ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەکەکەیە، هاوکات تەڤگەری ئاپۆیی پێدەنێتە ٥٠ساڵەی تێکۆشانی خۆیەوە، ئەو شۆڕشەی لە قەراغ چووبووکەوە ڕێبەر ئۆجالان و چەند گەنجێک دژی داگیرکاریی هەڵیانگیرساند، ئەمڕۆ کوردستانی کردووە بە ناوەندی چارەسەری کێشەی گەلان و ژنانی کوردی گەیاندووەتە ئاستی پێشەنگایەتی شۆڕشی ئازادیی و لەدژی دەوڵەت-نەتەوە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی وەک مۆدێلی چارەسەری پێشخستووە.
لە زستانی ١٩٧٣دا، بۆ یەکەمجار عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، لەگەڵ هاوڕێیانی حەقی قەرار و کەمال پیر کە لە نەتەوەی لازن لەماڵێکدان، دەگات بەو ڕاستییەی کە بڵێت ” کوردستان داگیرکراوە” بۆ جاری یەکەم حەقی قەرار و کەمال پیر ئەم ڕستەیە دەبیستن، بەمجۆرە بەشداری ئەو ڕاستییە دەبن، دواتریش لەسەر بنەمای ئەم تێگەشتنە کۆبوونەوەی چووبووک دەبەسترێت، لەو گرووپەدا پێنج لاوی کوردیش هەن، کە بەم جۆرە گرووپی ئاپۆیی دادەمەزرێت، تەواوی پێشکەوتنەکانی کوردستان لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە پەیجوردەبێت و خەبات و تێکۆشان لەدژی “داگیرکاریی” بیچمدەگرێت.
چەمکی دەستنیشانکراو لەیەکەمین دەرکەوتنی ڕێبەرایەتیدا “داگیرکارییە”، چەمکی سەرەکی لە دووەمین دەرکەوتندا بوو بە “گەریلایی” لە سێیەمین دەرکەوتنیشدا چەمکی سەرەکی “دیموکراتیکبوونە”، پێشکەوتنێک کە لەسەر بنەمای “کوردستان داگیرکراوە” خۆی نیشاندا، بەتێڕوانینی “بەرخۆدانی گەریلایی” خۆی گەیاندە هێڵی ستراتیژیی و تاکتیک، هەروەها بە پێشخستنی ” چارەسەری دیموکراتیک” لە لایەک تیۆری و تاکتیکی تێکۆشان، لەلایەکیتر شێوازی نوێی چارەسەریی پرسی کوردی خستەڕوو.
دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، هەر زوو درک بەوەدەکات، کە بەرامبەر ئەم گرووپە ئایدۆلۆژییە، هێزە نەتەوەپەرستە کوردییە دواکەوتووەکان و ڕیفۆرمخوازەکان شکستیانهێناوە، دوای بەهاری ١٩٧٧ کەوتنە وێزەی ئەو گرووپە نوێیە و لە ڕێگای سیخوڕەکانەوە هێرشەکانیان بەڕێوەدەبرد، لە ١٨ی گوڵانی ١٩٧٧دا لە شاری دیلۆک، یەکێک لە کادیرە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئاپۆیی شەهید دەکەن، بە ناوی حەقی قەرار.
حەقی قەرار دەبێتە یەکەم شەهیدی ئەم تێکۆشانە، ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “حەقی قەرار ڕۆحی شاراوەی منە”، هەربۆیە لە تۆڵەی خوێنی ئەو، تەڤگەری ئاپۆیی قەڵەمبازێکی مێژوویی دەنێت و لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەربە ئامەد، یەکەم کۆنگرەی بە پارتی بوونی خۆی دەبەستێت و لەژێر ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، درێژە بە ڕێبەرایەتی شۆڕشی ئازادیی دەدات.
تا ئەمڕۆش ٤٩ ساڵە لە کوردستان، بە پێشەنگایەتی پەکەکە و ڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان، شۆڕشی ئازادیی بەڕێوەدەچێت، ڕێبەر ئۆجالان ئەو شۆڕشەی وەک ‘شۆڕشی ڕاستی’ پێناسە کردووە.
دەستکەوت و کاریگەرییە دیارەکانی شۆڕشی ئازدیی پەکەکە و تەڤگەریی ئاپۆیی
دەرکەوتنی پەکەکە و ڕێبەرایەتی لە کوردستان بۆخۆی شۆڕشێک بوو، شۆڕشی مرۆڤی ئازاد، کۆمەڵگەی کورد دەستی بە قۆناغێکی نوێ کردووە، بۆ ئەوەش ٤٩ساڵە لە کوردستان شۆڕشی ئازادیی بەڕێوەدەچێت، چیتر کورد خاوەنی پارت، دۆز، فەلسەفەی و هێزی پاراستنی ڕەوای خۆیەتی، پێگەی سیاسی بۆ گەڕاوەتەوە و خاوەنی سیستمی جێگرەوەیە بەرامبەر بە پرۆژە و سیستمەکانی، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و هێزە هەژموونگەراکان.
هەڵوەشاندنەوەی سنوورە دەستکردەکان
پەکەکە، سنورە دەستکردەکانی دەوڵەت-نەتەوەی هەڵوەشاندەوە، کە لەسەر نیشتمانی کوردستان کێشاویانە، واتا لە فەرهەنگ و دروشم و تێکۆشانی خۆیدا شۆڕشی پاککردنەوەی زیهنی ئەنجامداوە، لەدژی سیاسەتی پەرتکردن و پارچەگەریی و سنوورە دەستکردەکانی دوژمن، ئەمڕۆ لە بری، کوردستانی عێراق، ئێران، تورکیا، لە زمان و فەرهەنگی گەلی کورددا، باکور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان جێگای باسە، کە گەریلا و شەرڤانانی ئاپۆیی لە هەموو گۆشەیەکی ئەو نیشتمانەدا هەن و شۆڕشی ئازادیی بەڕێوەدەبەن.
پێشخستنی مۆدێلی چارەسەریی
ڕێبەر ئۆجالان لەدەرەوەی دەسەڵات و دەوڵەت، وەک خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگە و مۆدێلی چارەسەریی “خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی” دەستنیشانکردووە، “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی” کەبەستراوە بە بەستەری کۆمەڵایەتییەوە، ئەم سیستمە لە ئێستادا لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال بە سەرکەوتوویی بەرجەستەکراوە و لەلایەن زۆربەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، وەک سیستمی بەدیل خواستی لەسەرە.
ناسنامەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
کاریگەریی ڕێبەر ئۆجالان و پەکەکە، لە تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، وەک گوتار و کردار لە دوو ڕەهەندەوەیە، هێڵی سۆسیالیزمی دیموکراتیک و تییۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ئازادیی کوردستان و دیموکراتیزەبوونی تورکیای وەک گۆشت و ئێسک بەیەکەوە بەستووەتەوە، فۆرمولەی “کوردستانی ئازاد، تورکیای دیموکراتیک” بەهەمان شێوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش تەواوە، بە ئازادیی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، دیموکراسی ڕاستەقینە گەشەدەکات، ڕێبەر ئۆجالان لەمبارەیەوە دەڵێت “کوردی ئازاد، ناسنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێیە”.
شۆڕشی ژن
هەر لە سەرەتاوە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافی ژنان، بەشێک بووە لە نەخشەڕێی سیاسیی پەکەکە، لە ناوەڕاستی هەشتاکان و هاتنە پێشەوەی ئەم پارتە بۆ گۆڕەپانی سەربازیی ژنان شانەوشانی پیاوان، چەکدار بوون، ئەو ژنانەى لە کۆمەڵگەی چەقبەستوویی و پیاوسالاریی کوردستان هەڵهاتبوون پەروەردەی سەربازیی، ئایدۆلۆژیی و فکرییان بینی و تا ئاستی پێشەنگایەتیکردنی شۆڕش ڕۆشتن.
ڕێبەر ئۆجەلان پێی وابوو ژنان لە بن فەرمانڕەوایی سیستەمی باوکسالارانەی سەرمایەداریی و دەوڵەت- نەتەوەدان، ئەو ژنان بە ”یەکەمین نەتەوەی کۆتکراوی مێژوو”، دەزانێت و دەڵێت: ”لە دڵی خۆمدا دەموت: ژن نیشتمانێکی داگیرکراوە و دەبێت ئازاد بکرێت”دواجار ئەو خەیاڵە لەناو پەکەکەدا بوو بە ڕاستی لە ژێر دروشمی ” ژن ژیان ئازادیی” کە تا ئەمڕۆش ئەو دروشمە لەسەر زارانە و لە شەقامە گەورەکانی جیهان دژی ستەمی دەوڵەت-نەتەوە دەنگدەداتەوە.
گەریلای ئازادیی
یەکێکی دیکە لە دەستکەوتە هەرە بنەڕەتی و گرنگەکانی ئەم شۆڕشە گەریلای ئازادییە، کە بوونەتە هێڵی تێکۆسانی فیدایی لە پێناو کوردستان، ئەم هێڵە ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر پێشدەکەوێت و لەبەرامبەر هێڵی خیانەت و داگیرکاریی دەجەنگێت، لە کوێدا مەترسی هەبێت بۆسەر کوردستان گەریلا لەوێیە، وەک چۆن دوێنی گەریلا لە کۆبانێ، شەنگال، کەرکوک بۆ پاراستنی کوردستان لەسەنگەردابوون و بەرخۆدانیان دەکرد، ئەمڕۆش لە چیا ئازادەکانی کوردستان، بەرخۆدانێکی مێژوویی و بێ وێنە بەڕێوەدەبەن لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی هێڵی خیانەت.
هـ. ح