دوای ئازادکردنی لە زیندان کوژرا

هاوڵاتییەکی شاری هەولێر دوای ئەوەی بەر لێبووردنی گشتیی کەوت و ئازاد کرا، کوژرا.


ئەمڕۆ لە گەڕەکی هەرشەم٢ لە شاری هەولێر گەنجێک بەناوی کارزان فەرید کوژرا.

لەبارەی ڕووداوەکەوە، ڕائید هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ڕۆژنیوزی وت: دوای ئاگادارکردنەوەمان تیمەکانمان چوونە شوێنی ڕووداوەکە و دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد و تەرمەکەشیان ڕەوانەی پزیشکیی دادوەریی کرد.

بە وتەی هۆگر عەزیز، ئەو دوو تۆمەتبارە هاوڕێی کوژراوەکە بوون و لەکاتی رووداوەکەدا لەگەڵیدا بوون.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد، کە  ئەو کەسەی کوژراوە پێشتر بەهۆی تاوانەوە سزای ٢٥ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام سزاکەی تەواو نەکردووە  و بە لێبوردنی گشتیی ئازاد کراوە.

هۆگر عەزیز، زانیاریی زیاتری لەبارەی کوژراوەکەوە و تاوانەکانی پێشووتری ئاشکرا نەکرد و وتیشی:"تا ئێستا هۆکاری کوشتنەکە نازاندرێت و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین".

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٤٠ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

 

ش.ف