ساڵێکە خەڵکی شەنگال لەدژی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، کە ئامانجی بنەڕەتیی بڵاوەکردن بە خۆبەڕێوبەریی شەنگال بوو وەستاونەتەوە، بەهۆی بەرخۆدانی خەڵکی شەنگالەوە ڕێککەوتنەکە چیتر هەڵوەشاوەتەوە.
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمدا تێدەپەڕێت، کە لەنێوان پەدەکە و حکومەتی عێراق و لەژێر فشاری دەوڵەتی تورک و ئەمریکا و بە چاودێریی جێن هێنس پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق واژۆکرابوو، ڕێککەوتنەکە هەرچەند لەنێوان هەولێر و بەغدا کرا، بەڵام زۆرێک لە ناوەندە سیاسییەکانی جیهان ڕۆڵیان تێدا گێڕابوو.
ئامانجی ڕێککەوتنەکە، هەڵوەشانەوەی بە خۆبەڕێوبەریی شەنگال بوو
بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبوو هەموو ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای دیموکراتی، کە دوای فەرمانەکە دامەزرابوون، بڵاوەیان پێبکرێت، وایان دانابوو کە دەستپێک ئەنجومەنی گەلی شەنگال هەڵوەشێتەوە کە واتاکەی هەڵوەشاندنەوە و شکاندنی هێزی جەوهەریی خۆبەڕێوبەریی شەنگال بوو، ئامانجی دووەمیش هەڵوەشاندەوەی ئاسایشی ئێزدیخان بوو، واتا هێزی پاراستنی جەوهەری نەمینێت و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشەش لەناو سوپای عێڕاق بتوێندرێتەوە.
بەرخۆدانی خەڵک ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە
خەڵکی شەنگال ڕێککەوتنەکەیان وەک فەرمانێکی نوێ پێناسە کرد، هەربۆیە قۆناغێکی درێژمەودای بەرخۆدانیان دەستپێکرد.
ئێستا ساڵێک بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە و بەرخۆدانی بێ وچانی خەڵک لە بەرامبەر ئەو ڕێککەوتنە تێدەپەڕێت، هەرچەند پەدەکە و حکومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەوڵیاندا دژی ئیرادەی ئێزدییەکان، ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێی بکەن، لە ماوەی ئەم یەکساڵەدا، قۆناغە جیاوازەکانی هێرش و لە بەرامبەریدا قۆناغی گرنگی بەرخۆدان پێشکەوت، دوایین عەڵقەی هێرشەکانیش لە ڕۆژانی ٢ و ٤ی ئەم مانگە هاتە ئاراوە و پەدەکە ویستی بە هاوکاریی سوپای عێراق هێزە چەکدارەکانی بگەڕێنێتەوە شەنگال، بەڵام دیسان بەرخۆدانی خەڵکی شەنگال ئەو هێرشە و لەگەڵیدا ڕێککەوتنەکەی پوچەڵکردەوە.
چی ڕوویدا؟
– ڕۆژی ١٠ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، خۆبەڕێوبەریی شەنگال کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و هەڵوێستی خۆی دژی ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاند، هەمان ڕۆژ ئەنجومەنی گەلی کۆمەڵگەی زۆراڤا وەک وەڵامێک بۆ ڕێککەوتنەکە دامەزرا.
– ڕۆژی ١١ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، پێکهاتەکانی شەنگال لەدژی ڕێککەوتنەکە ڕێپێوانێکیان کرد و ڕایانگەیاند، کە ئەو بڕیارە لە دەرەوەی ئیرادەی شەنگال دراوە و قبوڵکراو نییە.
– ڕۆژی ١٢ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، شاندێک لە ڕێشسپی، سەرۆک عەشیرەتەکان و نوێنەری ڕێکخراوەکانی شەنگال سەردانی بەغدایان کرد و ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە کاربەدەستانی عێراقی.
– ڕۆژی ١٥ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، ناوەندی یەکێتی کۆمەڵەی ئێزدیان، چەتری ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی، ئەنجومەنی شەنگال لە دەرەوەی وڵات، یەکێتی ئێزدییەکانی سوریا، یەکێتی گەنجانی ئێزدی، ناوەندی چاندی ئێزدیخان، کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی گوندە ئێزدییەکانی باکووری کوردستان، لەدژی ڕێککەوتنەکە، لە بەردەم بینای پەرلەمانی فدراڵی ئەڵمانیا چالاکییان ئەنجامدا.
– ڕۆژی ١٦ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، ژنانی شەنگال بە پێشەنگایەتیی تاژێ، لە ناوچەی سنونێ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند؛ پێویستییان بە پاراستنی هێزێک نییە، کە شەنگالیان ڕووبەڕووی فەرمان کردووەتەوە.
– ڕۆژی ١٧ بۆ ١٩ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، لەسەر داوای دەستەی بەڕێوبەری شەنگال، ئەنجومەنەکانی گەل لە ناوچەکانیان دەستیان بە چالاکیی دژی ڕێککەوتنەکە کرد.
– ڕۆژی ٢١ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، ڕێکخراوی پەروەردەی کۆمەڵگای دیموکراتی ئێزدیخان، لە ڕاگەیەنەدراوێکدا ڕێککەوتنەکەیان شەرمەزارکرد.
– ڕۆژی ٢٣ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکە کێشەکان چارەسەر ناکات.
– ڕۆژی ٢٥ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، خەڵکی شەنگال و تل عزێر، بە هەموو پێکهاتەکانەوە دژی ڕێککەوتنەکە ڕێپێوانیان کرد و لە حەوت خاڵدا داخوازییەکانیان خستەڕوو و داخوازییەکانیان پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد.
– ڕۆژی ٢٥ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، کە بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی خەڵک سەردانی شەنگالیان کردبوو، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەگەڵ پادێ بڵاوکردەوە و داوایان لە پارتەکانی باشووری کوردستان کرد کە هەڵویستی خۆیان لەسەر ڕێککەوتنەکە، ڕوون بکەنەوە.
– ڕۆژی ٣٠ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠، پێکهاتە، سەرۆک عەشیرە و کەسایەتییەکانی شەنگال و دەشتی نینەوا، لەدژی ئاژاواگێڕان و دارەدەستاکانیان و هەروەها بۆ پشتیوانی لە ژیانی هاوبەش و برایەتی گەلان، کۆبوونەوە و لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕێککەوتنەکەیان ڕەتکردەوە.
– ڕۆژی ٨ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، لە ناوچەی سنونێ ڕێپێوانکرا و ڕاگەیەندرا کە خەڵکی شەنگال نایانەوێت ئەو هێزانەی بوونەتە هۆکاری فەرمانەکە، بگەڕێنەوە شەنگال، ڕوو لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ڕایانگەیاند: پێویستە شەنگال خۆی، خۆی بەڕێوەببات.
– ڕۆژی ٩ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، شاندێکی حکومەتی بەغدا، سەردانی شەنگالی کرد و لەگەڵ نوێنەرانی خۆبەڕێوبەری شەنگال کۆبووەوە، هاوکات جەماوەری خەڵکیش گردبوونەوە و هەڵویستی خۆیان دەربڕیی.
– ڕۆژی ١٥ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، شاندێکی خۆبەڕێوبەری شەنگال، تاژێ و پادێ، لە بەغدا چاویان بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت و داخوازەکانیان لە ١٨ خاڵدا پێشکەشکرد.
– ڕۆژی ٢٣ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، مەخەدەشە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دوایین دۆخی شەنگال و پلانەکانی عێراق لەسەر ناوچەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی کۆمەڵگای ئێزدی ئامادەبن، چۆنکە شەنگال لە مەترسیدایە، لەسەر ئەو داوایە، خەڵک لە چوارپارچەی کوردستان و ئەوروپا هاتنە شەقام و پشتیوانیی شەنگالیان کرد.
– ڕۆژی ٢٥ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، حکومەتی عێراق نزیکەی دوو هەزار ٥٠٠ پۆلیسی خۆی گواستەوە بۆ شەنگال و لەسەر سنووری نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان جێگریان کرد.
– ڕۆژی ٢٦ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، یەکێتی گەنجانی ئێزدی و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی، لەدژی ڕێککەوتنەکە و هەوڵدان بۆ داگیرکردنی ناوچەکە، چالاکیی قەڵغانی زیندوویان دەستپێکرد، دوای سێ ڕۆژ و دوای پاشەکشێ عێراق لە جێگرکردنی هێز لە چیای شەنگال کۆتایی بە چالاکییەکە هێندرا.
– ڕۆژی ٣٠ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠، مەخەدەشە لەسەر دۆخی ناوچەکە و دوایین گۆڕانکارییەکان بە شێوەیەکی نائاسایی کۆبووەوە و داوایان لە خەڵکی شەنگال کرد، لە بەردەم ناوەندی ئاسایش گردببنەوە.
– ڕۆژی ١ی مانگی ١٢ی ٢٠٢٠، لەسەر داوای مەخەدەشە، لە شەودا خەڵکی شەنگال، سنونێ و خانەسۆر، چوونە بەردەم ناوەندی ئاسایشی شەنگال، بەیانییەکەی عێراق هێز و زرێپۆشەکانی هێنایە ناوەندی شەنگال و داوای لە خۆبەڕێوبەری کرد کە ناوەندی ئاسایش چۆڵ بکرێت، بەڵام بەهۆی پێداگریی خەڵکەوە، عێراق بڕیارەکەی ڕاگرت.
– ڕۆژی ٢ی مانگی ١٢ی ٢٠٢٠، لەدژی ڕێککەوتنەکە و پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدیخان، خەڵک لە بەردەم ئاسایشی ئێزدیخان لە ناوەندی شەنگال چادراین هەڵدا.
– ڕۆژی ٧ی مانگی ١٢ی ٢٠٢٠، سەدان هاوڵاتیی شەنگال، ڕێپێوانیان کرد و ڕایانگەیاند: ڕێگە نادەین ئەو هێزانەی ئێمەیان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی کردەوە، دیسان بگەڕێنەوە شەنگال.
– ڕۆژی ٣١ی مانگی ١ی ٢٠٢١، دەستەی ڕۆحانیان و سەرۆک عەشیرەتەکانی شەنگال لەدژی هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر شەنگال کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە پێویستە هەموو کۆمەڵگای ئێزدی لەدژی هێرشەکان دەست بۆ چەک بەرن و خاکی شەنگال بپارێزن.
– ڕۆژی ١٠ی مانگی ٣ی ٢٠٢١، دەستەی بەڕێوبەری شەنگال، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ دەستەی ڕۆحانیان، سەرۆک عەشیرەتەکان و نوێنەری ڕێکخراوەکانی شەنگال کرد و ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی مافی خەڵکی شەنگال بە ڕێگەی دانوستان مسۆگەر بکرێت، تا ئێستا سەردانی زۆرێک لە مەرجەعە دینی، حکومی و سیاسییەکانی عێراقمان کردووە، ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە داخوازەکانمان بەرچاو بگرن، بەڵام دیارە کە بەڵێنەکانیان جێبەجێی نەکردووە، ئێمە لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئەگەر بە شەڕ بێنە سەرمان، بێوەڵام نابین.
– ڕۆژی ١٥ی مانگی ٣ی ٢٠٢١، عەبدولئەمیر یارەڵا فەرماندەی گشتی سوپای عێراق، عەبدولئەمیر ئەلشەمری وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و حەمید … نوێنەری کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، سەردانی شەنگالیان کرد و لە بارەگای سەربازیی سوپای عێراق لەگەڵ نوێنەرانی خۆبەڕێوبەری شەنگال کۆبوونەوە، بەڵام دوای ئەوە کاربەدەستانی عێراق هەڕەشەی داگیرکردنی شەنگال، چل مێران، دۆڵی کەرس و زۆرێک لە شوێنە پیرۆزەکانی ئێزییەکانیان کرد، داواشیان لە یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان کرد کە چەک دابنێن و هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر ئەمە تا ١ی مانگی چوار پێکنەیەت، هێرش بۆسەر شەنگال دەستپێدەکەن.
– ڕۆژی ٢٥ی مانگی ٣ی ٢٠٢١، مەخەدەشە لەگەڵ هێزەکان، ڕێکخراوەکان و کەسایەتییەکانی شەنگال کۆبووەوە و ڕایگەیاند: حکومەتی کازمی فشار بۆ دەرکردنی هێزەکانی پاراستنمان دەکات، ئێمە تا ئێستا ڕێگای چارەسەریمان بە بنەما گرتووە، داواش لە حکومەت دەکەین ڕێگای شەڕ نەگرێتە بەر، ئێمە لە هەڕەشەکانیان ناترسین، بەڵام ئەگەر پێداگر بن لەسەر شەڕ، ئێمەش بەرخۆدان دەکەین.
– ڕۆژی ١ی مانگی ٤ی ٢٠٢١، کە عێراق دەیویست بچێتە سەر چیای شەنگال، خەڵکی ئێزدی لە چل مێرا دەستیان بە چالاکیی کرد و ڕێگەیان نەدا شوێنە پیرۆزەکانیان داگیربکرێت، دوابەدوای ئەوەی عێراق هەڵویستی خەڵک و هێزەکانی شەنگالی بینی، بۆ ماوەیەکی درێژ هەنگاوەکانی ڕاگرت، بەڵام بەردەوام بوو لە پلانەکانی لەسەر شەنگال.
– عێراق دوای چالاکییەکانی ئێزییەکان، وتی؛ ئەگەر ئێوە بڕیارەکانمان جێبەجێی نەکەن، دەوڵەتی تورک دەستێوەردانی شەنگال دەکات، دوای ئەوەش هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەستیپێکردەوە، بۆ پێشگرتن لە هێرشەکان، ٢٠ هەزار چەکداری حەشدی شەعبی چوونە شەنگال.
– زۆر جار دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگیی هێرشی کردە سەر شەنگال، لەو هێرشانەشدا، لە ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی شەنگال و تلعوزێر، ڕۆژی ١٦ی ئاب سەعید حەسەن فەرماندەی یەبەشە و ڕۆژی ١٧ی ئابیش، نەخۆشخانەی سکێنی شەنگال کرانە ئامانج، خەڵکی شەنگال و خۆبەڕێوبەریی ئەم هێرشەیان وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکەی ٩ی ١٠ی ٢٠٢٠ پێناسەکرد.
ساڵێک بەسەر ڕێککەوتنەکەی ٩ی ١٠ی ٢٠٢٠ـدا تێدەپەڕێت، لەم ساڵەدا و تا ئێستا، خەڵکی ئێزدی و پێکهاتەکانی شەنگال، ڕێگەیان نەداوە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێی بکرێت، لە ساڵیادی ئەم ڕێککەوتنەشدا، پەدەکە بە بیانوی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، هەوڵیدا هێزە چەکدار و زرێپۆشەکانی بباتە ناو شەنگال، بەڵام کۆمەڵگای ئێزدی ڕێگەی نەدا و لە کۆمەڵگەی گۆهبەل هێزەکانی پەدەکەیان گەڕاندەوە.
ب.ک