حکومەتی هەرێم بۆ پێکنایەت ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کێدایە؟

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکنایەت، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کێدایە؟ ئەمە ئەو پرسە گەرمەیە کە لە ئێستادا لەسەر زاری زۆربەی خەڵکی باشوری کوردستانە، هەرسێ لایەنە سەرەکییەکەی براوەی هەڵبژاردن (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی هۆکاری دواکەوتنی پێکنەهێنانی حکومەتن، ڕۆژنیوز لەم شیکاریەدا هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەت و وادەی پێکهێنای حکومەتەکە ئاشکرا دەکات.


ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، ئێستا ٢١٤ ڕۆژ بەسەر ئەو بەروارەدا تێپەڕ بووە، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە، هەر یەک لە (پارتی، یەکێتی وگۆڕان) کە سێ لایەنە سەرەکییەکەی براوەی هەڵبژاردنن یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی هۆکاری دواکەوتنی پێکنەهێنانی حکومەتن و بۆ ئەوەش هەر جارە و لایەنێک دەبێتە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت ئەوەش بەهۆی ململانێ و ركابه‌ریی له‌سه‌ر وەرگرتنی پۆست و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر.

گفتوگۆکان لە کوێوە بۆ کوێ؟

ئەگەرچی بەوپێییەی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، لە هەڵبژاردندا توانی ٤٥ کورسی پەرلەمان لە خولی پێنجەم بەدەست بهێنێت، وا چاوەڕوان دەکرا کابینەی نوێی حکومەت زوو پێکبهێنرێت، بەڵام هەر زوو پێشبینیەکان پێچەوانە بوونەوە کاتێک هیچ کام لە لایەنە براوەکان وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن مامەڵەیان نەکرد و بەڵکو سەرجەم لایەنەکان دەیانویست لەوە زیاتریان بەربکەوێت کە لە هەڵبژاردندا بە دەستیانهیناوە.

پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەسەرەتاوە بە گەرموگوڕیی دەستی بە دانوستان كرد‌ خواستیبوو لە كورتترین ماوەدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت، هەربۆیە لە دوای زیاتر لە سێ مانگ لە هەڵبژاردن پارتی لە ١٨ی شوباتتدا ڕێکكەوتنێکی سیاسی لەگەڵ گۆڕان کرد بۆ چوار ساڵی داھاتووی حکومەتی ھەرێم و بەپێی ڕێککەوتنەکەش جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ گۆڕان بوو، ئەوەش کاردانەوەی یەکیتی نیشتمانی کوردستانی بەدوای خۆیداهێنا و هەر زوو یەکێتی داوای ئەوەی لە پارتی کرد کە پارتی چاو بەڕێککەوتنەکەدا بخشێنێتەوە و جێگرێکی سەرۆکی هەرێمیش بدرێت بە یەکێتی.

هۆکاری پەککەوتنی گفتوگۆکان

بەوهۆکارەی لە سەرەوە باسکرا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بۆماوەیەک پەکیان کەوت و هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و پارتیش یەکێتییان بە هۆکاری دواکەوتنی کابینەکە تۆمەتبار کرد و بە پێچەوانەشەوە یەکێتی ئەو دوو لایەنەی بەهۆکار دەزانی، تا کار گەیشتە ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم،ڕایگەیاند، زۆر ئارامیان گرتووە و دەرفەتی زۆریان بەلایەنەکان داوە، بەڵام "لە ئەمڕۆوە یەک چرکەی دیکە چاوەڕێ ناکەین".

دوای ئەوە پارتی لەگەڵ یەکێتی بەشێوەی زارەکی ڕێککەوتن بۆ ئەوەی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم زیاد بکرێت لەبەرامبەریشدا دەوترێت گۆڕان بەو مەرجە ڕازیبووە ئەو جێگرە زیاد بکرێت کە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە یەک بگرێتەوە.

هەر دوای چەند ڕۆژێک لە وتارەکەی مەسعود بارزانی، کە وتی: یەک چرکەی دیکە چاوەڕێ ناکەن، پێچەوانەی ئەو لێدوانە نێچیرڤان بارزانی برازای و کاندید بۆ سەرۆکی هەرێم، دوای چەند مانگێک لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت وتی:"ئەو دوا کەوتنە ئاساییە".

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کێیە؟

ئێستا و دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە پێکنەهێنانی حکومەت، ئەگەرچی پارتی هەموو گرێكانی گۆڕان ‌و یەكێتی لەبەردەم پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كردەوە، بەڵام ئێستا هەر یەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی تۆمەتبار دەکەن بەوەی خۆی بووەتە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و تۆپ لە گۆڕەپانی ئەوە، بەشێک لە بەرپرسانی ئەو دوو لایەنەش سستی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەگەڕێننەوە بۆ ناکۆکی نێوان دەسەڵاتەکانی مەسرور بارزانی، کاندید بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی کاندید بۆ سەرۆکی هەرێم.

ناکۆکییەکانی نێچیرڤان و مه‌سرور بارزانی لەمپەرن؟

به‌پێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز ناکۆکییەکانی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر دۆسیەی نەوت و پۆسته‌كانی وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كان و وه‌زیری ناوخۆ و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشە و بۆ یەكەمجاریش بە فەرمی دەرکەوتنی (ئارین) کوڕی مەسرور بارزانی، لە هۆڵێکی وەرزشیدا لە هەولێر، پەیوەندی بەو ناکۆکیانەوە هەیە و وا لێکدەدرێتەوە کە ئەوە بەدیلی (ئیدریس) کوڕی نێچیرڤان بارزانیە کە پێشتر زیاتر ئەو لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەردەکەوت، بۆیە ناکۆکییەکانی نێچیرڤان و مه‌سرور بارزانی بە لەمپەر دەزانرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت.

واددەی پێکهێنانی حکومەت کەیە؟

ئێستا لەگەڵ ئەوەی بەوتەی پێشتری، وتەبێژی پارتی بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا ڕێککەوتنی کۆتایی لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان بکرێت، بەڵام ئەم هەفتەیەش کۆتایی هات و ئەو ڕێککەوتنە نەکرا، هەر بۆیە چاوەکان لەسەر هەفتەی داهاتووە بۆ ئەوەی ئەو سێ لایەنە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕێکبکەون.

بەپێی بە دودا چوونی ڕۆژنیوز، ئەگەر هەفتەی داهاتوو ئەو سێ لایەنە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕێکبکەون، ئەوا هەفتەی داهاتووتر واتا ناوەڕاستی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یەکلا دەکاتەوە و دەنگ لەسەر کاراکردنەوەی دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم دەدات و ئەوکاتە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە دەنگی پێبدەرێت، دوای ئەوەش دەست دەكرێت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم کە ئەو پرۆسەیەش رێکارە یاساییەکانی 15 ڕۆژی پێویستە بەو پێیەش ئەگەرهیچ بەربەستێک نەبێت ئەوا ناونان و ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكی حكومەت دەکەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو کە بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمانی كوردستان، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، ماوەی (30)ی ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەکەی بەوپێیەش ئەگەر هیچ بەربەستێک نەبێت پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و متمانەدان بە وەزیرەکان دەکەوێتە سەرەتا یان ناوەڕاستی مانگی تەموز.

دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆ ڕیکۆرد دەشکێنێت

خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ٢١/٩/٢٠١٣ ئەنجامدرا، ١٨/٦/٢٠١٤ حکومەت لەپەرلەمان متمانەی وەرگرت بەو پێیەش پێکهێنانی حکومەت نزیكەی نۆ مانگی خایاند، بەپێی بەدواداچوونەکان و هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، ڕیکۆردێکی نوێ تۆمار دەکات و ٩ مانگەکەی کابینەی هەشتەم تێدەپەڕێنێت.

ک.س