یەکەمین ژن بوو کە لە مێژووی عێراقدا لە سێدارە درابێت،  کە خەڵکی شارۆچکەی خانەقین بووە، دوای تێکەڵبوونی بە سیاسەت دەبێتە پێشمەرگە، دواتر دەگەڕێتەوە بەغدا و درێژە بە کاری ڕێکخستنیی خۆی دەدات و لە ئەنجامدا لە ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لەیلا قاسم و چوار لە هاورێکانی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سێدارە دران و تا ئێستاش تەرمەکەی لە نەجەفە نەگەڕێندراوەتەوە باشوری کوردستان.

ژنان لە ڕابردوودا و لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا ڕۆڵیان هەبووە و توانیویانە جێدەستیان لەو تێکۆشانەدا دیارییبکەن بە تایبەت لە کاری ڕیکخستنی، بەڵام ئەوەی کە جێگای تێرامانە لەو تێکۆشانەدا، قۆناغی شەڕکردندا ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبووە و زیاتر لەگەڵ هاوسەر و کەسوکارییاندا لە شاخدا ماونەتەوە.

زیاتر هەوڵدانی ژنان لە چوارچێوەی خەباتی ڕێکخستنی ناوشاردا بووە، بە حوکمی ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا کەمتر گومان خراوەتە سەر ژنان.

لەیلا عەبدوڵا، کە ژنە پێشمەرگەیەکی دێرینە، کە لە ساڵانی هەشتاکاندا کاری ڕێکخستنیی کردووە و بۆ ماوەی چوار ساڵیش لەگەڵ هاوسەرەکەی چووەتە شاخ، لەبارەی ڕۆڵی ژنانەوە لەو سەردەمەدا وتی: ژنان لە شاخ و لە شاردا ڕۆڵیان هەبووە و چارەسەری برینداران و کاری ڕیکخستنییان دەکرد، ئەگەرچی لە شەڕدا نەبوون و ئەگەریش بووبیت زۆر بە کەمیی، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم سەرکەوتنە و دەستکەوتەکان دەگەڕێتەوە بۆ تواناکانی ژنان.

 

له ٢٦ ساڵی ڕابردوودا پێنج خولی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدراوه‌

یه‌كه‌مین ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانیی لە هەرێمی کوردستان له‌ ١٩/٥/١٩٩٢ به‌سه‌رپه‌رشتیی و چاودێریی نوێنه‌رانی چه‌ندین ڕێكخراوی بیانیی له‌ بواری مافی مرۆڤ و دیموكراسیی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی وڵاتانی ئه‌وروپا و رۆژنامه‌نووسانی بیانی ئه‌نجامدرا، كه‌(٩٦٧٢٢٩) ده‌نگده‌ر به‌شداریان تێدا كرد.

لەو خولەدا و وەک یەکەمین دەستکەوتی باشوری کوردستان لە خولی پەرلەمانیدا ١٠٤ ئەندام بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتن کە ٨ ئەندامیان ژن بوون و لە خولەکانی دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەم بوون بە ئەندام پەرلەمان ڕێژەکەی بەرزبوویەوە، کە لە کۆتا خولدا لە کۆی ١١١ کاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ٣٦ ئەندامی ژن-ی تێدایە.

ئەوەی جێگای رەخنەی جدییە، لەدوای ٢٦ ساڵ لە حوکمڕانیی هەرێم، هێشتا لە ئیدارەدانی حکومەتدا ژنان پەراوێزخراون و لە ناوەندەکانی بڕیاردا جێ ناگرن، بەشێوەیەک لە کۆی ٢١ وەزارەت و ١٠ دەستە تەنیا یەک وەزیری ژن هەیە.

فەوجی سەربازیی ژنان لە ١١/١١/١٩٩٦ دامەزراوە

فەوجی ژنان، یەکەمین فەوجی سەربازیی ژنانە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، کە لە١١/١١/ ١٩٩٦ بە بیرۆکەی چەند ژنێک و بریاردانی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان دامەزرا و لەو ساڵەوە تا ئێستا ژمارەیان ٥٠٠ پێشمەرگە دەبێت، کە دەکەوێتە سەر هێزەکانی حەفتا و پشتیوانیی دوو.

لە ساڵی ٢٠٠٣-وە ژنان لەناو ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆدا جێگایان گرتووە و ئەرکی پاراستنی شێڵتەری ژنانیان لە سەرە، هەروەها هێزی ژنان لە هەندێک لە شەڕەکاندا بەشدارییان کردووە، بەنمونە شەڕی لەناوبردنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ لە هەردوو میحوەری خانەقین و کەرکووک و شەڕی داعش لە هەردوو میحوەر و دواجاریش شەهیدێکیان هەبوو ناوی نەقیب ڕەنگین بوو.

ناهیدە ئەحمەد  فەرماندەی فەوجی دووی ژنان دەربارەی ڕاهێنانەکانی فەوجی ژنانەوە وتی: لەسەرەتاوە لەلایەن پیاوانەوە ڕاهێنانمانپێکرا و دوای پێگەیاندنی ئەفسەرەکانمان ئیدی ژنان ڕاهێنان بە ژنان دەکەن، ئامانجیشمان گەورەکردنی ئەم هێزەیە بۆ لیوا.

 

هێزێکی نوێی ژنان لە شەنگال دامەزرا

دوای ئەوەی لە ٣/ئاب/٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق هەڵهات و شەنگالی بۆ چەتەکان بەجێهێشت، گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل و یەژاستار خۆیان گەیاندە شەنگال بۆ ڕزگارکردنی خەڵک و ناوچەکە، دواتر بە هەستکردن بە گرنگیی هێزی پاراستنی جەوهەریی بۆ پاراستنی خۆیان، گەنجانی شەنگال یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال (یەکینەکانی ژنانی شەنگال)-یان دامەزراند و خۆیان ڕێکخست، پاشان داوایان لە فەرماندەیی هەپەگە کرد بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات، یەژەشە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت و بە هەزاران شەڕڤانی ژن لەناویدا جێگا دەگرن.

 

ژنانی باشور لە ڕیزی هێزەکانی گەریلا و شەڕڤاندا

هەروەها، ژنانی باشوری کوردستان تەنیا لەناو هێزی پێشمەرگە و یەژەشەدا جێگا ناگرن، بەڵکو بە سەدان ژن لەناو ڕیزەکانی گەریلا و شەڕڤانانی یەپەژە دا جێگا دەگرن و شەهیدیان داوە، بە نمونە داستینا قەندیل، ڤیان سۆران، کانی دەنیز، بێریڤان شەنگال و دەیان ژنی دیکە، کە لە باشوری کوردستان و پارچەکانی دیکەی وڵات شەهیدبوون.

هەروەها ژنان ئەرکی هاوسەرۆکایەتیی بزوتنەوە و لایەنی سیاسییان وەرگرتووە، بە نمونە شیلان شاکرد، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و شیرین موراد، هاوسەرۆکی بەرەی دیموکراسیی گەل.

لایەنی ئەرێنیی و نەرێنیی یاساکانی تایبەت بە ژنان

هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەناو یاساکانیدا هەندێک یاسای تایبەت بە ژنانی دەرکردووە و گۆڕانکاریی لە هەندێک یاسای عێراقییدا کردووە، چه‌ند جارێک گۆڕانکارییان له‌ یاسای باری که‌سێتی-دا کردووە، گۆڕانی یه‌که‌م له‌ ساڵی ٢٠٠٨، گۆڕانی دووه‌م له‌ ساڵی ٢٠١٥، له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مانیشدا چه‌ن گۆڕانکاریه‌کی بچوک-یان له‌ هەمان یاسادا کرد.

لەو بارەیەوە شۆخان حەمە ڕەشید پارێزەر و ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی، وتی: چه‌ند گۆڕانکاریه‌کیان له‌ یاسای سزادانی عێراق کردووه‌ و چه‌ند مادده‌یه‌ک وه‌ستێندراوه‌، که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ژنان بووه‌ وه‌ک مادده‌ی 409 که‌ هاندانی ژنان بووه‌ بۆ خۆکوشتن یاخود کوشتن به‌ناوی شه‌ره‌فه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، که‌ هێشتا‌ کۆمه‌ڵێک یاسا و مادده‌ له‌ یاسایی سزادانی عێراقی و باری که‌سێتی گۆڕانکاری تێدا نه‌کراوه‌، که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ژنان نییه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و ماددانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ میرات و شاهیدیی ژنه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت گۆڕانکاریی تێدا کرێت.

ژن و ئابووریی

ژنان سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگییانه‌ی بۆیان دروستده‌کرێت، جیاواز له‌ ئه‌رکی ماڵه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ، به‌شدار ده‌بن له‌ کارکردن له‌ که‌رتی گشتیی و تایبه‌تدا بۆ په‌یداکردنی بژێویی ده‌سته‌به‌رکردنی ئابورییه‌کی سه‌ربه‌خۆ، هەروەها بوون بە خاوەن پرۆژەی ئابووریی بە سەدان پرۆژە و شوێن کار هەیە، کە ژن خاوەنییەتی.

ژن و کاری ڕێکخراوەیی

ژنانی لە زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییدا جێگا دەگرن و  بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ١٨٧ ڕێکخراو و ناوەندی دژی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان هەن، ٣٠ لەوان لە دهۆک، ٩٧ لە هەولێر و ٥٥ لە سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەرین و ٥ دیکەش لە هەڵەبجەن، هەبوونی ئەو رێکخرا و ناوەندانە دەستکەوتن بۆ ژنان، بەڵام چالاکبوونی ئەو ڕێکخراوانە بەجۆرێک، کە بتوانێت ڕێگە لە نەهێشتنی توندوتیژیی بگرێت و تەنانەت نەشیتوانییوە ڕێژەکان کەم بکاتەوە و جێگای ڕەخنەیە، هەروەها سەرجەم ئەو ناوەندانە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە نابرێن و بە دەیانیان لەلایەن پیاوانەوە سەرپەرشتیی دەکرێن، ئەمەش نیگەرانیی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەگەرچی باشوری کوردستان، بۆ هەر یەک لەم دەستکەوتانە قوربانی زۆری داوە و بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بە گەلێک قۆناغی شەڕ و هێرشە جۆربەجۆرەکاندا تیپەڕیوە و قوربانی گیانی و ماڵیشی لەو پێناوەدا داوە، بەڵام هاوکات توانیوییەتی لە پاڵ هەر یەک ئەو دەستکەوتانەشدا ڕوڵی ژنان بەرجەستە بێت و ڕابردوو و دژوارییەکان بەرامبەر بە ژنان بڕەوێتەوە.

س.ح